پاساو بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سیاسی شەرمەزارییە
PM:05:19:13/02/2026
1856 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز رەئوف
+
-
کارەسات ئەوەیە، نوخبەی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس یان
ئەکادیمییەکانی وڵات و نووسەران، پاساویان هەبێت بۆ دەنگۆی دروستبوونی ئەنجومەنێکی
سیاسی لە کەسایەتی و سەرۆک و سەرکردەی حیزبەکان، پاساوێکی لەو جۆرە لەژێر هەر ناوێکدا
بێت ئەوپەڕی کارەساتە. ئەگەر نوخبە دیارەکانی شەقام و نێو کۆمەڵگە پاساویان لەژێر
هەر ناوێکدا هەبێت، جگە لەوەی دەبێت گومان ببەین بەوەی کە ئەوان مشەخۆری ئەو سیستەمە
سیاسییەن، ئەوە دەبێت ئیدانەی بۆچوونەکانیشیان بکرێت.
ئیشی کەسانێک کە خەڵک گوێیان لێ دەگرێت و بوونەتە
دەمڕاستی کۆمەڵگە، لەبری جووڵاندنی هەستی تاک و شەقام و دروستکردنی ڕای گشتی لە مەترسیی
وەها هەنگاوێک یان هەر هەنگاوێکی تری دوور لە پرەنسیپەکانی دیموکراسییەت کە پێویستی
هەنووکەیین و دەبێت ئیش بۆ جێگیرکردنی بکرێت، نەک بەپێچەوانەوە ئیرادەی خۆی تەسلیمی
واقیعێک بکات کە خۆی لە بنەڕەتدا باوەڕی پێی نییە، بەڵام بێ ئیرادەیی و بەتاڵ لە فیکر،
وای لێ دەکات بانگەوازیشی بۆ بکات!
کاری ئەم کەسانە دەبوو ئیشکردن بێت بۆ ئەوەی ڕۆڵ
بدرێتەوە بە دامەزراوە نیشتمانییەکان وەک پەرلەمان و دامەزراوەیەکی وەک دادگا لە دەستێوەردانی
حیزب و کەسایەتییەکان بپارێزرێت و ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان پێ بدرێت. خۆ گەر ئەمانە
هیچیشیان پێ نەکرێت، دەتوانن مرۆڤێک بن، خاوەن ڕوئیە و کەسێتیی خۆیان بن و ڕۆژێک لە
ڕۆژان شانازی بەوەوە بکەن، کە بەشێک نەبوونە لە هاتنەکایەوەی ئەنجومەنێکی وەها کە
هەمووان دەزانین هەموو ئەوانە دەبنە ئەندام و خاوەنی بڕیار تێیدا ئێستا ڕۆڵیان هەیە
لە لاوازکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و سبەی دەبنە ژەهر بۆ جەستەی دەوڵەت و دەبنە
هۆی ئیفلیجکردنی تەواوەتی دامەزراوە نیشتمانییەکان. بۆیە هەر لایەن و کەسایەتییەک
لەژێر هەر ناوێکدا پاساو بدات بە وەها ئەنجومەنێک، دەبێت سبەی ڕووی خۆی بشارێتەوە.