زەنگێکی مەترسیدار
      
                            
                             PM:12:16:03/11/2025  
                             796 جار خوێندراوەتەوە 
                       فەرمان محەمەد
                       
 +
    -
   
      
لەکاتێکدا چاوەڕێی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی
دەکەین، گۆڕەپانی سیاسی گەرمبووە و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە ململانێیەکی
بەردەوامدان، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییەکی قووڵی هاووڵاتییانە، شێوازی
مامەڵەکردنی دەستەڵاتە لە "زۆنی سەوز" دەستەڵاتێک، کە بەردەوام لەسەر
پیرۆزیی دیموکراسی زماندرێژیی دەکات و لایەنەکانی دیکە بە خنکێنەری ئازادی
تۆمەتبار دەکات، ئا ئەوەتا ئێستا چەندان سەرۆکی حزبی ئۆپۆزسیۆن بەتۆمەتی بێبنەما و
دوور لە هەموو پرنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسی خستووەتە کونجی زیندانەوە!
کارەساتەکە قووڵتر دەبێت، کاتێک تەنانەت ڕێگە نادرێت سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆنی
پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن، وەک نوێنەرێکی ڕاستەقینەی خەڵک، لە زیندانەوە پەیام و وتارێک
پێشکەش بکات.
		ئەم کارانە نەک تەنیا پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤن، بەڵکوو گورزێکیش
لە پرۆسەی دیموکراسی و پێکەوەژیانی سیاسی دەدەن. ئەمە گۆڕهەڵکەندنی بنەماکانی مافی
ڕادەربڕین و ئازادیی سیاسییە، چۆن دەتوانین باسی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکەین،
کاتێک دەنگە جیاوازەکان خنکێنراون و ڕێگەیان پێنادرێت بە ئازادی هەڵمەتی هەڵبژاردن
بکەن؟ ئەوە لەکاتێکدا خۆیان دەڵێن: ((هەولێر جادەی پانوبەرینی بۆ چییە، کاتێک
ئازادی لێ نەبێت؟))
بەڵام ئەم خۆسەپاندن، هەڵکوتانەسەر، تیرۆرکردن و دەرگە بەستنی ڕاگەیاندن،
ئەم درووشمەی خۆیان پێچەوانە ناکاتەوە؟ بێگومان ئەمە وەڵامەکەی لەلای هاووڵاتییانی
هەرێمی کوردستانە.
ئەم کردارە، پێچەوانەی هەموو بنەماکانی دیموکراسی ڕاستەقینەیە، پێچەوانەی
دروشمە بریقەدارەکانی خۆیانە و بە تەواوی دژ بەو قسانەیە، کە ڕۆژانە بە فیز و
فیشاڵ باسی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، ئایا ئەمەیە ئەو ئازادییەی، کە بانگەشەی
بۆ دەکەن و خەباتیان لە پێناویدا کردووە؟ ئایا ئەمەیە ئایندەیەکی گەش و پڕشنگدار
بۆ نەوەکانی داهاتوو؟
ئێمە خەباتمان بۆ ئەوە نەکرد، کە گەنجێکی پەپۆلیستێکی سیاسی، بە بێ
ئاگایی یان بە ئەنقەست، مێژووی سەربەرزی شاری سلێمانی - شاری هەڵوێست و ئازادی،
قەڵای ڕۆشنبیران و لانکەی شاعیران و پێشەنگی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان – بشێوێنێت.
سلێمانی، شارێکە، کە هەمیشە چراخانێک بووە بۆ ڕووناکبیری و مەشخەڵێک بۆ ڕێگەی
ئازادی و سەربەخۆیی.
لێرەوە، بانگەوازێکی بەپەلە ئاڕاستەی هەموو ویژدانە بەئاگە و
نەسرەوتووەکان دەکەین:
بۆ لایەنە سیاسییەکان: با بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان بخەینە سەرووی
هەموو شتێکەوە. با ڕێز لە فرەیی سیاسی بگرین و هەلی یەکسان بۆ هەمووان بڕەخسێنین.
ڕێگە بە کەسانی خۆپەرست، هەڵپەرست و خۆسەپێنەر نەدەن دیموکراسی و قوربانی دانی
خەڵک بکەنە قوربانیی حەزە سەرگەرم و کەسییەکانیان.
بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان: ئێوە چاودێر و
پاسەوانی دیموکراسین. قەڵەمەکانتان بەکاربهێنن بۆ ڕووناککردنەوەی ڕاستییەکان و
بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان.
بۆ هاوڵاتیان: گەلە بوێر و شکۆبەرزی کوردستان، ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانی
هەموو شارەکان، بانگتان دەکەین! بێدەنگی لەم کاتەدا لێدانە لە مافەکانی خۆمان،
داوای مافەکانتان بکەن و بەشداری کارا لە درووستکردنی داهاتوویەکی باشتردا بکەن
دەنگتان بەرزبکەنەوە! نەک تەنیا لایەنگری حزبێک یان ئۆپۆزیسیۆنێک بن، بەڵکوو
لایەنگری دەنگی ئازاد، ئازا و ویژدانە زیندووەکان بن. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، هەر
کەسێک کە بیەوێت ناوبانگی دیموکراسی و ئازادی کوردستان بخاتە ژێر پێ و دەنگی خەڵک
قۆرخ بکات، دژی بوەستینەوە. ببنە دیوارێکی پۆڵاین لەبەردەم هەوڵەکانی چەوساندنەوە
و سەرکوتکردن.
هێزی ئەمنی و حکوومی، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی
گەلەکەمانە، نابێت بۆ مەبەستی کەسی و ئارەزووی خۆسەپاندن و پاراستنی کورسی بەکار
بهێندرێت، ئەم هێزانە قەڵغانی پاراستنی خەڵکن، نەک داری چەپۆک بۆ سەرکووتکردنی
ئازادیخوازان.
با پێکەوە ببینە بەربەست لەبەردەم گەردەلوولی چەقبەستوویی و قەڵای ئازادی
بپارێزین، با بە دەنگێکی بەرز بانگەواز بۆ دادپەروەری و یەکسانی بکەین.
با هەموومان بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئەم نادادپەروەرییە ببینەوە و جارێکی تر،
گیانی ئازادیخوازانەی سلێمانی و کوردستان زیندوو بکەینەوە، با ئەم ڕۆژانە، ببنە
خاڵی وەرچەرخانێک بەرەو داهاتوویەکی ڕووناک، کە تێیدا ماف و ئازادییەکان پارێزراو
بن و سەروەریی یاسا حوکمڕان بێت، چونکە ئایندەی وڵاتەکەمان لەسەر شانی هەموومانە.