سەردێڕ:

تێکۆشەرەکانی وڵات، وڵاتیان وێران کرد!

PM:03:16:04/12/2024
5892 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار ياسين فەتاح
+ -

بە هەموو پێوەرێکی ئەقڵ و مەنتق و فەلسەفەی ئەخلاقی ژیان، هەموو دەسەڵاتێک دەبێت رێز و ئیحترامی میللەتەکەی بگرێت و نابێت خۆی لە موعاناتی میللەتەکی بەدوور بگرێت. دەپرسم، دەسەڵاتی ئێمە وایە؟ سەرەڕای دزینی دەریایەک لە سەروەت و سامانی میللەت بۆ خۆیان، شعوریان هەیە؟ رێز و ئیحترامی میللەتەکەیان دەگرن؟ هەست بە موعاناتی خەڵک دەکەن؟

ببینن، سەرباری ئەو هەموو قاتوقڕی، نەبوونی، بێمووچەیی، غەدری پاشەکەوت و لێبڕین و برسیکردنی ملیۆنان کەس کە قووتیان لەسەر موچەیە، و ئەوانەشی موچەخۆر نین هەر کاروکاسبییان لەسەر موچەیە، کەچی ئەوان بەخیلی بەو بڕە پارەیەش دەبەن کە خەڵک بۆ بژێویی خۆیان، وەچی هەولێرییان دەرێن، دەیان سار حەولی لۆ دەدەن!

فەرمانبەر دوو دیناری لەگیرفان نییە، خانەنشین پارەی دەرمانی نییە، گەنجەکانمان بێ ئیشوکارن، کەچی بەچاوی خۆتان بینیتان چۆن وێنەی ناو تەیارە تایبەتەکەی خۆیان دەگرن و لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویان کردەوە، چۆن کوڕە مێشک هەرزەکانیان بە ئۆتۆمبێلێکەیەوە ریشمەی ئەسپە نیو ملیۆن دۆلارییەکەی رادەکێشێت! دەبینن چۆن دەچنە وڵاتانی دەرەوە بە فڕۆکە تایبەتەکانیان و بە سەدان هەزار دۆلار بەرتیل دەدەنە دەوروپشتی سەرۆک و وەزیرە بیانییەکان تەنها بۆ ئەوەی وێنەیەکیان لەگەڵ بگرن! باس لەوەش ناکەم چۆن لە یانە شەوانەکان بە فەردە پارە بەسەر لەشفرۆش و راقیەسەکاندا دەبارێنن! خۆ ئەوانەی ئەوە دەکەن موچەخۆری داماو و کاسبکاری ناوبازاڕ نین، ئەوانە هەموویان کوڕ و نەوەی فیرعەونەکانی ئەو دەسەڵاتە بۆگەن، جەردە و خوانەناسەن کە بە ئەنقەست تەحەددای شعوری هەموو خەڵک دەکەن!

کورد وتەنی چونکە هەر ندی و بدی بوون، بۆیە بەو شێوەیە خۆیان نمایش دەکەن و دەیانەوێت بە خەڵک بڵین، کاکە ئێمە لە ئێوە جیاوازترین! ئاخر تەنانەت دزیش کە شتێک دەدزێت، پیشانی خەڵکی نادات تا دەستەکەی کەشف نەبێت، بەڵام ئەوانە هێندە بێشعوورن تەنانەت دزیەکەشیان بە ئاشکرا دەکەن و منەتیان بە کەسیش نییە، وەک ئەوەی بڵێن، ئێمە (شعب الله المختار)ین!

فیرعەون بە میللەتەکەی دەوت ( انا ربکم الاعلی!) خەڵکە بێدەسەڵاتەکەش لە ترسی دارودەستەکەی نەیاندەوێرا هیچ بڵێن، هەر کەسێکیش نکوڵی بکردبایە سەریان دەپەڕاند، ئاخر فیرعەون دەیوت (أنا أحیی وأنا أمیت)، واتا ژیان و مردنتان بەدەست منەوەیە، ئەو بنەماڵە دەسەڵاتدارەی ئێرەش خۆیان بە هاوشانی فیرعەون دەزانن، کوردستانیش بە میراتی باوک و باپیریان دەزانن، بۆیە نابێت هیچ کەسێک ببێتە شەریکیان و خەڵکیش لە خوار خۆیانەوە دەبینن.

هەر ئەوە ماوەتەوە بڵێم، خوا چاکیان بکات، ئەگەریش چاک نابن، هەمان چارەنووسی فیرعەونیان هەبێت...

گەلەری