سەردێڕ:

وڵاتانی کەنداو تەنها لەوێنە بچوکەکەدا مەبینن!

PM:05:49:17/05/2025
1100 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+ -

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دوای سەردانێکی چەند ڕۆژە، بۆ هەرسێ وڵاتی کەنداو (سعودییە، قەتەر، ئیمارات) زۆر باسی هێنایە پێشەوە، یەکێک لەو باسانە لای زۆرێک تەنها بڕی ئەو ملیاران دۆلارەیە، کە پێیان وایە کەنداو لەچاوی سەرۆکی ئەمریکا مانگایەکی شیردەرە و بەس! سەرۆک ترەمپ، کەسایەتییەکی مامەڵەکاری هەیە، ئەو باش دەزانێت دەوڵەتانی کەنداو تەنها بازاڕێک نییە بۆ قازانج، بەڵکو چەرخێکی هاوسەنگی ناوچەیی و کلیلی وزەو دژ تیرۆر و هاوپەیمانیین، بەواتایەکی تر، لە گرنگی و ڕۆڵی وڵاتانی کەنداو تێگەیشتووە، کە چ پێگەیەکیان هەیە لەهاوکێشەی ئەمنی و ئابوریی جیهانیدا.
وڵاتێکی وەک سعودییە، ترەمپی سەرۆک بە تایبەت لە ڕۆڵ و پێگەی زۆرباش تێگەیشتووە بەتایبەت لە پرسی ئێران و ڕوسیا و ئۆکرانیادا، سعودییە و ئێران کە ئێستا پەیوەندییەکانیان لە ئاستێکی باشدایە، دوای چەند دەیەیەک لە ئاڵۆزی و ناکۆکی نێوانیان، کە چین کلیلی ئەو پەیوەندییە باشەی ئێستایانە، ئەمریکا مەبەستێتی سود لەو پەیوەندییە وەربگرێت، کە خزمەتێکی کاریگەر دەبێت بۆ ئەوەی گرێبەستە زەبەلاحەکانی نێوان ریاز و واشنتۆن، بەسەلامەتی لەداهاتودا، ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت.

ئەمە جگە لەوەی سعودییە توانیوێتی لەماوەی جەنگی سێ ساڵەی ڕوسیا و ئۆکرانیادا، بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و لەنێوان هەردولایەندا ڕۆڵی باش بگێڕێت.

ئەوەی بەلای ئیدارەی ترەمپەوە گرنگە، وڵاتانی کەنداو بەتایبەت سعودییە، چیترهاوپەیمانێکی تەقلیدی نین، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ هاوسەنگی و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکان، ئەمە جگە لەوەی وەک ناوەندێک بۆ لێکتێگەیشتنە ناوچەییەکان دیاری دەکرێت و هەموو میحورەکان دەبڕێت، وەلێ جگە لەوەی ناوچەیەکی وەبەرهێنانی گرنگە، ڕۆڵی گرنگیش دەگێڕن لەنێوان وڵاتە زلهێرەکاندا و بۆ سەقامگیری پرۆژەکانی ناوچەکەو کلیلی پرسە جیهانییەکانی وەک وزە و ئیسلامی سیاسیشن.

بۆیە ناکرێت ترەمپ تەنها وەک بازرگانێک ببینین و پێمان وابێت تەنها بۆدۆشینی ناوچەی کەنداو گەشتی کردووە، بەڵکو پیاوێکی حیساباتی جیۆپۆلەتیکییشە، بەتایبەت لەم خولەی دووەمیدا جیاوازە و ڕەهەندو دیدگای فراوانتری هەیە.

گەلەری