سەردێڕ:

وەكیلەكانی ( الله ) تەعالا كێن !!

PM:12:00:09/02/2023
12608 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مه‌لا كه‌ریم
+ -

زۆرن ئەوانەی بەناوی ( الله) وە فەتوا دەدەن و وەك بڵێی كلیلی دۆزەخ و بەهەشت لای ئەمانە و هەركەس بیانەوێ رەوانەی بەهەشتی دەكەن و هەركەسیشیان بەدڵنەبوو، راپێچی ( سەقەر)ی دەكەن. !!!

زۆرن ئەوانەی بە زەڕەبینی ورد دەگەڕێن تا ( پاساوێ) بدۆزنەوەو مۆری ( تەكفیر) و ( تەفسیق ) بەناوچاوی هەركەسەوە بنێن كە لە پشكنینی ئەمان دەرنەچوو؟؟!!

لەبەرامبەریشەوە، زۆرن ئەوانەی باوەڕیان بەتاكوتەنهایی ( الله تەعالا) نیە یان ئامادەنین دان بەو تاكوتەنهاییەدا بنێن، كەچی خۆیان داناوە پێش باوكە ئادەم و دایكە حەوا بچنە بەهەشتەوە!!

دواهەمین – نەك كۆتا- گروپی ئەم ( زۆران)ە، ئەو كەسانەن ( قل ) و (فل) لەیەك جیاناكەنەوە، بەڵام سیاسین، توێژەرن، هونەرمەندن، پیاوی ئاینین، دەرونزانن، كەشناس و فەلەكناسن، راڤەكاری وەرزشی و ئابوریناسن . !!

لەسەروبەندی روداوە خواكرد و تراژیدیا ئامێزەكانی چەند رۆژی رابردوی باكور و رۆژئاوای كوردستان، كەناخی هەموو مرۆڤایەتی هەژان، بەجیاوازی نەتەوەو ئایین و رەگەز و زمانەوە . لەم روداوانەدا، هەندێ بوونە وەكیلی الله تەعالا و لەبری هەوڵدان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان – ئەگەر بە پۆستێكی فەیسبوكیش بێت- بەداخەوە بەربوونە گیانی مردو و زیندووی باكور و رۆژهەڵات و وەك بڵێی تەنها ئەو دوو پارچەیە – كە خوا دەزانێ- سەرچاوەی خراپە و تاوان و سەرپێچی فەرمانەكانی خودان ؟؟!!

لەرۆژی مردنی یەكێك لە مناڵەكانی پێغەمبەری ئیسلام – درودی خوای لەسەر بێت- خۆر دەگیرێت، هەندێ لە خەڵكی شاری مەدینە دەلێن: ئەوەتان تەنانەت ( خۆری)ش هاوسۆزی پیغەمبەری ئیسلامەو لەبەر مردنی جگەرگۆشەكەی ئەو گیراوەو ماتەم دەگێڕێ!!

پێغەمبەری ئیسلامیش دەچێتە سەر مینبەر و وتارێك ئاراستەی ئەو كەسانە دەكات و دەڵێت: (( خۆر و مانگ دوو دروستگراوی خودان، نەبۆ مردنی وەنەبۆلەدایكبوونی كەس لەكار ناكەون و راناوەستن ))!.

سەبارەت بەم روداوە ( جبران خلیل خلیل جبران) دەلێت: (( موحەمەد دەیتوانی ئەم روداوە بقۆزێتەوە و ئەو مقۆمقۆیەی دروستبوو، بیكاتە هەلێك بۆ فریودانی خەڵكی ، بەڵام ئەو سەرڕاستانە قسەی خۆی كرد )).

گومان لەوەدا نیە – وە پێی رێنماییەكانی قورئان – هەر بەڵا و ناخۆشیەك روو لەمرۆڤەكان بكات، دەستی خۆیانی تێدایە. بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە سیستەمە ژینگەی و كەونێكە لەبیرخۆمان بەرینەوە. چونكە وەك هاتنی وەرزەكان سیستەمێكێ خودایی بەڕێوەی دەبات و یاسا و رێسایەك ئەم جیهانە بەڕێوە دەبات، روودانی بومەلەرزە دەكەوێتە ئەو چواچێوەیەوە.

ئەمە لەلایەك ، لەلایەكی ترەوە، ئەگەر بە پێوەری ئێمەومانان بێت- وەك مرۆڤ- دەبوو ئەو بومەلەرزەیە هەرزوو بیدایە لە هەندێ لەو ( سیتی)یانەی لە هەرێمی كوردستان هەن و بەچاوساغی كۆمەڵێ تاغوت و ستەمكار و لەشكڕ، بوونەتە شوێنی ئەوەی خوا پێناخۆشە!!

ماوەتەوە بڵێین:

روداوە خواكردو سروشتئامێزەكان، نیزامی خۆیان هەیە و سیستەمی وردی ئیلاهی بەڕێوەیان دەبات. دەكرێ و دوورنیە، ئەم سیستەم و نیزامە – هەندێ جار – بگۆڕێت و وەك سزایەك بەكاری بهێنێ بەرامبەر ئەو یاخیبوون و سنوربەزاندنەی هەندێ لەمرۆڤەكان ئەنجامی دەدەن .

لەم جۆرە روداوانەدا كاری ئێمەی مرۆڤ لێكدانەوەو شیكاری بێ بنەما و نازانستی نیە، بەئەندازەی ئەوەی كاری ئێمە بەهاناوەچوون و هاوغەمی و هاوسۆزیە بۆ قوربانیەكان، هەرچی بن و لەهەركوێ بن ، لەسنوری ئەو پەیوەندیانەی كۆمان دەكاتەوە .

گەلەری