بە فەرمانی مەسروور بارزانی و بڕیاری بافڵ تاڵەبانی دەنووسم!
PM:12:52:19/08/2021
7784 جار خوێندراوەتەوە
حەکیم داود قەرەداغی
+
-
مەسروور
بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت ئەرکی سەرشانی خۆیەتی رۆژانە کاروباری خەڵک بەڕێبکات و
فەرمان دەربکات، لەوانەش پارە خەرجکردن. بافڵ تاڵەبانیش وەک کەسی یەکەمی یەکێتی
مافی نییە پارەی خەڵک بە دەستی چەپ ببات و بە دەستی راست، کەمێکی بە منەتەوە، ببەخشێتەوە
بە شار.
ئەوەی
یەکەمیان وەک سەرۆکی حکومەت ئەرکی رۆژانەی خۆیەتی کاروباری حکومەت بەڕێوەببات. وەک
چۆن مامۆستایەک، کرێکارێک یان قەسابێک رۆژانە دەچێتە سەر کارەکەی و منەت بەسەر کەسیشدا
ناکات، سەرۆکی حکومەتیش ھەمان ئەرکی ھەیە. ئاخر ئەگەر تەماشای وێبسایتی ئەنجوومەنی
وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بکەیت لەبری دابینکردنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی و ئۆنلاین
بۆ خەڵک، ستافی سەرۆکوەزیران ھەر فریای ئەوە دەکەون بنووسن: بە فەرمانی مەسروور
بارزانی ١٠ ئەمبوڵانس بۆ ھەڵەبجە و پێنجوێن و ھەڵەبجەی تازە و سەیدسادق دابینکرا.
حکومەتەکانی ناوچەکە کڕینی ئێف ١٦ دەکەنە ھەواڵ، ھی ئێمەش ئەمبوڵانس! یان ئەم ھەواڵانەی
دیکە: (دابینکردنی نزیکەی ٣٠ ملیار دینار لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی بۆ قەزای
سۆران، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەی نزیکەی ٨ ملیار دینار بۆ چارەسەری کێشەی کەمئاوی
چەمچەماڵ تەرخانکرا، سەرۆکی حکوومەت بە چوار ملیار دینار گرفتی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ
چارەسەردەکات، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سێ قوتابخانەی (١٨) پۆلی لە سلێمانی تەواودەکرێن)،
ئەمانە و سەدانی دیکە.
لە
زۆنی سەوزیش دیمەنەکە ھەمانشێوەیە، رۆژانە میدیا و سۆشیاڵ میدیای سەر بە بافڵ تاڵەبانی
بڕیار و راسپاردەکانی بڵاودەکەنەوە بەبێ ئەوەی ھیچ پۆستێکی حکومی ھەبێت. راسپاردەکانی
بافڵ تاڵەبانی بۆ خەرجکردنی دەیان ملیار دینار بۆ سەوزکردنی شار، خاوێنکردنەوەی شەقامەکان،
بۆیاخکردنی شۆستەکان و ھێڵکاری شەقامەکان رۆژانە دەکرێن بە ھەواڵی بەپەلە و گرافیک
و لە سەدان پەیجی سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێنەوە.
پرسیارە
قورسەکە ئەمەیە: بۆچی ئەمانە روودەدەن؟ بۆچی ئەم تۆزە پارە و بڕیارە بچووکانە دەکرێن
بە ھەواڵی بەپەلە و گرافیکی گەورە و لە سەدان پەیج و ئەکاونتی سۆشیاڵ میدیاوە دەخرێنە
بەردەم خەڵک؟
وەڵامەکەشی
ئاسانە: بەخێرێن بۆ سەردەمی نەوەی سێیەمی بارزانییەکان و دووەمی تاڵەبانییەکان؛ تۆقاندن لە ھەولێر، ترس لە سلێمانی.
پەیامنێرێک
لەنێو سەنتەری شاری سلێمانی (کە پایتەختی بیروڕایە)، پرسیار لە خەڵک دەکات لەبارەی
یەکێتی نوێ. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە نزیکەی ٢٠ کەس زۆرینەیان رەتیدەکەنەوە بەھیچ شێوەیەک
قسەی لەسەر بکەن و چەند کەسێکیان دەڵێنن ددانیان ھەڵکێشاوە یان ئێش دەکات.
ئەو
دیمەنە لە ٢٥ ساڵی رابردوودا لە ھەولێر و دھۆک ئاسایی بووە، چونکە دەسەڵاتی حزبی لە
زۆنی زەرد رێگەی بە بیروڕای ئازاد نەداوە نەک لەسەر ئاستی پراکتیک وەک خۆپیشاندان
بەڵکو لە ئاستی قسە و دەربڕینیشدا. بەڵام سەرەڕای ھەموو لێکچوونەکانی لەگەڵ بنەماڵەی
بارزانی، جەلال تاڵەبانی رێگەی بە جۆرێک لە ئازادی بیروڕا دابوو. بەڵام ئێستا دۆخەکە
جیاوازە، نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانی و نەوەی دووەمی خێزانی تاڵەبانی ھەرێمی
کوردستان بەرەو دۆخێکی تایکتر دەبن. بەڵگەش بۆ ئەمە رووداوە مێژووییەکانی ٦٠ ساڵی
رابردووە.
ئەگەر
بەراوردی سەردەمی مەلا مستەفا و مام جەلال بکرێت بە سەردەمی مەسروور بارزانی و بافڵ
تاڵەبانی، دەبینی جیاوازییەکی گەورە ھەیە لە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی دەنگ و بیری
ئازاد لە سەردەمی دووەمدا. مامەڵەی مەلا مستەفا لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی و جەلالییەکان
لەکاتی ناکۆکی و جیابوونەوە زۆر دیموکراسیتر بوو لەو مامەڵەیەی ئێستا مەسروور
بارزانی لەگەڵ نەیارەکانی خۆی دەیکات، لەنێویشیاندا نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای.
ھەمووشمان
بینیمان مام جەلال بە ھەموو ھێز و توانای خۆیەوە لەو کاتەی سەرۆککۆماری عێراق و
سکرتێری یەکێتی بوو رێگەی بە جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و دەیان ھاوڕێی دیکەی
دا و گرد و میدیاشی بۆ تەرخانکردن.
کەچی
بافڵ تاڵەبانی ئامۆزاکەی خۆی کە دەنگی یەکەمی کۆنگرە بوو بە ھێز لە پۆستەکەی
دوورخستەوە و داواشی لێدەکات کوردستان جێبھێڵێت.
نەوەی
نوێی دوو ئەم خێزانە بە سەرۆکایەتی مەسروور و بافڵ، نەک پارتی و یەکێتی وەک حیزب،
ھەرێمی کوردستان بەرەو سیستەمێکی سیاسی تۆتالیتاری دەبەن کە تێیدا ئازادی تاک تاوەکو
ئەو شوێنە پارێزراوە کە نەبێتە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی پاوانخواز و بەرژەوەندی
ئابووری خێزانەکانیان. من پێموایە ئەوەی زۆرجار ناوی پارتی و یەکێتی لە کوردستاندا
وەک تاکڕەو دەبرێ ھەڵەیە، چونکە حیزبی سیاسی ئەگەر رێگە بە بەشداری سیاسی حیزب و
لایەنی دیکە بدات، ناتوانرێ بە تاکڕەو ناوببرێت، کە ئەوان رێگە بەوە دەدەن. بەڵام
لە کوردستاندا ئەوەی دەسەڵات و ئابووری کۆنترۆڵکردووە پارتی و یەکێتی نین بەڵکو ئەو
ماڵی بارزانی و تاڵەبانین. ئەوان دەستیان بەسەر حیزبەکانی خۆیاندا گرتوووە و لەو رێگەشەوە
کۆنترۆڵی ھەم جومگەکانی دەسەڵات و ھەم ئابووریان کردووە.
سەردەمی
مەسروور و بافڵ لە تاریکترین سەردەمەکانی کورد دەبێ لە عێراقدا، رۆژێک دێت ھەموومان
بە فەرمانی مەسروور بارزانی و بڕیاری بافڵ تاڵەبانی دەنووسین، تەنانەت ئەوان بڕیاردەدەن
چی دەخوێنینەوە و کەی دەیخوێنینەوە، کەی خۆپیشاندان دەکەین و کەی دەچینە ماڵەوە، کەی
دەبینە تیرۆریست و کەیش دەبینە وڵاتپارێز. ئەو سەردەمەش زۆر دوور نابێ بۆ کوردی نێو
عێراق، ئەنجامەکەشی کۆتاییھاتنی نەک دەسەڵاتی خۆیانە بەڵکو قەوارەی ھەرێمی
کوردستانیش کۆتاییدێت، چونکە تازە درەنگە و فریاناکەون وانە لە ئەفغانیستانیش وەربگرن.