ڕێکەوتنێکی بەرپرسانە
PM:02:54:21/02/2026
1172 جار خوێندراوەتەوە
محەمەد مێرگەسۆری
+
-
ئەزموونی حکومڕانی زیاتر لە 30 ساڵەی هەرێمی
کوردستان، تەنها چوارچێوەیەکی ئیدارەدانی
جوگرافیا وپانتایەکی سیاسی نیە لە نێو حکومەتی فیدراڵی عێراقدا، کە لە دوایی ساڵی
2005 ڕوویەکی دەستوریی ویاسایی وەرگرتووە، بەڵکو پرس وبابەتێکی سیاسی و جۆرێک لە قەوارەی
هەبووە، کە هەندێجاربە فۆرمی سستمێکی دەوڵەتداری مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
مەودایەکان کەمتربوونەتەوە
لەم نێوەندەدا ڕەوت و ئاڕاستەی ئۆپۆزسیۆن هاتۆتەئاراوە
وهەنگاو بەهەنگاو گەشەی کردووە و بۆتە بەشێکی سوڕی سروشتی بوونی هەر جۆرێک لە حکومڕانی
و خۆبەڕیوەبردندا. بەڵام هەر لەسەرەتاوە بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە بەڕیەککەوتن و تۆمەت
بەخشینەوە بوونە دیادەگەلێکی نیگەتیڤی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانی دەستەڵاتدار،
تا کار گەیشتە ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی بیر لەبەشداریکردن و گەشەکردنی دامەزراوەکانی
حکومڕانیەکی ڕاستەقینەوبەهێز و سستمی یاسایی و دەستورنوسینەوە بۆ هەرێم بکات، بانگەشەی
ڕووخان و سەرەووژوکردنی ئەم ئەزموونەی بە هاونیشتمانیان دەدا. حکومەتی هەرێم و لایەنێکی
سەرەکی پێکهێنەریشی بێ لێکدانەوەی لێکەوتەکانی دەرکەوتن وبوونی ئۆپۆزسیۆن، ئامادەیی
هیچ جۆرە لێکتێگەیشتن و مەودای مومارەسەکردنی هیچ چەشنە کار وچالاکیەکی ئۆپۆزسیۆنی
نەدەدا، کە ئەم ڕوانینە ئەوەندەی تر گرفت وکێشەکانی هەرێمی قوڵتر کردنەوە و دواجار
سەریان کێشا بۆ داپلۆسین و ڕاوەدوونان و پاشان بەرتەسکبوونەوەی ئازادی بیروراو ڕادەربرین.
ئەمەش زیانی لە ئەزموونی هەرێم وەشاند و پاشەکشێی بەو پرەنسیپانە کرد، کە زۆر لە دۆستان
ئومێدی قەوارەیەکی نموونەیان لە نێو جوگرافیای ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشدا لەسەر هەڵچنی
بوو.
لە ئەزموونەوە بۆ بڕیاردان
دوو ئەزموونی دیاری ئۆپۆزسیۆنمان هەن، کە هەردووکیان
لە هەناوی فەراهەمکردنی کەشێکی لەباری ئازادی ڕادەربرینەوە لە شاری سلێمانی ودەوروبەری
هاتنەپێشەوە ، یەکیان بزووتنەوەی گۆڕانە لە ساڵی 2009 و ئەوەی تریان جوڵانەوەی نەوەی
نوێیە لە ساڵی 2017 ، کە لە کۆمەڵێک خاڵدا هاوبەشن و تاڕادەیەکیش لە شێوازی فۆرمەڵکردنیان
لەیەکدەچن بە تایبەت لەڕووی زەمینەسازی ناسین ودەرکەوتنیان،کە هەردووکیان میدیا و ڕاگەیاندنیان
کردبووە ئامرازی خۆناساندن و دواجاریش سەکۆی
ململانێ ودەرخستنی ناکۆکی وجیاوازییەکانیان لە نێو بیروباوەری ئایدلۆجیان گواستەوە
بۆ سەر مۆینتەر و پلاتفۆرمەکانی دیکە.
دواجار بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆیشتە حکومەت و لەگەڵ
لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت ڕیکەوت و بەپێی
ئەو ڕێکەوتنەش دەبوایە لە دوای شەش مانگ ئەو
مەرج و بەرنامەی لەسەری ڕێکەوتبوون جێبەجێ بکرێ وله ئەگەر جێبەجێ نەکردنیشیان
بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت دەکشێتەوە. بەڵام نە مەرجەکانی جێبەجێکرا ونە کاریگەریەکی
ئەوتۆشی کردە سەر ڕێرەوی حکومڕانی، ونە لە حکومەتیش کشانەوە. چونکە لە بنەڕەت ڕێکەوتن
وبەشداریکردن لە حکومەت بۆ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە شێواز وڕێرەوی حکومڕانی نەبوو،
ئەوەندە دۆزینەوە وداتاشینی پۆست وپلە وئیمتیاز بوو بۆ هەندێ لە کەسایەتی دیاری
ناو بزوتنەوەکە،لە کاتێکدا هاونیتشمانیان ئومێدێکی زۆریان لەسەر دەرکەوتن وبوونی
بزوتنەوە بنیات نابوو، بەشێوەیەک کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و یەکە ئیدارە سەربەخۆییەکان
زۆرجار باڵادەستی خۆیان نمایش دەکرد و بەئاسانی دەیانتوانی جوڵە بەڕای جەماوەری وشەقام
بکەن. ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەرێتەوە بۆ ئەو کەشەی پێشتر باسمان لێوەکرد وئەو
پشوودرێژییەی ی.ن.ک و سەرکردایەتیەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕەوتە ئۆپۆزسۆنەی
هاتبووەئاراوە.
دۆخی تازە
ئەم دۆخە درێژەی کێشا تا گەیشتینە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی
عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ، لەم ڕێکەوتە بەدواوە زۆربەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن
گەیشتنە خاڵی برواهێنان بە واقعێکی تازە، کە بریتیە لە تێکەڵاوبوون بەڕەوتی ڕووداو
و گۆڕانکاریە تازەکانی جیهان و ئەو تێز ونۆرمە نوێیەی ئەمڕۆی حکومڕانی لە جیهاندا،
کە خۆی لە هاوتەریبکردن وڕۆیشتن لەگەڵ هەنگاوەکانی حکومەت دەبینێتەوە، لەوانەیە پێکهێنانی
حکومەتی ئیتلاف وهاوبەشی ووڵاتانی ئەوروپا نموونەیەکی دیاری ئەم تێگەیشتنە تازەیە
بێت. واتە مەودای نێوان ئۆپۆزسیۆنبوون و لایەنەکانی حکومڕان زۆر لەیەکەوە نزیکە و ڕووداو
وپێشهاتەکانیش ئەوەندە خێران، کە زۆرجا لە توانای نە ئۆپۆزسۆنە کە خۆی داببڕێ لە گەیشتن
بە پایەکانی حکومڕانی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە ودروشمەکانی و نە لە توانای لایەنەکانی
حکومڕانیشە چاوەڕێی پاشەکشێ وپووکانەوەی
لایەنەکانی ئۆپۆزسۆن بکەن، تاکو هەر خۆیان بەڵێن و بەرنامەکانی هەڵبژاردنەکانی جێبەجێ
بکەن. لەم نێوەندەدا لە جوڵەیەکی بوێرانەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاری ڕێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.
گرنگی و ئامانج
گرنگیی ئەم ڕێکەوتنە لەوەدایە، کە بەشێکی زۆری ڕای
شەقام و جەماوەری کوردستان بە گشتی و بە تایبەت هەردوولا لەسەری کۆکن و هیوایەکی زۆریان
پێی هەیە. ئەمەش هۆکار و خاڵێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی بیروباوەڕی جەماوەری بە شێوازی
جێگۆڕکێی سیاسییانەی حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێڕەوی حوکمڕانی و
گرتنەدەستی دەسەڵات و هەروەها بەشداریی سیاسی. لەلایەکی تریش جۆرێک لە سەقامگیری و
ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەهێنێتە ئاراوە کە لەمەوپێش هەمیشە ئەو ململانێ و
ناکۆکییەی لەم زۆنە بە تایبەت و هەرێمی کوردستان بە گشتی خستبووە بەر هەڕەشە و مەترسیی
هەمەلایەنە.
ئەم دەستپێشخەری و ڕێکەوتنە لەم بارودۆخەی هەرێمی
کوردستان و کوردستانییانی پێدا تێدەپەڕێت، گەورەترین دەستپێشخەریی بوێرانە و بەرپرسانەیە
و هەوڵێکی دیکەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئارامیی گشتی بە ئاڕاستەی جێگیربوونی
دۆخێکی ئاسایی کە ئەمەش ڕاستەوخۆ خزمەت بە هەموو بوارەکان و لایەنەکانی ژیانی هاووڵاتییان
و پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و نەتەوەیی دەکات. هەروەها هاندەر و جۆرێک لە ڕێخۆشکەرەیە
بۆ بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانی و کێبڕکێی سیاسیی مۆدێرن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان
لە پێناو بینینی ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ لە کۆی ئاڕاستەی کۆمەڵگە و خزمەتکردنی گشتیی چین و
توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری.
ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی ئەوەی هەموو
لایەنەکانی دیکەش بچنە ناو ئەم ڕێکەوتنە و گەشە و وەچەرخانێک ببەخشنە سووڕی سیاسیی
ناوخۆی هەرێم و هاوسەنگکردنی هێزی ئیدارەدانی حکومەتی هەرێم کە خزمەت بە هەموو چین
و توێژ و جوگرافیای هەرێم بکات و ڕوویەکی گەشاوە بداتە هەرێم و ببێتە مایەی بازدانێک
لە مێژووی سیاسی و ئیداریی کوردستاندا.