سەردێڕ:

بیكەن دەدۆڕێن و نەیكەن دەڕوخێن!

PM:11:36:22/03/2024
5904 جار خوێندراوەتەوە
شێرزاد فەتاح رەسول
+ -

هەڵبژاردن بكەن دەدۆڕێن هەڵبژاردن نەكەن دەڕوخێن...

ئەمەی سەرەوە وتەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بوو چەند مانگێك بەر لە ئێستا رایگەیاند رەنگە من و زۆرێك لە هاوڵاتیان بە زیادەڕۆی و بانگەشەی هەڵبژاردنمان زانیبێت بەڵام بە هەموو پێوەرێك ئەم حوكمڕانییە هاوبەشەی پارتی و یەكێتی لە هەرێمی كوردستان شكستی هێناوە و هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن كە ئەمجارە شكستێكی گەورە و مێژوویی چاوەڕوانی ئەو دوو حزبە دەكات، لە سادەترین پێناسە حكومەتێك لە شەش مانگ دوو مووچەی دابەش كردووە ئایا شایستەی چەندبارە هەڵبژاردنەوە هەیە؟!

بێگومان بە هەموو پێوەرێك نەخێر بۆیە چانسێكی گەورە و مێژوویی لە بەردەم هاونیشتمانیان هەیە هێزێكی دیكە تاقیبكەنەوە و هێزێكی دیكە بە دەنگەكانیان ببەنە لوتكەی حوكمڕانی ئەمەش هیچ موستەحیل نییە ئەگەر رێژەی دەنگدان نزیكەی ٧٠٪ تێپەڕ بكات و ئەو نزیكەی نیو ملیۆن دەنگدەرە تازە بە ئەركی نیشتمانی و ئایینی و ئەخلاقی خۆی هەڵبستێ‌ ئەم دەسەڵاتە خراپە بگۆڕێت. 

بەشی دووەمی قسەكەی شاسوار عەبدولواحید كە گوتی:" هەڵبژاردن نەكەن دەڕوخێن". رێك بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و تویتەكەی خاتوو رۆمانسكی باڵیۆزی ئەمریكای لە عێراق بیر خستمەوە كە جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و پاك و دادپەروەرانە كرد هەر زوو پارتی دیموكراتی كوردستانی بێ‌ هیوا كرد بۆیە ئەگەر سەیر بكەین لە كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی سەرۆكی پارتی و باڵیۆزی ئەمریكا لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە دێت‌ كە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت‌ ئەگەری رووخان و نەمانی قەوارەی هەرێمی كوردستان زۆر بەهێزە ئەمەش هەر دوو حزبەكە بە پلەی یەكەم و ئەو هێز و گرووپانەی لە حكومەت بەشدارن بەرپرسیارن بۆیە ئەمریكا پەرۆشی مانەوەی قەوارەكەیە و هەموو فشارەكانی خۆی دەخاتەگەڕ كە دەبێت‌ هەڵبژاردن بكرێت‌ و شەرعییەتی دەستووری نوێ‌ بكرێتەوە، چونكە نەكردنی هەڵبژاردن واتە نەمانی حكومەتی كاربەڕێكەر ئەمە روونە بەغداد دەتوانێ‌ بە بیانووی نەبوونی شەرعییەتی و رێگری لە هەڵبژاردن و فەراغی دەستووری بڵێ‌ مامەڵە لەگەڵ كابینەكەی مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ناكەم بەڵكو لەگەڵ پارێزگاكان مامەڵە دەكەم هەتاوەكو هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و پەرلەمان و حكومەتێكی شەرعی لە هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت‌ ئەمەش خۆی لە خۆیدا نەهێشتنی قەوارەكەیە كە هەر دوو حزب لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبی خۆیان ئامادەن ئەنجامی بدەن. 

خاڵی دووەمیش هەڕەشەكەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بوو كە لە پلاتفۆڕمی ئێكس وتی، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت لە دادگای فیدڕاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەوشێنیتەوە ئەمەش زەنگێكی ترسناكە ئەگەر هەڵبژاردن نەكەن دەڕوخێن ئەمریكاش نایەوێت‌ هەرێمی كوردستان لاواز بێت بۆ بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراق پێویستە هەڵبژاردن بكرێت‌ و شەرعییەتی نوێ‌ بكرێتەوە تا ئەمریكا بتوانێ‌ فشار لە بەغداد بكات بۆ دابینكردنی مافە دەستوورییەكان. 

گەلەری