حکومەتی پشوو
PM:11:32:04/06/2025
4332 جار خوێندراوەتەوە
پێشڕەو مەحمود
+
-
بیرمە
ساڵانی زوو مانگێک پێش جەژن ئامادەکارییمان بۆی دەکرد، هەر لە کڕینی جلی جەژنەوە
تا نوقڵ و شیرینی و چەرەس و قەلە حەیاتەکە و ئەگەر خوا ویستی لەسەر بووایە دوو
حەیوانیشمان ئەکڕی بۆ قوربانی.
یەک دوو رۆژی دیکە جەژنی قوربانە، ئێستا خەڵک نەک
هەر ناتوانێت قوربانییەکە بکات، پارەی کڕینی نوقڵ و چەرەسەکەشی پێ نییە! کەچی
حکومەت وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە بۆران، کۆبووەتەوە و دەڵێت، بڕیارمان داوە پشووی
جەژن دیاری بکەین! پشووی جەژن!؟ نامەوێت زۆر بچمە ناوەڕۆکی ئەوەی کە بەغدا بۆچی
ناردنی پارەی بۆ هەرێم راگرت، چونکە زۆرمان بیست لەسەر ئەوەی حکومەتەکەی پارتی و
یەکێتی ئامادە نین پابەندی یەک خاڵی رێککەوتنەکانیان بن و بزەبت واشە! نە دەهێڵن
هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، نە ئامادەشن داهاتی ناوخۆ وەک خۆی رادەست بکەن.
با واز لەوە بێنین، لە ٢٥ـی ٣ـی ٢٠٢٣ـەوە
هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری راگیراوە، لەوکاتەشەوە پارتی و یەکێتی لەمدیو و
ئەودیوی دێگەڵەوە نەوتیان بە قاچاخ فرۆشتووە و مانگانە داهاتەکەی نزیکەی ٥٠٠ ملیار
دینارە، ئەگەر یەک زەڕب و تەقسیمی بچوکی بۆ بکەین تا ئەم دەقەیە ئەو پارەیەی پارتی
و یەکێتی لە نەوتی قاچاخەوە دەستیان کەوتووە ١٣ دانە تریلیۆن دینار دەکات! ئەمە
جگە لە پارەی داهاتی ناوخۆ کە مانگانە ٣٥٠ ملیار دینارە، زیاتر لە نۆ تریلیۆن
دینار دەکات و بە هەموویەوە ٥٠٠ ملیارێکیان رادەستی بەغدا کردووە، واتە بەس بە
داهاتی نەوتی قاچاخ و ناوخۆ، نزیکەی ٢٢ تریلیۆن دیناریان لە ٢٦ مانگدا دەستکەوتووە!ئێ باشە ئێستا با بڵێین بەغدا شەڕی
سیاسییتان لەگەڵ دەکات و بە نایاساییش مووچەی راگرتووە، ئەی باشە ئێوە حکومڕانی
ئەم هەرێمە نین؟ بەحساب زۆرینەی دەنگی خەڵکتان لە هەڵبژاردن بەدەست نەهێناوە؟ ئەی
بۆ ئەوەنە شعوور ناتانگرێت بەو ٢٢ تریلیۆنەی کە هەمووی پارەی خەڵکە و خستووتانەتە
باخەڵتانەوە، بەم بەرەجەژنە موچەیەکی پێ دابەش بکەن! ئاخر ئەو پارەیە بەشی ٢٣ مووچە
ئەکات! بە سەپاندنی باج و سەرانەوە نەوەستان، نرخی کارەباشتان گەیاندە کەشکەلانی
فەلەک! ئەوە لێبڕینی موچەشتان زیاد کرد لەسەر خەڵک! ئێستا هەر مووچەیەکیشیان پێ
رەوا نابینن؟ کاکە وا وتمان ئێوە زەڕڕەیەک ویژدان و ئیمان لە دڵتاندا نییە، ئەی لە
توڕەیی خەڵک ناترسن؟ نازانن زوڵم لە ئەستووریدا دەپچڕێت؟ ناترسن هەمان چارەنووسی
سەددام حسێن و موبارەک و بەشار ئەسەد و قەزافی و هاوشێوەکانیتان هەبێت؟ ئەوە چەند
مانگێکی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، دووبارە تۆپەکە دێتەوە ساحەی
هاوڵاتیان، کاتی ئەوەی تۆڵەی ئەم هەموو زوڵم و زۆرەتان لێ بکەنەوە و تەخت و
تاراجتان بە دیموکراسییانە و بەبێ ئەوەی خوێن لە پەنجەی منداڵێک بێت بڕوخێنن.