سەردێڕ:

ترس لە کورد و پاشەکشەی ئۆجەلان!

PM:07:52:27/02/2026
1652 جار خوێندراوەتەوە
پەری محەمەد
+ -

پەیامی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان : لە ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و پاش ساڵێک، ئۆجەلان ئەمڕۆ دەڵێت: "هاووڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بێت نەک نەتەوە، تورک بە کورد نابێت و کوردیش بە تورک نابێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێمە قۆناغی نەرێنیمان تێپەڕاندووە و پێویستە هەنگاو بۆ قۆناغی ئەرێنی بنێین. ئەم سەردەمە، سەردەمی ستراتیژی نوێی سیاسییە کە دەبێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە بکرێتەوە، لەسەر بنەمای ئاشتی و سەروەریی یاسا، هەروەها پێویستە پەکەکە واز لە توندوتیژی بهێنێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن لە تورکیا، یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین پرسەکانی ئێستا، پرسی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانە لە دوورگەی ئیمرالی.وەک دەزانین ئەم بڕیارە هەروا بەسەرپێیی و بە ئاسانی و بێ مەرج تێناپەڕێت، چونکە ئەمە پەیوەندیی بە هەوڵ بۆ گۆڕانکاریی نوێ لە دەستووری تورکیا و گەرەنتیی مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا هەیە،ئەمەش وەک تەنها ڕێگە بۆ مانەوەی ئەردۆغان دەبینرێت، پلانەکەش بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیایە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەم هەنگاوانە پێویستی بە دەنگی لایەنەکانی ناو هۆڵی پەرلەمانە، دەبێت زیاتر لە ٣٦٠ دەنگی هەبێت تا بتوانێت پڕۆژەی دەستووری نوێ ڕیفۆرم بکات.بۆ تەواوکردنی ئەم ژمارەیەش، بەبێ گەرەنتیی دەنگی کورد یان "دەم پارتی" گەیشتن بەم ئامانجە ئەستەمە. لە بەرامبەر ئەمەدا کورد داوای مافی کۆنکرێتیی خۆی دەکات، کە گرنگترینیان پرسی ئازادیی ئۆجەلان و مافە نەتەوەییەکانی کوردە لە تورکیا.

بەڵام تورکیا بە ئاسانی ئەم هەنگاوە نانێت مەگەر دڵنیا بێت لە جیدیەتی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و بابەتی قەندیل. بۆ ئەمەش ئەگەری هەیە ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالی بهێنرێتە دەرەوە و لە شوێنێکی دیاریکراو (ڕەنگە لە نزیک ئەنقەرە یان هەر شوێنێکی تری پارێزراو) نیشتەجێ بکرێت. لەژێر چاودێریی توندی هەواڵگریدا، ئازادییەکی مەرجدار و دیداری کەم و خێزانیی دەبێت،واتا تەنها ڕێگەی پێ دەدرێت چاوی بە ئەندامانی خێزانەکەی، پارێزەرە و شاندی سیاسی نوێنەرانی دەم پارتی بکەوێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی و ئاشتی بەڕێوە ببات.

کەواتە تورکیا لەبەردەم چەند ئەگەرێکی کراوەدایە، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و گەرەنتیی مانەوەی ئەردۆغان لە سەرۆکایەتی و ئازادبوونی مەرجداری ئۆجەلان، یان ئەو سیناریۆ ترسناکەی پەیوەستە بە پاشەکشەی ئێران و ئەو گۆڕانکارییانەی چاوەڕوان دەکرێت دواتر دەوڵەتانی تری هاوشێوە لە ناوچەکەدا بگرێتەوە، سیناریۆی دروستبوونی دەوڵەتی نوێ کە تورکیاش لێی بێبەری نابێت.

گەلەری