سەردێڕ:

هاوڵاتی لە نێوان دیموكراسیەت و سیستەمی دیسپۆتیزمیدا

PM:09:39:26/05/2022
5448 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

هاوڵاتی لە نێوان دیموكراسیەت و سیستەمی دیسپۆتیزمیدا

 

دیموكراسی وەك دەستەواژەیەكی كۆنی یۆنانی سەدەی پێنجەمی پێش زاینییە، دیموكراسی واتە رەخساندنی بواری لێبوردەیی و فرەلایەنی و پێكەوە ژیان بە پێی بنەما دیموكراسییەكان، دیموكراسی واتە پاراستنی ماف و ئازادییەكانی تاك و كۆ لەژێر سایەی دەسەڵاتی یاسادا، لە دیموكراسی و فەرمانڕەوایی گەلدا هەمو بارودۆخە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكان لەبەرچاو دەگیرێت تاكو چارەنوس و مافەكانی خۆیان تێدا بەرقەرار بچەسپێنن.

دیموكراسی واتە هێنانە كایەی یەكسانی گشتی لە ڕێگەی یاسا بەسزادان و ڕای گشتیش بە لێپێچینەوە، بە مەرجێك یاساكان هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە كەسی و گشتییەكاندا دروست بكات لە پێناو ئەوەی ماف و بەرپرسیارێتی ون نەبێت و بەرژەوەندی دەسەڵات لەگەڵ بەرژەوەندی تاكەكەس و گەلدا بگونجێت، لەسیستەمی دیموكراسی كۆمەڵگای سیاسی رێكخراوتر ئەبێت و مرۆڤ و هێزە مەعنەوییەكانی بەرەو ئاستێكی یەكسان و باڵاتر ئەبات و كۆمەڵگاش لە چاوچنۆكی ئیرادە تایبەتییەكانی پارێزراوتر ئەكات، ئەمەش وا دەكات دەسەڵات لە سیستەمە دیموكراسییەكەدا دوچاری هەڵە نەبێت و سەرچاوەی خۆی لەگەلەوە وەربگرێت و لەڕوی پێناسە و ناوەرۆكیشەوە تەنها مەبەستی بەرژەوەندی گشتی بێت.

لەسیستەمی دیسپۆتیزمیدا كەسەرچاوەكەی بۆ دوو هەزار ساڵ پێشتر ئەگەڕێتەوە دەسەڵاتەكان لەدەست چەند كەسانێكدایە و بەرژەوەندییەكانیان وای خواستوە كە گەل پابەندی ئەو یاسایانە بكەن كە خۆیان دای ئەڕێژن و هەر خۆشیان لەسەرو ئەو یاسانەوە بڕیاری لەسەر ئەدەن، واتە لە سیستەمی دیسپۆتیزمیدا  هێزی جێبەجێكردن و بڕیار لەسەر كارپێكردنی یاساكان لەگەڵ ئیرادەی گشتیدا یەكناگرێتەوە.

لە هەرێمی كوردستان سیستەمی دیسپۆتیزمی وای كردوە كە بابەتی یاسا  گشتی نەبێت و دور نەبێت لە خواستی حیزب و بنەماڵەكان، ئەمەش وایكردوە چەمكی چاكە و یەكسانی و خۆشگوزەرانی نەهێنێتە نێو كۆمەڵگا و سیستەمێكی دیموكراسی كە ئەركی بریتیی بێت لە مافە سروشتی و یاساییەكان، لەم هەرێمەی ئێمە تا هەنوكە دەرفەت بە تاك و كۆمەڵگا نەدراوە تاوەكو لەپرۆسەیەكی دیموكراسی وەك هەڵبژاردندا بەر بەم فشار و سیستەمە مەترسیدارە دا بگرێت كە وایكردوە یاساكان تەعبیر نەبێت لە ئیرادەی گشتی، لەم سیستەمە دیسپۆتیزمییەی لێرەدا هەیە دادگا و دادوەرەكان بوون بە ئامڕازێك بۆ بەرەنگاربونەوەی ئازادی و دادپەروەری هاوڵاتیان نەوەك بەرەنگاربونەوەی ئەو ستەمكاری و قۆرخكارییەی كە حیزب و بنەماڵەكان دروستیان كردوە.

 یەكێك لە هۆكارەكانی بەردەوامی سیستەمە دیسپۆتیزمییەكە نەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارامە و خاوەن مۆڕاڵی سیاسییە كاتێك بەشداریكردنی هاوڵاتیان لەپرۆسەی دەنگدانی گشتییدا ئەیكەنە ئامڕازێك بۆ بەشداریكردن لەدەسەڵاتی گشتی بەڵام لە چوارچێوەی سیستەمە دیسپۆتیزمییەكە ئەمەش لە رێگەی گۆڕینەوەی ماف و ئازادییەكانی كۆمەڵگا بە دەسەڵات، بۆیە گەشەنەكردنی عەقل و فیكری ئێمە هاوكاتە بۆ بەردەوامی ئەم سیستەمە دیسپۆتیزمییە و ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆنانەی كە بەردەوام رێیان لە گۆڕانكاری و بواری مومارەسەكردنی ئازادییە راستییەكانیان گرتوە و نەیانتوانیوە ببنە دەسەڵاتێك كە سنور بۆ ئەم سیستەم و دەسەڵاتە دابنێن.


گەلەری