سەردێڕ:

ئەنفال و نان و هۆکاری نەناردنی مووچە

PM:02:18:08/05/2025
3048 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

میللەتی کورد لەناو جەنگ وململانێکانی مێژوودا هێجگار بەهێزبووە، توانیویەتی بەرامبەر ئەو هەموو لەشکرو داگیر کاری و قڕ کردنانەدا بمێنێتەوەو خۆڕاگربێت، نیچە دەڵێت، (ئەو گورزەی لێم دەدەن نەمکوژێ بەهێزم دەکات).

ئەگەر سەیری مێژووی دەسوەشاندنی ستەمکاران بکەیت لەدژی کورد، ئەو لێدانانە کوردی لە ناو نەبرد بەڵکو بەهێزی کرد بۆیە هێزی ناوەکی کورد توانی لەبەرامبەر جەنگی وجوددا خۆی راگرێ و قۆناغ بە قۆناغ دۆزی کورد بچێتە پێشەوە.

 لە باشوری کوردستان بەعس بەهەموو هێزی سەربازی و ئەمنی و هزری و وێرانکاری ویستی بەخەیاڵی خۆی کورد بسڕێتەوە، تا ئەو ڕادەیە سیاسەتی قڕکردنی لەپرۆسەی ئەنفالدا جێ بەجێ کرد، ئا لەو کاتەدا برایانمان لەجیهانی ئیسلامی خۆیان کردبووە کەڕەی شەربەت بگرە لەهەندێ ناوەندەوە رەوایەتیان بە بەعس دەدا بۆ قڕکردنی کورد.

جیهانی سەرمایەداری و کۆمۆنیستی لەسەردەمی شەڕی سارد و دواتریش لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دەنگی کوردیان نەدەبیست، ئێستا دۆزی کورد لەئاستی جیهاندا ژمارەیەکی حساب بۆ کراوە لە باشور سەرەڕای کەم و کوڕییەکان خاوەنی حکومەت و دام و دەزگای ئیعتیراف پێکراوە، هەر بۆیە بە بەردەوامی نەیارانی کورد لە بیرکردنەوەدا بوون بۆ شکاندنی هەرێم لە ڕێگای جۆراو جۆرەوە و بە ئامرازی جۆراوجۆر شەڕی ئابوری بەغدا لەتەک هەرێم لەو چوارچێوەدایە دەیەوێ لە ڕێگای شەڕی ئابورییەوە ئیرادەی مرۆڤی کورد بشکێنێت، لێرەوە پەیوەندی خەڵک و پرۆسەی سیاسی لە هەرێم لەبری یەکتر تەواوکردن بگۆڕێ بۆ یەکتر لەناوبردن.

دەتوانم بڵێم ئەم شەڕە ئابورییە کاریگەری نەرێنی لەسەرکۆمەڵگای کوردی دروست کردووە، نمونە رێژەی بێکاری زیادی کردووە ڕێژەی هەژاری زیادی کردووە و ڕێژەی دابران لەخوێندن زیادی کردووە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ئینتیمای تاک کردوە. ئەم بەئامانج گرتنەی بەغداد لەڕێگای شەڕی ئابورییەوە بەئامانج گرتنی حیزبە کوردستانیەکان نیە، بەڵکو بەئامانج گرتنی کۆی کۆمەڵگای کوردی و پرۆسەی سیاسی و دۆزی کوردە.

ئەوەتا جگە لەبڕینی موچەو بودجەی هەرێم شەڕەکەی وردترکردۆتەوە بۆ پەکخستنی بازاڕ و پەکخستنی بەروبومی خۆماڵی و ڕێگانادات بەروبومی کوردستان وەک (مریشک، هێلکە، پەتاتە و بەرهەمەکانی دیکە ) بەپێی پێویست بروات بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق وساغ بکرێنەوە. ئامانجی ئەم شەڕە ئابورییە ئەوەیە بەمانای ئەوەی کەهەین ئەوە نەبین ئەوەی کەبیری لێ دەکەینەوە چیتر بیری لێنەکەینەوە ئەوەی دەمانەوێ وەک کورد بیکەین نەیکەین لە توانا و پەیوەندیمان بەئامانجە گەورەکان جیامان بکاتەوە.

سەرئەنجام نایەوێ بەزانست و مەعریفە گەشە بەکۆمەڵگا بدەین بەڵکو دەیەوێ بزوتنەوەیەک و بیرکردنەوەیەکی نوێ لە کوردستان دروست بکات کار لە هزری مرۆڤی کورد بکات کە کوردبوون نەهامەتیە، بەداخەوە بەئاگایی بێت یان بێئاگای لەناو ماڵی کوردیدا دەنگی یارمەتیدەر هەیە بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی دژی هەرێم بەڕێوەدەچێت، ناشبێ ئەوەش نادیدەبگرین پەرتەوازی ناوماڵی کورد بە تایبەتی گوتاری حیزبی کوردی و تایبەتی تر پارتی و یەکێتی، ئەو دارەمان داوەتە دەست بەغدا تا بیکێشێ بەسەرماندا ئەگینا بەغدا بەهێز نیە و لەهەرێم دیموکراتی تر نیە، ئەوە گوتاری شێواوی کوردییە ئەوانی بەهێزکردووە.
بەکوردی و بەپوختی دۆخ و هەلومەرجی ڕژێمی بەعس ئەوە بوو توانی ئەنفالمان بکات دەسەڵاتی ئێستاش ئەوەیە دەتوانێ برسیمان بکات و بێنانمان بکات بەتایبەتی ئەوان دەزانن گۆڕنکاری لەناوچەکەدا بەڕێوەیە دەیانەوێ لە ڕێگای شەڕی ئابورییەوە ماڵی کوردی لە ئاستی سیاسی وکۆمەڵایەتی تەواو بترازێنن بۆ ئەوەی توانای بیرکردنەوەمان نەبێت کە خۆمان بۆ گۆڕانکاریەکان ئامادەکەین. بەڵام ئەزموون ئەوەمان پێ دەڵێ هەر چۆن ئەنفال نەیشکاندین، برسی کردنیش ناتوانێ بمان شکێنێ بەمەرجێ ئەحزابی کوردی و دەسەڵاتی کوردی پێداچونەوەیەک بەخۆیاندا بکەن پرسیار لەخۆیان بکەن ئێمە بۆ لاواز بوین بەرامبەر بەغدا، باوەڕم وایە کورد ئەوەندە خەڵکی ئاقڵی هەیە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە ئەگەر گوێ بۆیەکتر بگرین.

 

گەلەری