سەردێڕ:

لەم جەژنی قوربانەدا، خەڵک بوو بە قوربانی

PM:04:09:05/06/2025
5608 جار خوێندراوەتەوە
د. ئاسۆ فەرەیدون
+ -

پێشتر لە چەندین چاوپێکەوتن و دیمانەدا ئاماژەمان پێکردووە کە هۆکاری دروست بوونی کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا چیە، هەروەها ئاماژەمان پێداوە کە لە سەرەتای گۆڕانکاریەکان لە عێڕاق لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە، جیلێک لە کەسایەتیە سیاسیەکان حوکمڕانی عێراقیان دەکرد کە خاوەنی مێژوو و تێگەیشتنێکی هاوبەش بوون پێکەوە، لەو کەسایەتیانەش بەرێزان (جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی و ئیبراهیم جەعفەری و ئەحمەد چەلەبی و محمد بحر العلوم و عبدالعزیز الحکیم موفق روبیعی و عدنان پاچەچی و حمید مجید موسی و ئەیاد عەلاوی) و چەندان کەسایەتی تریش کە هەموویان پێکەوە ئامانجێکی هاوبەشیان هەبوو ئەویش رووخاندنی بەعس و چەسپاندنی دیمووکراسی بوو لە عێراق.

ئەمڕۆ ئەوەی سەرکردایەتی سیاسی دەیکات لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان، خاوەنی ئەو مێژووە هاوبەش و پێکەوەیی و بیرەوەریانە نین و تەنانەت خاوەنی زمانێکی هاوبەشیش نین، وە زۆرێکیش لە دیدارەکان لە رێگەی وەرگێرەوە دیالۆگ لەگەڵ لایەنە عەرەبیەکان دەکەن و هەروەها سەرکردە سیاسیە عێراقیەکانیش بێ ئاگان لەو مێژوو و خەبات و رۆڵ و پێگەیەی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لە رابردوودا گێراوێتی، بەڵکو لای زۆرێک لە سەرکردە سیاسیەکانی عێراق حوکمڕانی بە ژمارەیە و گوێ بە قوت و ژیانی میلەت نادەن، هەرلەبەرئەوەشە بڕیارەکان لە سەرجەم پرسەکاندا شێوازێک لە دەربڕینی شۆڤێنی تێدا بەدی دەکرێت.

لەبەر ئەوە ئەوکات کە کێشەیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا گەر دروست بوایە چارەسەرەکەشی لە سەر مێزێ خوانێکی دۆستانەی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا چارەسەر دەکرا.
ئێستا کێشەکانی ئەمڕۆ لەسەر دوو مێز گفتووگۆی لەسەر دەکرێن، یەکێکیان لە پیرمام و لە نێوان (چوارچێوەی هەماهەنگی کوردی) و ئەوی تریشیان لە بەغدا و لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی عەرەبی.

دوای واژۆکردنی رێککەوتنی غازی کێڵگەکانی میران و کوردەمیر و تۆپخانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کۆمپانیایەک لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ، لە ووتاری پێشوودا پرسیارێکمان بۆ ئەم پرسە وروژاند کە ووتمان: ئایا ئەم رێکەوتنە تا چەند کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم دەبێت ؟ بە پێی پێشبینیەکان چاوەڕواندەکرا وەڵامدانەوەکانی بەغدا چەند مانگێک بخایەنێت، بەڵام کەمتر لەو ماوە چاوەڕوانکراوەی خایاند و بەغدا لە رێگەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە بڕیارێکی ناڕەواو و نا یاسایی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی راگرت، کە بڕیارێکی سیاسیەو بە نەشارەزایی دراوەو هیچ رەچاوێکی مرۆڤانەی تێدا نیە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دۆخی دارایی و بژێوی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەم بڕیارەی بەغدا لەبری سزادانی خاوەن بڕیار سزای خەڵکی بێ دەسەڵات و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بەگشتی دا.

بڕیاری بڕینی مووچەخۆرانی هەرێم، وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ هەولێر، دەربڕینی دژایەتی خۆی لە بەرامبەر واژۆکردنی ئەو گرێبەستەی کێڵگەی غازی میران کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا کردی، ئێران ترسی گەورەی لە شوێن گرەوەی خۆی هەیە کەلە دوارۆژدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرەوەی بۆ سەرچاوەی سەرەکی غازی سروشتی لە عێراق و قوفڵی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە سەرتاسەری عێراق یان لانی کەم لە باکور و ناوەڕاستی عێراقدا.

ئەوەی هێشتا چاوەڕوانی لێ دەکرێت ئەوەیە:١-/ئێران وەڵامی تری ببێت بۆ ناوچەکە بە دیاریکراوی سلێمانی، کە ڕەنگە بەشێوازێکی جیاواز و ڕاستەخۆ بێت.

٢/وەڵامی دۆست و یارانی هەولێرە بۆ بەغدا، چی بەشێوازی راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، گریمانەیەکی بەهێزە کە دۆستانی هەولێر بڕیاری سزادان و بلاک لیستکردنی چەند کەسایەتیەکی سیاسی و سەربازی و ئیداری عێراق لە ئاست و پێگە جیاوازەکانی حیزب و حکومەت و نوێنەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی نەوت کە ئەمەش کاریگەرییەکی تری خراپی لەسەر بارودۆخی ئابوری ناوخۆیی و دەرەکی و سەقامگیری بازاڕو دامەزاروەکانی ناو عێراق دەبێت.

لە نووسراوێکدا لە رۆژی ٢٨/٥/٢٠٢٥ لەلایەن هەریەک لە (جۆ وڵسن و گریگۆر ستیوب) ئەندامانی گۆنگرێسی ئەمریکاوە دەرچوێنراوە و نێردراوە بۆ ( مارکۆ رۆبیۆ )ی وەزیری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نوسراوەکەدا ئاماژە پێکراوە و باس لە چۆنێتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و ناردنەوەی دۆلار بۆ بازارەکانی ئێران دەکات بەهاوکاریکردنی چەند کەسایەتیەکی سیاسی و ئیداری پلەبەرزی عێراق لە ئاستە جیاوازەکان و رۆڵی بانکەکانی عێراق لە هاوکاریکردن و کارئاسانی لەم پرۆسەیەداو وە ئاماژەیان بە شەش داواکاری کردوە کە جێبەجێ بکرێن بۆ رێگرتن لەم پرۆسەیە، لەو نوسراوەدا چەندین ناو و لایەنیان ناو هێناوە کە بەشدارن لەو پرۆسەیەدا و داواکراوە بلاک لیست بکرێن بەتایبەت وەزارەتی نەوت و چەند بانکێکئ عێراقی، کەئەمەش جارێکی تر کاریگەری خراپ لەسەر دۆخی دارایی عێراق دروست ئەکات لە کاتێکدا لە ئێستادا عێراق لەناو کێشەی نەبوونی (سویلە)دایە.

کێشەی هەرە گەورە لەوەدایە لە نێوان بڕیار و وەڵامە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان و دەستێوەردانە ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا میللەتێکی نەتەوە کوردی چەند ملیۆن کەسی لەم سات و وەختی بەرەو جەژنەدا لە شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی دەبڕدرێت و حەکیمێکیش نیە رۆڵێکی باش ببینێت بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ناڕەحەتە هەتا خەڵکیش لەم جەژنی پیرۆزی قوربانەدا نەبنە قوربانی.

گەلەری