سەردێڕ:

کورد دوای قۆناغی ھەڵبژاردن

PM:04:01:20/10/2021
8864 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

کە ئێرانیەکان موبارەکەی ھەڵبژاردنەکەی چەند رۆژی رابردوویانکرد و ھیوایان خواست کەحکومەتی داھاتوو ھەوێنی بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی عیراق و وڵاتانی ناوچەکە بێت، ئیتر دوای ئەمە تێپەرینی ئەم ئەنجامەی ھەڵبژاردنەکان بوە ئەمری واقع و ئەوانەی کە لەدوێنێوە لەبەردەم ناوچەی سەوز ھات و ھاوار دەکەن پێدەچێ شتێکی ئەوتۆ نەچنەوەو ھەڵدانی چادرەکانیشیان تەنھا بۆ دەستھێنانی ھەندێ پۆست و بەڵێنەو پێدەچێ دواتر بڵاوەی لێبکەن. ئەمە نابێت ئەوەمان لەبیربچێ کەسەدر و بەرەی سەرمەست بەئەنجامەکان جگەلەوەی کەبەخشکەیی سەرقاڵی دانوستانی پێکھێنانی حکومەتن، ھەورەھا ھەوڵیانداوە درز بکەنە نێوان لایەنەکانیئەوچوارچێوەی ھەماھەنگیە کە لەنێوان مالکی،عامری،حەکیم،عەبادی،فەیاز و موسەوی دروست بووە. بۆ ئەمەش حەکیم بەپێشوازیکردنی لەنوێنەرەکەی موقتدی، حەسەن عەزاری و پیرۆزبایی لەسەرکەوتنی گەورەی سەدریەکان ئەوشەقبوونە واقعیەی پیشان داین کەلەم ھەوپایمانیە کتوپرەدا بوونی ھەیە.
بەم لێکدانەوەیە، کورد لەبەردەم قۆناغی دوای پەسەندی ھەڵبژاردنەکان و سەرەتای دروستکردنی کابینەیەکی تازەی حکومەتی عیراقیدایە، ھەر بۆیە پرسیاری جەوھەری ئەوەیە کە کورد چی بکات؟ چۆن بەشداری بکات؟ لەنێوان بەرەی سەدر و بەرەی مالکی کامیان باشترن بۆ کورد؟ کورد دەبێت چۆن خۆی رێک بخات بەرەو بەغداد؟
کۆمەڵێک فاکتی گرنگ و کاریگەر ھەن، کەلەبەرچاوگرتنیان گرنگن بۆ کورد لەدوای قۆناغی ھەڵبژاردن کەبەکورتی تیشکی دەخەینەسەر، لەوانە:
١-خۆرێکخستنەوەی کورد خۆیەتی، واتا بەر لەوەی وەفدی لایەنە کوردیەکان بیر لەوە بکەنەوە کەلەگەڵ کێ و کام لایەن نزیک ببنەوە، پێویستە کورد خۆی رێکبخاتەوە و لایەنە کوردیەکان لەخۆیان نزیک ببنەوە. بەمانایەکی تر لەبری ئەوەی یەک لایەن یان دوان پێکەوە گفتوگۆ لەبەغداد بکەن ، ئەوا گرنگە ھەموو لایەنەکان کەژمارەیان ٦٣ کورسی پەرلەمانیە بکەونە دانوستانەوە. بۆئەمەش نەوەی نوێ و کۆمەڵ کەدەڵێن بەشداری حکومەت نابین پێویستە تێبینیەکانیان بەھەند وەربگیرێ و ھەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامیش ساغبکرێتەوە. ھەرچەند نەوەی نوێ و کۆمەڵ دەڵێن بەشداری لەکابینەی نوێ وەزاری ناکەین، بەڵام دەکرێ لەچوارچێوەیەکی گشتیدا و لەسەر مافە چارەنوسسازەکانی کورد وەک چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ئەودۆخە نەخوازراوەی کەلەناوچەکانی مادەی ١٤٠ دروست بوە، ھەروەھا لەسەر موچەی خەڵک و پێشمەرگە کۆدەنگیەکی نیشتمانی دروست بکرێ و ئاکامێکی ھەبێت.
٢-بەراورد بەخولی پێشتر، کورد چەند کورسیەکی لەوپارێزگایانە زیادکردوە کەناوچەی گەرم و ناکۆکی لەسەرن، لەکەرکوک پارێزگاری لەشەش کورسیەکە کردوە. لەموسڵ یانزە کورسی ھێناوە و چواری زیادکردوە. بۆیەکەمجارە لەسەلاحەدین(دووزخورماتو) کورسیەکی کورد ھاتوە. لەخانەقین(دیالی) پارێزگاری لەکورسیەکەی کردوە. ھەموو ئەمانە ھاوکارن بۆ ھەنگاونان بەئاراستەی دۆزینەوەی چارەسەری دەستووری و یاسایی لەم ناوچانەدا.
٣- لەنێوان ھەردوو بەرەشیعیەکەدا(سەدر) و (مالکی) پێویستە کورد نەبێتە بەشێک و پاڵپشتیکاری لایەک دژی لاکەی تر، ھەتا ئەوکاتەی ماڵی شیعی خۆی چارەسەری کێشەکانی خۆی دەکات. لەم نێوەندەدا مالکی تاقیکراوەتەوە، بەڵام ھیچ گرنتیەک نیە کە کاراکتەری رووخسار سەدری مەیلی ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەھەڵپەسێراوەکانی کورد، ئەمەسەرباری ئەوەی کە سەدر لەناواخنی رەوتە سیاسیەکەیدا باکگراوندێکی عەقائیدی و تائیفی ھەیە و لەرابردوودا تێروانینی نیگەتیفانەی خۆی لەسەر پێشمەرگەو فیدراڵیەتی عیراق نەشاردوەتەوە.
٤- کێشەی کورد لەحکومەتەکانی رابردوو، ئەوەبوە کەلەدوای بەشداریکردنی حکومەت، بۆجارێکیش موراجەعی ئەو خاڵ و بەڵێنانەی نەکردوەتەوە کەلە سەروبەندی رێککەوتنی لەگەڵ لایەنە شیعی و سونیەکان لەبەرنامەی حکومەت جێگیرکراوە و دواتر بەشێکی زۆریان تەنھا مورەکەبی سەر وەرەق بووە. 
ھەربۆیە پێویستە لەم گێمەی حکومەتی داھاتوودا سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەو بەڵێن و خاڵانە دیاری بکات کەرێککەوتنی لەسەر دەکات و لەئەگەری جێبەجێنەکردنیان ھەڵوێستی راستەوخۆی لەسەر کابینە وەزاریەکە ھەبێت. بێ دوودڵی ئەمەش زەمینەی لەباری خۆی ھەیە بەھۆی ئەو بەرە نارەزایەتیەی کەلەئاستی سیاسی (حەشدیەکان و ھاوپەیمانەکانی) و لەسەرئاستی کۆمەڵایەتی (بایکۆتی خەڵک و خۆپیشاندانەکان) بەرجەستەی دەکەن و مومکنە لەھەر ئان و ساتێکدا ، کابینە تازەکە توشی قەیران بکەن.

گەلەری