سەردێڕ:

٦١ ساڵە کۆدەبینەوە

PM:09:22:26/05/2022
2652 جار خوێندراوەتەوە
حەسەن جاف
+ -

لە ساڵی ١٩٦١ەوە واتا شەست و یەک ساڵە سەرکردە و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکان کۆدەبنەوە و راوێژدەکەن و لێکەوتە و بەرهەمەکانی خەبات و تێکۆشانەکەیان لەبری ئەوەی ئێستا دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوینایە کەچی شەڕی ناوخۆ و لێکترازان و ماڵ جیاکردنەوەی چەند جارە و لێک دوربوونەوە بووە لەیەکەوە، خوێنی ئەو هەموو گەنجەش هەروا بە هەدەر چوو، کارەساتی ئەنفال و وێرانبوونی دێهاتەکانمان نەبوونە ساڕێژی برینەکان. وا ٣١ ساڵی دیکەش بەسەر تەمەنی حکومەت و ئیدارەکەماندا تێدەپەڕێت ئەمەی ئێستاشمان هیشتا هەر ساوایە.

وا جارێکی دیکەش سەرلەنوێ لە ژێر فشاری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا، هەردوو حیزبی سەرەکی دەسەڵات کەوتنەوە کۆبنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کەمیش وەک ساڵاتی تر دەستبکەنەوە بە کارکرن لە پرۆژە تەمەن درێژەکان، بەڵام لای خەڵکە وریاکەی هەرێم ئەو دەستە کەشفە و لەو باوەڕەدا نین ئەم جارەش فریو بخۆن و باوەڕ بەو شانۆگەریە بکەن. هەر بۆ خۆشکردنی باسەکە بەسەرهاتێکی ڕاستەقینەی سەردەمی دەستپێکردنی شۆرش دوای ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥ دەگێرمەوە چونکە لێکەوە نزیکن.

شەوێک لە شەوان و لە درەنگانێکدا پۆلێک پێشمەرگە دەچنە دێیەکی گوێ چەمی سیروان سەر ڕێگای دەربەندیخان کەلار و دەکەونە ناودێ و دەدەن لەدەرگای ماڵان بۆ ئەوەی سەرۆک خێزانەکان بڕۆن بۆ مزگەوت بە مەبەستی کۆبوونەوە.

خاوەن ماڵێک لە وەڵامی داواکاریەکانیان دەڵی برا ئێوە کێن؟ دەڵێن پێشمەرگەین و دەبێت بێن بۆ مزگەوت کۆبوونەوەمان هەیە، ئەویش دەڵێت جاشن یا پێشمەرگە ئەگەر برسیتانە بێنە ماڵەوە تێر بخۆن، پارەتان دەوێت دەتاندەمێ، شەش تەڵاقەی کەوتبێت دایکی ئێوە شویی نەکردووە من دێم بۆ کۆبوونەوەی مزگەوتی ئێوە و هەتا ئەم ساتە هیچیشمان بە هیچ نەکردووە و ئێوە وابن ناشبین بە هیچ، ئەگەر چی ئەم بەسەرهاتە بەداخەوە تۆزێک ڕەشبینی تیادایە بەڵام ڕووداوەکان بەو ئاراستەدا ڕۆیشتووە دەبێت وانەیەکی لێوە فێربین.

گەلەری