سەردێڕ:

جەدەلیەتی (أنا الحق) لە نێوان (سۆفیزم) و (سەلەفیزم)

AM:10:33:28/06/2023
9792 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مه‌لا كه‌ریم
+ -

چەند رۆژێكە هەردوو تاقمی سەلەفیزم و سۆفیزم هەرایەكی بێ مانایان ناوەتەوەو لەبری بایەخدان و خۆخەریككردن بە مەسەلە هەنوكەیی و هەستیارەكانی جیهانی موسڵمانان، خۆیان و خەڵكیان سەرقاڵكردووە بە چەند شتێكی نەزۆك و بیبایەخ و سەنگەرلەیەكگگرتن و .. لەولاشەوە خۆیان كردووەتە ( وەكیلی خودای گەورە)و وەك بڵێی ئەمان نوێنەری ئەو خودایەن و ( شیك – چەك)ی بەهەشت و لێخۆشبوونی خودایی لەگیرفانی ئەماندایە ؟؟؟!!!!

لێرەدا بەپێویستی دەزانین شەن و كەوێكی ئەو چەلەحانێ زڕ و بێ بەرهەمە، لەم چەند خاڵەدا بخەینەڕوو:

یەكەم: ئەم دوو چەمكی ( سۆفی) و (سەلەفی)یە بیدعەیەكی هەوەسئامێزن و لە سەرچاوەكانی شەریعەتدا ( قورئان و سوننەت) شتێك نیە بەناوی سۆفی یان سەلەفی، ئەوەی هەیە ( ئیماندار و موسڵمان)ە و بەس ..! ئەم دوو چەمكەش بەناچاری دەوترێن و هەركەسەو بۆ مەرامی خۆی بەكاریان دەهێنێ.

دووەم: شوێنكەوتووانی ئەم دوو تاقمە زۆر ناحاڵی و زۆر بێئاگایەنە دروشمگەلێ بەرز دەكەنەوە كە ڕابەرانی راستەقینەی ( تەسەوف) وەك غەزالی و ئەبویەزیدی بەستامی و شێخی گەلانی ، هەروەها رێبەرانی سەرڕاستی رێبازی ( سەلەفیەت) وەك ئیمام ئەحمەد و شێخی ئیسلام ئیبنو تەیمیە و ئیبنولقەیم و خەڵكانی تری هەردوو گروپ لێی بەرین .

سێیەم: هەم سەلەفیزمی جیهادی تەكفیری و هەم دەوڵەتی وە هەم سۆفیزمی گۆشەگیر و هەم دەوڵەتی، دەڵێین هەردوولا نەزانن بەرامبەر ئەوەی زانایان و پێشەوایانی وەك غەزالی و ئیبنوتەیمیە ناویان ناوە ( فیقهی واقیع) . وەگەرنا بانگەوازیان بۆ ئاینەكەیان دەكرد، نەك ئەم هاشوهوشەیان بۆ رێباز و تەریقەت و فیكری هەوەسئامێزی خۆیان .

چوارەم: دەبێ هەردوو تاقمی سەلەفیزم و سۆفیزم لەخۆیان بپرسن: داخۆ ئەم چەلەحانێ و شەڕەقسە و سەنگەر لەیەكگرتنە لەخزمەتی كێدایە؟؟ كێ سودمەندە؟؟ ئە گیرفانی كێ دەچێت؟؟!!

پێنجەم: پابەندیی جەماوەری ئیسلامدۆست و هۆشیاری ئایینی خەڵكی كوردستان لەئاستێكدایە، دوور و نزیك هەستی پێدەكەن، دەبوو تاقمی سۆفیزم و سەلەفیزم ئەمەیان لەبەرچاو گرتبایە و كاریان لەسەر ئەمە كردبایە و هەركەسەو لە سەنگەری خۆیەوە بەرگری لە پیرۆزیەكانی ئیسلام و مافە نەتەوەییەكانی میللەتە مەزڵومەكەی كردبایە، نەك بەپێچەوانەوە، بەرەفتارەكانیان هەردوو گروپ خەڵكی ( بێهۆش ) بكەن و سەرقاڵیان بكەن بە كۆمەڵی ( ئیشتیها)ی شەخسی و گروپی و حزبی . – بەڵێ حزبی بەمانا بابەتیەكەی - .

شەشەم: سەلەفیەت رێباز و رەفتارە نەك شكڵ و روالەت، تەسەوف مەسلەكی دونیا نەویستانەیە، بەهەردوكیشیانەوە، بەرگری لەمەزڵوم و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمكاری و ستەمكارانە، نەك بەپێچەوانەوە.

حەوتەم: هەرچی سۆفیزم و ئەهلی تەسەوف و شوێنكەوتووانی ئیمام حەسەنی ئەشعەری هەیە – خودای لێ رازی بێت- كۆببنەوە، رای سەلەفیەكی تەكفیری یان مەدخەلی و دەوڵەتی ناگڕۆن.

هەرچی سەلەفی تەكفیری و مەدخەلی و دەوڵەتیش هەیە بچنە بەرقاپی سۆفیەكان و قوربان قوربانیش بكەن، سۆفیەكان مسقاڵە زەڕڕەیەك لە قەناعات و بیروڕایان سازش ناكەن.. ئیتر ئەم فلیمسازی و خۆتوڕەكردن و تەشهیر و سوكایەتیكردنە بەیەكتری لەپای چی .. !!!؟؟

هەشتەم: ئەمڕۆكە سیكۆلاریزم ڕووبەڕوی گەورەترین شكستی ئایدۆلۆژی و سیاسی بووەتەوە، ئەركی ئیسلامدروشمانە ( بە گروپی سۆفیەكان و سەلەفیەكانیشەوە) كار لەسەر تەوزیفی ئەو شكستە بكەن و بیقۆزنەوە بۆ خزمەتی ئامانجەكانیان. نەك بەشێوەیەك لەشێوەكان – وەك دەبینین ببنە بڵندگۆیەك بۆ ئەو ئایدۆلۆژیا ڕزیوەو پیادەكارانی - .

ماوەتەوە بڵێین: نەسۆفیزم و نە سەلەفیزم و نە ئەحزابی سیاسی ئیسلامی، ئەمانە هیچكامیان نوێنەری خودا نین و ئایین تاپۆی ئەمانە نیە .. ئەمانە گەر بریارە كار بۆ سەرخستنی ئاینی خودا بكەن، فەرموون ئەوە عەرز و ئەوە گەز.. نەك لەسەر حسابی یەكتر ؟؟!!؟

تكایە وەك لە قورئانەكەی رێنمایكاری هەمواندا بە ئێوەی سەلەفی و سۆفیشەوە هاتووە ( كل یعمل علی شاكلته) ، بانگەشە بۆلای خودا بكەن نەك بۆ تاقم و گروپ و دەستە ..

بیریشتان نەچێ!!! نە ئێوە و نەهیچ تاقم و تاقمۆیەكی ئیسلامدروشم ، وەكیلی خودا نین و بەناوی ئەوەوە خەڵك فریو مەدەن و چەواشەی مەكەن... با شینی هەمووان شینی ( حوسەین) بێت، نەك شینی ( هەریسە)كە ؟؟؟!!

گەلەری