سەردێڕ:

هۆکارەکانی هێرش کردنە سەر هەولێر

PM:03:56:13/03/2022
6908 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+ -

لە ھەولێر سەلامەتترین شوێن کونسولخانەی ئەمریکایە، چونکە ئێران ھەرگیز ناوێرێ توخنی بکەوێ و ھێرشی بکاتە سەر، ئەوەش نەک تەنھا لە ھەولێر و ھەرێمی کوردستان وایە، بگرە لە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەمان وەسف بۆ بالیۆزخانە و ناوەندەکانی بەرژەوەندی ئەمریکا راستە، ئێران ھەرگیز نەیوێراوە راستەوخۆ زیان بە ئەمریکا بگەیەنێ، ئەوەی بە حیسابی خۆی بەرامبەر بە ئەمریکا لە ھەولێر کردی، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سلێمانی کردی، تەنھا موشەکەکانی لە دووری بنکەکانی ئەمریکا فڕێدان و چەند سەربازێکی عێراقی بوونە قوربانی و خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەوت.


ھێرشی ئەوجارەی سەر ھەولێریش ھەر پەیوەندی بە تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی بوو، بەڵام ئەوجارەیان لە رۆژی لە دایک بوونی بوو نەک کوشتنی، رێک لە ھەمان کاتی کوشتنی قاسم سولەیمانیش بوو کاتژمێر ١ و ٢٠ خولەکی شەو.

ئەو ھێرشەی ئێران لە دوای سەرکەوتنی دێ لە بەغدا، بە نزیککردنەوەی موقتەدا سەدر و نوری مالیکی کە ئەگەرێکی زۆر ھەیە، شیعە یەک فراکسیۆنی پەڕلەمانی دروست بکەن و دیسان ببنەوە گەورەترین فراکسیۆن درێژە بەھەمان سیاسەت و شێوازی حوکمڕانی بدەن لە ژێر سێبەر و لە بەرژەوەندی ئێران.

ھۆکارێکی دیکەی ئەو ھێرشانە پەیوەندی بە گۆڕانی ھاوکێشە ئیقلیمی و جیھانیەکان ھەیە، کە لە دوای ھێرشکردنی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروست بوون، لە سەر ئاستی ئیقلیمی تورکیا لە جاران زیاتر بۆتە جێگای بایەخپێدانی ئەروپا و ئەمریکا، دەیانەوێ بە ھەر نرخێک بێت بیکەنە بەشێک لە ستراتیژیەتی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا، ھەروەھا ئەو شەڕە کێرڤی بایەخی وڵاتانی عەرەبیشی بەرزکردۆتەوە و زۆربەیان نیگەرانن لە سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەو دەرفەتە دەیانەوێ ئەمریکا بەو ئاراستەیە ھانبدەن کە ئەوان کاری بۆ دەکەن، ھەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی سیاسی و دەستوری لە ناوچەکەدا جێگایەکی گرنگ دەگرێ لەو ھاوکێشەیەدا، بە تایبەتی کە باس بێتە سەر پرسی نەوت و غازی سروشتی.

ئێران کە ئێستا لە رێکەوتنی لەگەڵ ئەمریکا نزیک بۆتەوە دەربارەی بەرنامە ناوەکیەکەی، و بە کەڵک وەرگرتن لەو دۆخەی ئەمریکا تێی کەوتووە لە بەرامبەر پەلھاوێشتنی سەربازی روسیا و کشانی ئابوری چین، لەلایەک، توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی دۆستەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە تورکیا و وڵاتانی عەرەبین، ھانی ئێران دەدات بە ھەموو شێواز و توانایەوە تا بتوانێ ئەمریکا ناچار بکات بە قبوڵکردنی مەرجەکانی کە گرنگترینیان ھەڵگرتنی تەواوی سزا ئابوریەکانە، ھەروەھا مانەوەی بەرنامەی دروست کردنی موشەکە بالستیەکان، ئێران بەو ھێز و پێگەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دەرەوەی سنوورە فەرمیەکانی خۆی ھەیەتی، کە لە یەمەنەوە درێژ دەبێتەوە تا لوبنان و فەلەستین، دەتوانێ مەترسی بێت بۆ سەر ئەمریکا ھەر کاتێک بیەوێ، ھەروەھا کەلک وەرگرتن لە لاوازی ئیدارەی سەرۆک بایدن کە میراتگری لاوازیەکانی ئیدارەی ئۆبامایە، کە لە ساڵی ٢٠١١ وە لە بەرامبەر ئێران لە پاشەکشێ و شکست لە دوای شکست دایە دوای بڕیاردانی کشانەوەی ھێزەکانی لە عێڕاقدا، ئەوەش دوای چوار ساڵ لە ٢٠١٥ گەیاندیە ترۆپکی شکستەکانی بە ئیمزاکردنی رێکەوتن لەگەڵ ئێران دەربارەی بەرنامە ناوەکیەکەی، کە تا ئیستاش ستراتیژیەتی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پاشەکشێیەکی توند دایە، کە ھەرھەنگاوێک بۆ دواوە دەھاوێژی ئێران ھەنگاوێک دەچێتە پێش.

رەنگە پرسیار بکرێ، ئەگەر ئیران راستەوخۆ ناوێری ھێرش بکاتە سەر ئەمریکا، چۆن ئەمریکا لە پاشەکشێ و ئێرانیش لە پێشڕەوەی زیاتر دایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامەکە ئاسانە، ئێران لە رێگای خۆپاراستنی لە بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا و بەکارھێنانی ھێزە پڕۆکسیەکانی خۆی قازانجی گەورەی کردووە، و ھەموو کاتێکیش دەرفەتی رێکەوتنی ژێر بە ژێری لەگەڵ ئەمریکا ھێشتۆتەوە دەربارە پرسە گرنگەکانی وەک دیاری کردنی حکومەتی عێڕاق، یان شەڕ و ململانێی نیوان ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە تێیدا تەنھا ئەمریکا و ئێران سوودمەندن و ھەموو لایەنەکانی دیکە زیانمەند، ئەوەی دیارە ئەمریکا زیاتر پێویستی بەو رێکەوتنە ھەیە نەک ئێران.

ئێران تەنھا دووجار راستەوخۆ ھێرشی کردووە، ئەویش بۆ نزیک بنکەکانی ئەمریکا بووە، لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو دووجارەش ئێران ناچار بووە، چونکە پەیوەندی بە شکۆ و ھێزی رژێمی ئیستای ئێرانەوە ھەیە، ھەروەھا ئێران دەیەوەێ لە سەر ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش وەبەرھێنانی لێ بکات، لە نیشاندانی ھێزی خۆی، ئەگەرچی لە راستیدا کە ئێران دەتوانێ ئەو کارانە بکات لە بەھێزی ئێران نیە بەڵکو لە بیھێزی نەیارانی ئێرانە.

گەلەری