سەردێڕ:

کازمی... بژاردەی ویلایەتی دووەم

PM:02:59:16/09/2021
44136 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+ -

ھیچ شتێک لەوە گرانتر نیە کەلەعیراقدا قسە لەسەر سبەی بکەی، چونکە ئەگەری ھەیە کەلە لەحزەی کۆتایدا ھەموو شتەکان پێچەوانە ببنەوە و شتێک رووبدات کە کەس پێشبینی نەکردبێت.

ھەروەھا ھیچ شتێک بەقەدەر ئەوە نالۆژیکی نیە کەلەعیراقدا ، ھەر لەئێستاوە قسە لەسەر سەرۆک وەزیرانی داھاتوو بکەیت، بەتایبەتی کەھێشتا لەسەرەتای بانگەشەداین و دەیان دەرگای سەیرو سەمەرە لەبەردەم ئەم ھەڵبژاردنەدا بەکراوەیی ماونەتەوە

کازمی کەبۆقۆناغێکی راگوزەر و بۆ ئەنجامدانی چەند مەھامێکی دیاریکراو، وەبەرمەبنای خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ ھاتە پێشەوە. لەرووکەشدا وادەرکەوت کەدوای بەجێھێنانی ئەرکەکەی دوور دەکەوێتەوە و تەنانەت لیستی دروست نەکرد و گەنجەکانی مەیدانی تەحریری نائومێد کرد، بەڵام لەناواخن و قوڵایدا کاری گرنگ و ستراتیژی گرتە بەر بۆئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران لەویلایەتی دووەمدا، وەتوانی تارادەیەک لەم خەونەی نزیک بێتەوە لەرێگەی؛

١بەجێھێنانی پەیمانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کەلەکارنامەی کابینەکەی خاڵی بنەرەتی بوو

٢- پێکھینانی لیژنەکەی ئەبورەفیف ، بۆ رووبەرووبونەوەی گەندەڵی، کە لەماوەی ساڵی رابردوو کۆمەڵێک بەرپرسی گەورەی حکومی و ئەمنی و ئیستخباراتی زیندانی کرد، تەنانەت لەگەرێکیدا بەرپرسێکی ئیستخباراتی دایە دادگا لەسەر ئەوەی کەبەجل و بەرگی سەربازیەوە قورئانی پیرۆزی خوێندوەتەوە

٣- جوڵەی دیپلۆماسی کازمی و سەردانی وڵاتان. ھەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی ئیران و سعودیە، زیاد لەمە باس لەوەیش دەکرێ کەھەوڵی ئەوەی داوە کە رۆڵی ھەبێ لەدانوستانی ئەتۆمی نێوان ئیران و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەژنێف

٤- لەماوەی ساڵێک ، دوو سەرۆکی ئەمریکی لەکۆشکی سپی بینی. ھەفتەی پێشتریش لەتاران گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئیران پێشوازیان لێکرد، کەئەم کۆکردنەوانە لەبۆتەی پەیوەندیەکاندا گرنگ و کاریگەرن بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەعیراق

٥- لەماوەی مانگێکدا ئەنجامدانی (لوتکەی بەغداد )و ھاتنی ماکرۆن و پێشتریش پاپا بۆ عیراق، وە دوێنێیش کۆنگرەی گەرانەوەی پارە دزراوەکان لەدەرەوە.

٦- لەگەمەکەی سەدر کەپاشەکشەی کرد و دواتر پەشیمان بویەوە و ھاتەوە ناو ھەڵبژاردنەکان، ھیچ کەس وەک کازمی سودی لەمە نەبینی، تەنانەت خودی مقتدی لەوتاری گەرانەوەدا تەنھا بەکازمی وت سوپاست دەکەم

٧- راگرتنی ھاوسەنگی لەپەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان، ناردنی برێک پارە کە دوو سەد ملیار دینارە بەشێوەی سولفە. کەبەھیوا دەبین دوای ھەڵبژاردنەکان بەردەوام بێت، لەمەیشەوە جۆرێک لەھەماھەنگی بۆ دوای ھەڵبژاردنەکان لەگەڵ ھەرێم دروست کردوە

ھەموو ئەمانە دەربری ئەو حەزە شاراوانەن کەئەم پیاوە ھەیەتی بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەم و لەھەندێک باردا رەنگە لەناوەکانی تر شیاوتر بێت.

ئەمەسەرباری ئەوەی کەھێزەکانی حەشد و وەلائیەکان لەتۆڵەدا بۆی دەگەرێن و دەبێت چاوەروانی رۆژانی داھاتوو بین و ھەموو ئەگەرێک بخوێنینەوە، تا ئەو سنورەی کە بەنەکردنی ھەڵبژاردن یان بە ھەڵایسانی ئاژاوە لەسەر ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەشەوە.


گەلەری