نەوەی نوێ
PM:12:06:08/11/2021
6516 جار خوێندراوەتەوە
عوسمان گوڵپى
+
-
نەوەی نوێ وەك تەنێکی نامۆ بە
سیاسەت و سیستمی حیزبی لە کوردستان سەری هەڵدا، گەنجێك لە دنیای بازرگانی و
سەرمایەداریەوە دەرکەوت و لەدەرگای میدیاوە هاتە نێو دنیای سیاسەت، بە جۆرێك کە
توانی لە ماوەیەکی زەمەنی کەمدا ببێتە ڕکابەری ئەو سیاسیانەی تەواوی تەمەنیان لە
بەرزی و نزمی سیاسەتدا بەڕێ کردوە، خیتابەکەی چوە دڵی گەنجانەوە وێڕای ئەو تەم و
مژەی بەدەوریدا کێشرا.
نەوەی نوێ لە سەرەتاوە وەك هێزێکی ڕادیکاڵی
تاڕادەیەك تەقلیدی خۆی نیشاندا کە بە میراتگری گۆڕان ناودەهێنرا، چونکە شێوازی
ئۆپۆزسیۆنیەکەی هەمان ئەو شێوازە بوو کە گۆڕان لەسەرەتای دەستپێکردنیەوە پەیڕەوی
کرد، بەڵام وردە وردە توانی ئەم خیتابە تێپەڕێنێ و خۆی ببێتە مارکەیەکی نوێ لە
ئۆپۆزسیۆن بوون.
مارکەیەك بە هەندێك خاسیەتدا دەناسرێتەوە کە
پێشتر لە هێزەکاندا نەبووە، لە گرنگترینی ناسینەوەکانی ئەوەیە کە ئەم هیزە دوای
ڕووداوەکان ناکەوێت و تەماشای دەمی یەکیەتی و پارتی ناکات تا بنیادی خیتابی خۆیانی
لەسەر بنێ واتە کاردانەوە نیە، بەڵکو بەجۆرێ بنیادی خیتابی خۆی دەنێت کە
دەستپێشخەرە و هێزەکانیتری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش دووچاری لێکەوتەکانی دەکات،
لێرەدا من باس لە ئیجابیات و سلبیاتی ناکەم بەڵکو تەنها بینینیەتی وەك ئەوەی هەیە.
یەکێکیتر
لە خاسیەتەکانی نەوەی نوێ توانای خۆ گۆڕینی بوو لە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕادیکاڵی
تەقلیدیەوە بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی مارکەی تایبەتمەند بە خاسیەتی خۆی کە پێشتر شێوازی
نەبووە، هەر بۆیە تا ئێستا ئەگەرچی بەشێك لە کۆمەڵگە قبوڵی کردوە و توانیویەتی
بەشێك لەدەنگی دەنگدەران بۆخۆی بەرێت بەڵام لە شەقامی سیاسی و حیزبیدا هێشتا
قبوڵکراو نیە، چونکە نە لە حیزبەکان دەچێت و نەلە ئۆپۆسیۆنی ڕابردووی کوردی.
ئەو
خیتابەی ئێستای نەوەی نوێ هەیەتی خیتابێکی هیلاك کەرە، خیتابێك کە پێویستی بە
بەردەوام گۆڕانکاری هەیە بۆ ئەوەی ئەم هێزە هیلاك نەبێت، وەك چۆن لە چوار ساڵی
ڕابردوودا توانیویانە تەبەنی دوو خیتابی جیاوازبکەن کە بۆیان بۆتە ناسینەوە، ئاوا
دەبێت بیر لە گۆڕانکاری بکەنەوە لە خیتابەکەیاندا تا لە لایەك تەقلیدکردنەوەیان
زەحمەت بێت و لەلایەکیترەوە هیلاککەر نەبێت، کە پێموایە وەك چۆن پێشتر توانیویانە
بۆ داهاتووش دەتوانن.
نەوەی نوێ دەكەوێ؟
نەوەی نوێ لەبەر ئەوەی خاوەنی هیچ
ئایدۆلۆجیایەک نیە و ئەوەی هەیەتی خیتابە جیاوازەکەیەتی و توانیویەتی خەڵکی لەدەور
کۆبکاتەوە، کەواتە دەکرێ بڵێن کەوتنی نەوەی نوێ لەو ڕۆژەوە دەستپێدەکات کە
پێچەوانەی خیتابەکەی هەنگاو هەڵدەگرێت، پێچەوانەی خیتابەکەی بەمانای بەشداری لە
حکومەت و دەسەڵات نا بەڵکو بەمانەی لێکەوتەی ئەو بەشداریە، چونکە بەشداریەك
هاوسەنگی نێوان خیتابەکەی و بەشداریەکەی ڕانەگرێت و لێکەوتەکانی هەمان لێکەوتەی
هێزە دەسەڵاتدارەکانبێت، هەر ئەوکاتە نەوەی نوێ کەوتووە، چونکە ئەم هێزە بەهێزی
وابەستەی ڕێکخستنی نیە بەڵکو وابەستەی بەهێزی خیتابەکەی و شێوازەکەیەتی کە
توانیویەتی ببیتە ئەو قسەیەی لە دڵی بەشێك لە خەڵکیدایە.
نەوەی نوێ تا ئەوکاتەی
ڕاستگۆبێ لەگەڵ خیتابەکەیدا و هەڵەی ستراتیجی نەکات، بەرپرسان و کەسی یەکەم
بەتایبەتی چاوی لە پۆست و پارەیەك نەبێت دووری بخاتەوە لە خیتابەکەی ئەوا نەوەی
نوێ لە کەوتن دوور دەبێت و هەمیشە لە گەشەوە نزیك دەبێت، ئەمەش وابەستەی چۆنیەتی
مامەڵەی سەرۆکەکەیەتی ئایا بزووتنەوەکەی و خیتابەکەی دەکاتە قوربانی بەدەستهێنانی
بەرژەوەندی شەخسی چ مادی بێت یان مەعنەوی یان نەخێر ئەوە ئەوە هاتوە تا بگات بەو
ئامانجەی کە جوڵانەوەکەی لە پێناودا بنیادناوە.
دەکرێ نەوەی نوێ لەدەرەوەی هەڵەی خۆی بکەوێتە ژێر فشار و کاریگەری
گۆڕانکاریەکانەوە و وا بکات لەگەشە بوەستێت یان پاشەکشە بکات، بەڵام ئەوە نابنە
کەوتن بەڵکو لە دەرگایەکیترەوە دەتوانێ گەشە بکاتەوە، چونکە خیتابەکەی شکستی
نەخواردوە، نمونەی ئەو جۆرە فشارانە زۆرن بۆ هێزەکانیتر، بە کورتی هێزێك بۆ خۆی
سوچی کەوتن نەدات بەدەستەوە فشاری دەرەکی ناتوانێ بیخات و گەر بشکەوێ زۆر ئاسان
گەشە دەکاتەوە، گۆڕان هیج فشاریك نەیخستوە و بۆخۆی هۆکاری کەوتنیەتی و ئەمەش بۆ
هەندێك حیزبیتر دروستە.
دروستبوونی هێزی نوێ
هەر قۆناغە و جۆرێك لە زەرورەتی کاری
سیاسی دروست دەکات، لە ئێستاشدا بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە دەنگدەرەی کە لەماڵەوەن و لە
حیزبەکانیان دوور کەوتوونەتەوە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە وایکردوە کە بوترێت
زەمینەیەکی لەبارە بۆ دروستبوونی هێزی نوێ، بەتایبەت کاتێك هێزێك شکست دەخوات
نوخبەیەکی میراتگر دەست لە کاری سیاسی و پرۆژەی حیزبی هەڵناگرن، بۆیە لێرە و لەوێ
گفتووگۆ بۆ دروستبوونی هێزی نوێ و لیستی نوێ بۆ هەڵبژاردنەکان باس دەکرێت و دەکرێت
بڵێین لە مقۆ مقۆ و خەیاڵەوە هاتوەتە نێو قسەی جدی نوسراو، کە دەکرێت بڵێم لە
هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمدا ڕووبەڕووی دوو لیستی نوێ دەبینەوە بۆ هەڵبژاردنەکان،
ئەگەرچی پرسیار گەلێك لەسەر دروستبوونیان دەبێت وەڵام بدەنەوە.
هەڵەی گەورەی هێزی
نوێ و یەکەم هەنگاوی کەوتن
ڕەنگە زووبێ باس لە ڕووئیا و خیتابی هێزی سیاسی نوێ
بکرێت هەرچەند کارەکتەرەکانیشیان دیاربن، هەر بۆیە ناتوانی پێشبینی فراوان بوون
یان کەوتنیان بۆ بکەیت، چونکە ئەوەی ئەوە ڕوون دەکاتەوە خیتابی هێزەکەو خیتاب
هەڵگرەکانن.
بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە کە هەر لەسەرەتاوە پێماندەڵێت هێزی نوێ
شکست دەخوات؟ هێزی نوێ و دروستبوونی دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتەوە یان دەڕژێتەوە
گیرفانی خەڵك، خاڵێك هەیە دەبیتە دەستپێکی شکستی هێزی نوێ و ئاوەکەی دەچێتەوە سەر
کێڵگەی دەسەڵات و درەختەکانی ئەوانی پێ تێرئاو دەبن، ئەویش: هێزی نوێیە لە بەرامبەر هێزی نوێدا هەر
هێزێکی نوێ دەنگدەرانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی بە ئامانج کردو تەواوی خەونی خۆی لەسەر
ڕووخاندنی خەونی ئۆپۆزسیۆنێکیتر هەڵچنی، ئەوە یەکەمین هەنگاوی ترازانی ئۆپۆزسیۆن
بوونە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات.
پێویستە هێزی نوێ چاوی لەدەنگی ئەو دەنگدەرانەبێ کە نەچوون بۆ
هەڵبژاردن، دەبێ ئامانجی بچوکردنەوەی بازنەی دەسەڵاتبێت نەك بازنەی ئۆئۆزسیۆن،
بەمەش نە بێ هیوایی زیاد دەبێت و نە بەریەککەوتنیش ڕوو دەدات، چونکە هەر بەریەكکەوتنێك
لە نێوان هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکیەتی، دەچێتە گیرفانی ئەو دەسەڵاتەی کە
ئێستا بوونی هەیە و لە٪٧٠ی خەڵک یان دەنگی پێ نەداوە یان دەنگەکەی سوتاندوە، بۆیە پێویستە
هەر هێزێك کە دروست دەبێت، چاوی لەسەر ئۆپۆزسیۆن لابەرێت و چاوی بخاتە سەر
دەسەڵات، ئەگەرچی ئۆپۆزسیۆنەکان بێ کەموکەرت نین بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە
دەسەڵات فەرامۆش بکرێت و ڕووت بکەیتە ئۆپۆزسیۆن، بە هەموویانەوە دەتوانن ببنە
ڕکابەری یەکتر بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك بەرنە سەر سندوقەکان تا دەنگیان پێ بدەن.