سەردێڕ:

سلێمانی لە گێژاوی ناوەکانیدا:
ئاسایشی ناوبانگ

PM:02:10:19/06/2026
1292 جار خوێندراوەتەوە
سۆران نەقشبەندی
+ -

هەرگیز بیرت لەوە کردووەتەوە کاتێک گەشتیارێکی ئەوروپی یان وەبەرهێنەرێکی نێودەوڵەتی بلیتێکی فڕۆکە دەبڕێت بۆ ئەوەی بێتە پایتەختی هەرێمی کوردستان، چ سەرلێشێواوییەک چاوەڕێی دەکات؟ ئەو لە هەموو جیهاندا، لە بلیتەکەی دەستیەوە تا دەگاتە نەخشەی مۆبایلەکەی ناوەکەی بە (Erbil) دەخوێنێتەوە، بەڵام هەر ئەوەی پێی خستە دەرەوەی فڕۆکەخانە، لە تابلۆی شەقامەکانەوە تا قسەی شۆفێری تاکسییەکان، هەموو شتێک دەگۆڕێت بۆ "هەولێر"! ئەم دووفاقییە، کە لە دەرەوە ئەربیلە و لە ناوخۆدا هەولێر، وایکردووە گەشتیار ساتەکانی یەکەمی گەیشتنی بە گومانەوە بەسەر ببات و بپرسێت: "ئایا لە شارە دروستەکە دابەزیوم؟" ئەمە تەنها کێشەیەکی سادەی گەشتیاری نییە، بەڵکو درزێکی گەورەیە لە ناوبانگ و ناسینەوەی شارەکەدا.

بەڵام ئەگەر هەولێر قوربانیی دوو ناو بێت، ئەوا با پێکەوە سەیری پایتەختی ڕۆشنبیری و شاری داهێنەری ئەدەبی بکەین. کاتێک توێژەرێک لە ماڵپەرەکانی گەڕانی ئینتەرنێتدا بەدوای سلێمانیدا دەگەڕێت، لەبری شارێک، ئینتەرنێت چەندین شاری جیاوازی پێ دەناسێنێت! ئەمە چیرۆکی خەیاڵی نییە، بەڵکو تراژیدیای شارێکە کە بەهۆی کێشەی فرە-ڕێنووسی، بێخاوەنیی براندەکەی و دەستتێوەردانی هەڕەمەکییەوە، ناسنامە جیهانییەکەی پارچە پارچە بووە.

میتۆدۆلۆژیای زانستی: سایمۆن ئەنهۆڵت، نیکۆلاس کاڵ و ئاسایشی ناوبانگ

لە جیهانی ئەمڕۆدا کە تەکنەلۆژیا و تۆڕەکان خەریکە سنوورە جیۆگرافییەکان دەسڕنەوە، زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پشت بە دوو چەمکی زۆر گرنگ دەبەستێت. یەکەمیان چەمکی "براندکردنی شوێن"ـە کە لەلایەن باوکی ڕۆحیی ئەم بوارە، توێژەری جیهانی سایمۆن ئەنهۆڵتەوە داڕێژراوە. ئەنهۆڵت پێی وایە شارەکان ڕێک هاوشێوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان پێویستیان بە ناوێک، وێنەیەک و شوناسێکی یەکگرتوو هەیە.

لە لایەکی تریشەوە، پرۆفیسۆر نیکۆلاس جەی کاڵ لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا، تیۆرییەکی زۆر مەترسیدارتر و قووڵتر دەخاتەڕوو، ئەویش "ئاسایشی ناوبانگ"ـە. کاڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی نەتەوەیی یان ئاسایشی شارەکان تەنها بە چەک و سوپا ناپارێزرێت، بەڵکو ناوبانگ و ناسنامەیەکی ڕوون گەورەترین قەڵغانی پاراستنە. کاتێک شارێک ناوبانگێکی دیاریکراو و ناسراوی هەبوو، لە کاتی قەیرانەکاندا جیهان زووتر بە هانایەوە دێت و وەبەرهێنەرانیش زیاتر متمانەی پێ دەکەن،

بە لێکدانی ئەم دوو تیۆرییە (براندکردنی شوێنی ئەنهۆڵت و ئاسایشی ناوبانگی کاڵ)، دەگەینە چەمکی "پارادیپلۆماسی"، واتە دیپلۆماسییەتی شارەکان. بۆ شارێکی وەک سلێمانی یان هەولێر کە خاوەنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیین، سەدان ناوەندی ئەکادیمیان هەیە، و بەردەوام بە ئاراستەی بەجیهانیبوون و گەورەبوون هەنگاو دەنێن، بوونی براندێکی یەکگرتوو مەرجی مانەوەیانە. ئەگەر شارێک نەتوانێت لەسەر یەک ناو لە جیهانی دیجیتاڵی و دیپلۆماسیدا جێگیر ببێت، هەرگیز ناتوانێت ئاسایشی ناوبانگەکەی بپارێزێت و هێزی نەرمی خۆی بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی جیهانی بەکاربهێنێت.

سلێمانی، نەفرەتی فرە-ناویی: لە ڕەسەنایەتییەوە بۆ پاشکۆیەتی

ئەگەر سەیری تابلۆی شەقامەکان، بەڵگەنامە فەرمییەکان، و ئینتەرنێت بکەین، دەبینین شاری سلێمانی بووەتە قوربانیی کۆمەڵێک ناوی جیاواز:

Slemani: ئەو ڕێنووسە ئۆرگانیکەیە کە زۆرینەی خەڵکی شارەکە بەکاریدەهێنن و مۆرکە ڕەسەنە کوردییەکەی پێوەیە.

Sulaimani: ناوە باوەکەی ناو میدیاکان و بەشێک لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم و بەشێکی زۆری کەرتی تایبەت.

Sulaimaniyah / Sulaymaniyah: ئەو ناوەی کە بە زۆری لە کایەی دیپلۆماسی و باڵیۆزخانەکاندا دەبینرێت.

Al-Sulaymaniyah (ئەلسولەیمانیە): لێرەدا کێشەکە زەق دەبێتەوە و دەبێتە کارەسات! ئەمە ئەو ناوەیە کە بە تەواوی عەرەبێنراوە و لە ناوەندە عێراقییەکان و نەخشە و سیستەمە جیهانییەکاندا چەسپێنراوە، کە ناسنامە کوردییەکەی لە ڕەگەوە هەڵدەکێشێت و دەیکاتە پاشکۆیەکی بێ ڕۆحی عەرەبێنراو.

کارەساتی ئەکادیمی و پەرتەوازەبوونی دامەزراوەکان

دامەزراوە سەرەکییەکانی شارەکە؛ وەک زانکۆ، نەخۆشخانەکان، شارەوانی و پارکەکان، هەموویان هەڵگری ناوی شارەکەن. بۆ نموونە "زانکۆی سلێمانی" کە یەکەمین و دێرینترین زانکۆی شارەکەیە، دەبێت ڕەنگدانەوەی یەک ڕێنووسی یەکگرتوو بێت. بەڵام چی ڕوودەدات کاتێک توێژەرێکی زانکۆی سلێمانی توێژینەوەیەکی زانستی بڵاودەکاتەوە؟ لە بنکە زانیارییە زانستییە جیهانییەکاندا ئامرازەکانی گەڕان زۆر بێبەزەیین؛ ئەوان ناوەکانی (University of Slemani) و (University of Sulaimani) و (University of Sulaimaniyah) وەک سێ زانکۆی جیاواز لە سێ شاری جیاواز دەخوێننەوە! بەتایبەتیش کاتێک کە ئامرازەکانی گەڕان ناوی شارەکەیان بە Sulaimnaiyah- Slemani – Sulaymaniyaتۆمارکردبێت، ئەمەش وادەکات ئاماژەپێدانە زانستییەکان و پێگەی زانکۆکە پەرتەوازە ببێت، و لە ڕیزبەندییە جیهانییەکاندا وەک چەندین دامەزراوەی بچووک دەربکەوێت لەبری یەک زانکۆی دایکی گەورە کەبەناوی شاری سلێمانیەوە ناونرابێت.

دیاردەی "سولی": کورتکراوەیەک کە قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە

لەم ساڵانەی دواییدا، دیاردەیەکی نوێی مەترسیدار بۆ سەر براندی شارەکە دەرکەوتووە، ئەویش بەکارهێنانی کورتکراوەی "سولی"ـیە. ئەم وشەیە لە سەرەتادا لەلایەن هەندێک گەشتیاری بیانی و ئەمریکییەوە بەکارهێنرا تەنها لەبەر ئەوەی گوتنی ناوی تەواوی شارەکە بەلایانەوە قورس بوو.

بەداخەوە، ئەم کورتکراوەیە بە خێراییەکی سەیر دزەی کردە ناو ئەدەبیاتی دامەزراوە ناوخۆییەکان، گەنجان، ڕێکخراوەکان و بازاڕ. ئێستا دەیان کۆمپانیا، دەستپێشخەری، و فێستیڤاڵی فەرمی بەم ناوەوە دەکرێن. ئەمە نەک هەر خزمەت بە براندی شارەکە ناکات، بەڵکو ناسنامەی شارەکە زۆرتر کاڵ دەکاتەوە. لە زانستی براندینگی شاردا، کورتکراوەی دیجیتاڵی تەنها لە دوای چەسپاندن و یەکلاکردنەوەی ناوی فەرمی و سەرەکیی شارەکەوە بڕیاری لێ دەدرێت. ناکرێت شارێک هێشتا لە شەڕی چەسپاندنی ناوی فەرمیی خۆیدا بێت لە جیهاندا، کەچی دامەزراوە ناوخۆییەکانی خەریکی بەبازاڕکردنی کورتکراوەیەکی بێ مانا بن کە هیچ ڕەگێکی مێژوویی و کولتووریی نییە.

پێوەری نموونەیی: چیرۆکی سەرکەوتنی کیێڤ (KyivNotKiev)

بۆ ئەوەی بزانین ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر دەکرێت، با سەیری ئەزموونی شاری "کیێڤ"ی پایتەختی ئۆکرانیا بکەین. بە درێژایی دەیان ساڵ، ناوی شارەکە لەسەر ئاستی جیهان و تەواوی فڕۆکەخانەکان بە ڕێنووسە ڕووسییەکەی (Kiev) دەنووسرا، کە وەک پاشماوەیەکی داگیرکاریی کولتووری دەبینرا. لە ساڵی ٢٠١٨، وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا هەڵمەتێکی گەورەی جیهانیی بە ناوی (KyivNotKiev#) ڕاگەیاند.

سەرەتا زۆرێک لە دەزگا میدیاییە جیهانییەکانی وەک BBCو CNNپێیان وابوو گۆڕینی ناوەکە کارێکی قورسە. بەڵام ئۆکرانیا کۆڵی نەدا، لە ڕێگەی لۆبیکردنێکی چڕی دیپلۆماسی و یەکدەنگیی ناوخۆییەوە، توانیان سەرجەم کۆدەکانی کۆمەڵەی فڕۆکەوانیی جیهانی، گووگڵ، و ڕۆژنامە جیهانییەکان ناچار بکەن کە ڕێنووسە ڕەسەنە ئۆکرانییەکە (Kyiv) بەکاربهێنن. ئەمە نەک هەر سەرکەوتنێکی زمانەوانی بوو، بەڵکو سەلماندنی هێزی ئاسایشی ناوبانگ بوو. سلێمانی دەتوانێت ئەم هەنگاوە وەک نەخشەڕێگایەک بەکاربهێنێت بۆ ڕزگاربوون لە عەرەباندنی ناوەکەی لە جیهانی دیجیتاڵیدا.

چارەسەر چییە؟ کاتی بڕیاردانە!

کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵاتی کارگێڕیی شارەکە، پارێزگار، سەرۆکایەتیی زانکۆ، و ڕۆشنبیران، بڕیارێکی مێژوویی بدەن و کۆتایی بەم پاشاگەردانییە بهێنن. بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێکی خێرا پێویستن:

١- دروستکردنی لیژنەی باڵای براندکردنی شار: پێویستە شارەزایانی زمان، مێژوو، و دیپلۆماسی لە یەک ژووردا کۆببنەوە بۆ هەڵبژاردنی یەک ناوی فەرمی (وەک Slemani یان هەر ناوێکی تر کە بە پێوەرە زانستییەکان گونجاو بێت بۆ ئاستی جیهانی).

٢- قەدەغەکردنی کورتکراوەی هەڕەمەکی: ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی کورتکراوەی "سولی" بۆ دامەزراوە فەرمی و فێستیڤاڵە نوێنەرایەتییەکان، و دواخستنی پرسی کورتکراوە بۆ کاتی پاش چەسپاندنی ناوی سەرەکی.

٣- یەکخستنی دامەزراوەکان: بە بڕیارێکی توندی کارگێڕی، سەرجەم تابلۆی فەرمانگەکان، لۆگۆی زانکۆکان، ناونیشانی نەخۆشخانەکان، و ئیمەیڵە فەرمییەکان یەکبخرێن.

٤- هەڵمەتێکی هاوشێوەی (KyivNotKiev): ئاراستەکردنی فشاری فەرمی لەسەر کۆمپانیاکانی گووگڵ، یونسکۆ، و سیستەمەکانی فڕۆکەوانی، بۆ ئەوەی تەنها ئەو ناوە یەکگرتووە بەکاربهێنن و کۆتایی بە پاشکۆیەتیی ناوە شێوێندراوەکە بهێنرێت.

سلێمانی زۆر لەوە گەورەترە کە لە ناو گێژاوی پیتە ئینگلیزییەکان و کورتکراوە بێ مانا تەپێنراوەکاندا ون ببێت. چوونە ناو جیهانی گەورە و پاراستنی ئاسایشی ناوبانگ لە یەکخستنی ناوەکەیەوە دەست پێدەکات؛ ئەگەر ناوەکەمان یەک نەخەین، هەرگیز ناتوانین پێگەی شایستەی خۆمان لەسەر نەخشەی جیهان داگیر بکەین.

گەلەری