سەردێڕ:

کێ لە بەرژەوەندییەتی ئەمریکا ناوچەکە بەجێبهێڵێت؟

PM:04:34:10/02/2024
5208 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+ -

ماوەیەکە، بەتایبەت لەدوای شەڕی نێوان، ئیسرائیل و حماسەوە، دەنگۆی کشانەوەی ئەمریکا بۆتە ڕۆژەڤ، هۆکاری چڕبوونەوەی داواکارییەکەش دیارە کە زیاتر بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکایه، بۆسەر پێگەی گروپەچەکدارەکانی سەربەئێران لە عێراق و سوریا و حوسیەکان لە یەمەن. ئەوەشی وەک پرسیار لەلای چاودێران و شەقام بەگشتی وەک پرسیار دروست بووە، ئایە ئەمریکا لەناوچەکەدا دەکشێتەوە و دەکەوێتە ژێرکاریگەری ئەو فشارانەوە، یاخود بەدیوێکی تردا دەپرسین ئایە فشارەکان جدیین، یاخود هەر بۆ دامرکاندنەوەی شەقامە و پەیامی دووەمی فشارەکان، جیاوازن؟

دەکرێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارگەلە، بەدوای ڕاستی و دروستی ئەو داوا و فشارانەشدا بچین کە تاچەند سەپۆرتی فشارەکان، کە ئێران و تورکیان بەتایبەت، ڕاستگۆن و بەڕاستی دەیانەوێت ئەمریکا ناوچەکە بەجێ بهێڵێت یاخود نا؟ بێگومان گەر لەئێرانەوە دەست پێبکەین، واقیع و دۆخی سەختی ئابووری و لاوازی دراوەکەی لە ئاست دراوەکانی تردا بە بەشێک لەو ڕاستییە دابێنیین، بێگومان بۆمان ڕووندەبێتەوە،کە بەڕۆیشتنی ئەمریکا،هێندەی تر ئێران توشی داڕووخانی ئابووری و لاوازی دراوەکەی دەبێتەوە، چونکە ئەمریکا ئەوکات دەستەوەسان نابێت لەئاست هەر سزایەک بەسەر ئێراقیدا بهێنێت، بەتایبەت کەکلیلی دراوەکەی لەچنگی واشنتۆندایە و هەرکات بییەوێت، ئاستی دیناری عێراقی پێ دادەبەزێنێت و توشی چارەنوسێکی خراپی دەکاتەوە، بۆیە ئێران بەهیچ لۆژیکێک نایەوێت بیر لەوەبکاتەوە لە ئێستایەکی نزیکدا، ئەمریکا دەربکرێت.

ئێران لەلایەکی ترەوە باش لەوە تێگەیشتووە، بە دەرچونی ئەمریکا، بۆشایەکی ئەمنی و سیاسی گەورە لە عێراق و هەرێمی کوردستان درووست دەبێت و تورکیاش زۆر چالاکانە دێتە مەیدان و دەست لە کاروباری موسڵ و کەرکوک وەردەدات و ئەمەش لەلای ئێران قبوڵکراونیە، چونکە ئەو ئێستا دۆخی دەستێوەردانی تورکیای لەلا سەرئێشەیە، ئەوکات بەخراپتری دەزانێت.

بابەتی تورکیاش بێگومان جیاوازە و دەکرێت تەواو پێچەوانەی ئێران بێت و بەرژەوەندییەکەی وابخوازێت، چونکە چونە دەرەوەی ئەمریکا ئەوکات بەیەک پاکێج دەبێت و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش دەگرێتەوە و ئەوکات تورکیا دەست واڵا دەبێت لەبەرامبەر دەست خستنەنێو کاروباری ئەو دوو وڵاتەو تەنانەت داگیرکاریش ئەنجام دەدات بەتایبەت لە باکوری سوریا، بۆیە ئەوەی پێویستە وەک وەڵامێک لەئێستادا بیزانرێت، ئەوە ڕوونە، نە ئەمریکا فشارەکان بەجدی و ڕاستی لەسەری داواکراوە، نە ئێرانیش مەبەستێتی ئەمریکا سنورەکە بەجێ بهێڵێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، تەنها لایەن تورکیا خۆشحاڵەبێت بەدۆخێکی وەها کە ڕووبدات .

ئەمریکاش بێگومان لەئاست ئەو قوربانیەی داوێتیی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە و هەروەها بۆ پاراستی ئەمنی قەومی ئیسرائیل وادەخوازێت، دەست بەرداری ناوچەکە نەبێت. بەتایبەتتر کە ئێستا ئیسرائیل لە دۆخی شەڕێکدایە لەگەڵ سەرسەخترین دوژمنیدا.

گەلەری