سەردێڕ:

موقتەداو مانۆڕەکانی

PM:03:41:26/10/2021
6728 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوڵەتیف
+ -

لە عێراقدا تەواوی رەمزە سیاسی و حیزبیی و مەزھەبیی و تەنانەت رۆحانیەکانیش سەرگەرمی مانۆڕی سیاسیین، مانۆڕ بۆ جڵەوگیریی حوکمرانی، بۆ کاریگەریی و مۆتیڤ لەسەر ئایندەی عێراق، بۆ پەیوەندی دیبلۆماسی و کەین و بەین لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، وە بۆ دۆخە سیاسی و ئابوریەکەی دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەمجارە.

بەڵام ھەرگیز کاراکتەرو رەمزێکی سیاسیی نابینینەوە لە عێراق، ئەوەندەی "موقتەدا سەدر" ی رێبەری رەوتی سەدر مانۆڕی مونەززەم و سیاسیی و لەف و دەوران بکات بە وەرەقەو گوتارە سیاسەکان و کورسیە بەدەستھاتوەکان و نوقتە بخاتە سەر دێڕو کرۆکی کێشەکان.

موقتەدا سەدر، کوڕی چوارەمی زەعیمی رۆحی و دینی کۆچکردووی ناوداری عێراق " محمد محمد سادق سەدرە" قوتابی سەیید کازم ئەلحائیری مەرجەعی ھاوچەرخ و دیاری عێراقی و دانیشتووی قومە، بنەماڵەکەیان ریشەیەکی کۆنی تائیفیی و مەزھەبی و دینی و حوکمرانییان ھەیە لە ناوەراست و خوارووی عێراق، ئەتباع و ئەولادو مەوالی ویلایەتی خۆیان ھەیە، دوای محمد باقر سەدرو باوکی و براکانی، بۆتە رێبەرێکی ئاینی و پێشرەوێکی دیاری شەقام و نارەزایەتیەکان زیاتر دەیەوێت خۆی وەک بیریارو موسڵیح و چاکەخوازێک و موفتی و مەرجەعێکی دینی نمایش بکات ھاوشێوەی جەمالەدینی ئەفغانی و مارتن لۆسەر کینگی ئەمریکی. ھەمیشە لە رێگەی ئەم مانۆرانەوە ھاوپەیمانێتیەکەی بۆتە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانیی و لە ھەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ ش، ٧٣ نوێنەری ئەنجومەنی نوێنەرانی مسۆگەر کردو بەوەش چەندین روخسارو کەسایەتی و رکابەری سەختی شیعەی خست و لە سەری سەرەوەی ھەرەمەکەدا خۆی ھێشتەوە .

بەڵام ئایا موقتەدا سەدر کە ئێستا بە شێری یەکلاکەرەوە ناودەبرێت، خاوەن پێگەی جەماوەریی و زۆرترین کورسی و دەیان حوجرەو ناوەندی عیلمیی و حەوزەی ئاینی و دەیان جومگەی ھەستیاری حکومیی و حیزبی و پارلەمانی و بازرگانی لە عێراق و ئێران و وڵاتانی دەرەوە، تا کوێ دەروات و قاچەکانی قوڕاویی نابێت و رێگای پێ ئەدەن بەردەوامی بەم مانۆرانەوە بکات کە جگە لە خۆی و کوتلەکەی ھیچ تاکێکی عێراقی سودی لێ وەرنەگرت تەنانەت بە گروپی تشرینیەکانیشەوە کە عێراقیان ھێنابوو بە چۆکداو حکومەتەکەی عادل عەبدول مەھدیان لە چەند مانگێکدا روخاند؟

ھەمیشە ئەم موقتەدایە بە فیگەری سەرەکی یەکلایی کردنەوەی قەیرانەکان و ھەمان کات ئەکتەری قەیرانسازی نوێ ھەژمار دەکرێت. خۆپیشاندانی ملیۆنی رێک دەخات، خۆپیشاندان و نارەزایەتی خامۆش دەکات، ھەم ئۆپۆزسیۆنەو ھەم دەسەڵات، ھەم لەبەرەی گەلەو ھەم سەربە مەرجەعیەت و حەوزەی قومەو ملکەچە بۆ بریارە سیاسیەکانیان، بەردەوام بیەوێت

حکومەتێک دەڕوخێنێت و ھەیەجانێکی سیاسی دروست دەکات لە بەغدادو ناوچەی سەوز، بە کورتی دەتوانین بڵێین بەشێکی سەرەکی گوتاری شیعی ئێستا لەدەستی ئەم خەلیفە عەمامە ڕەشەدایە.

لەلایەکی ترەوە ریفۆرم و چاکسازیی و چەمکی حکومەتی تەکنۆکراتیش یەکێک بووە لە دروشمە بەردەوامەکانی ناوبراو، ئەمە جگە لەوەی خاوەنی دەیان سەربازگەو سوپاو ھێزی میلیشیایی سەربازییە وەک سوپای مەھدی و لیوای رۆژی دوایی و سەرایا سەلام، کەچی ھێزی پێشمەرگە بە میلیشیا ناودەبات و داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکات ئەگەرچی تۆمەتبارە بە کوژرانی دەیان سەربازی ئەمریکی و تیرۆری کەسایەتییە دیبلۆمات و بیانییەکان و تیرۆری زانای ئاینی و مەرجەعی دیار عەبدولمەجید خوئی لە ٢٠٠٣، کەچی وەک دۆستێکی ئەمریکا و سوننەکانیش نواندن دەکات و بە کەسێکی نزیک لە عەرەبستانی سعودیی و ئیمارات دادەنرێت و دەیەوێت ئەندازەگیریی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز بێت، ئەگەرچی مانۆرەکانی ھەر زمانەوانییەو تا ئێستا نەیتوانیوە زیان بەو ستراتیژەی ئەمریکا بگەیەنێت، تەنانەت لە بریاری ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ترامپەوە لە مانگی ١٢/٢٠١٧ کە وتی من یەکەم سەرباز دەبم بۆ ئەو جیھادە دژی ئیسرائیل و ئەو بریارە چەندین ھەرەشەی کرد بۆ کۆکردنەوەی گروپە چەکدارەکان و سەرایاو لیواکانی، دیسان نەیتوانی ھیچ بکات و وەھم و مانۆر دەرچوو، تەنانەت لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆناشدا کەوتە ھەڵمەت و مانۆری سیاسی و بەتوندی ئەوەی راگەیاند کە ئەوەی ئەمریکاو ترامپ دروستی بکات ئێمە رەدی دەکەینەوە دواتریش دەرکەوت باشترین ڤایزەری بەکارھێنا.

بۆ گەلی کوردیش موقتەدا ھەمیشە مانۆڕسازبووە چ لە سەروەختی نوسینەوەی دەستوور لە ٢٠٠٥ تا ریفراندۆمی سەربەخۆیی و روداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەرو گرتنی کەرکوک و دواتر پاشەکشەی لەو شارە کە گوایە نایەوێت لەو پرسەوە تێوە بگلێت، ھەمیشە ھەناسەی رق و تۆڵەو موجامەلاتی تێکەڵ کردوەو کاراکتەری یەکلاکەرەوە نەبووە بۆ پرسە سیاسیەکانی کورد، کە ئەیتوانی زۆر لەوەی ئێستا باشتر بێت، لەکاتێکدا کوردو پارتە سیاسیەکانی کورد ھەرگیز لەو کەمتریان نەکردووە دژی فاشیزمی بەعس و دیکتاتۆریەتی سەدام.

ھەرکات خواستە سیاسیەکەی گونجاو بووبێت ھێرشی توندی کردۆتە سەر ھەرێمی کوردستان و توند یەخەی پێگرتووە. ئێستاش لە سەروبەندی پێکھێنانی حکومەتی نوێدا کاتێک ھێزو بلۆکە سیاسیەکان تا رادەیەک نەیانتوانی زۆرینەیەکی مەترسیداری فاشیزمی پەرلەمانی پێک بھێنن، ناکرێت وەک فیگەرێکی ئاسان و ساف تەماشای موقتەدا بکرێت و ئومێدی لەسەر دابنرێت و دەبێت رابردووی لەبەرچاو بگیرێت،

بۆیە کورد پێویستی بە راگرتنی باڵانس و یەک رەھەندیی لایەنەکان distance politic ھەیە بۆ دانوستان و پشتگیریی قوڵی سیاسیی ستراتیژیی بۆ پرۆژە دوورمەوداکەی کە دەوڵەت و قەوارەی کوردییە.


گەلەری