هۆکار و چارەسەرەکانی لاوازیی دەم و چاو

PM:05:46:29/11/2022

9160 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی خۆراک ئاشکرایکردووە، بەشێکی بەرچاو لە خانمان کێشەی لاوازی دەم و چاویان هەیه و هەمیشە، ئەو پرسیارە دووبارە دەکرێتەوە چۆن بتوانن دەم و چاویان قەڵەو بکەن یا کام دەرمان گونجاو و بی زیانە بۆ قەڵەوکردنی روخساریان.

کامەران رەسول ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، بە گشتیی ئەوانەی دەم و چاویان لاوازە دەکرێن بە سێ گرووپەوە :

یەکەم: ئەو کەسانەی کێشیان کەمە و لاوازن: ئەم کەسانە لە ڕێگای زیادبوونی کێشەوە دەم وچاویان قەڵەو دەبێت .

-دووەم: ئەوانەی کێشیان نۆڕماڵه بەڵام کێشەی لاوازی دەم و چاویان هەیە: دەتوانن لە ڕێگەی بەرنامەی خۆراکی و وەرزش و بەکارهێنانی هەندێک دەرمان و تەواوکەری خۆراکی و ڤیتامینی گرنگ بۆ دەم وچاو و هەندێک گیراوەی سروشتی یا کرێم و مەڵحەمیتایبەتەوە چارە دەکرێن.

سێیەم: ئەوانەی کێشان زۆرە یا قەڵەون بەڵام دەم و چاویان لاوازە: چارەسەری ئەم جۆرە کەسانە لەوانی تر قورسترە بەڵام بە هەمان ڕێگاکانی جۆری دووەم چارەسەر دەکرێت لەگەڵ پابەندبوون بەڕێجیمی خۆراکی هاوسەنگ و دەوڵەمەند بە پڕۆتین و سەوزە .

ئەو پسپۆرە بەمجۆرە هۆکارەکانی لاوازی دەم و چاوی خستووەتە ڕوو:

یەکەم: لاوازی و کەمی کێش و بەد خۆراکی .

دووەم: هۆکاری بۆماوەیی .

سێیەم: چوونە تەمەنەوە .

چوارەم: کەمی کۆلاجین و کەمی ڤیتامین و کانزاکان و وشکبوونەوەی جەستە لە ئەنجامی کەم ئاو خواردنەوە .

پێنجەم: سترێس و دڵەڕاوکێی بەردەوام و خەمۆکی.

شەشەم: شەونخوونی و کەمخەویی .

حەوتەم: ئالوودەبوون بە خواردنەوە کهولییەکان و ماددە هۆشبەرەکان.

هەشتەم: جگەرە کێشان و نێرگەلەکێشان .

نۆیەم: زۆر خواردنی شیرینی و چپس و خواردنی قووتوو و سیستمی خۆراکی ناتەندروست .

سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە کامەران رەسوڵ نوسیوویەتی، چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەندروستیی سەرەتا بە دەست نیشانی هۆکارەکەی دەست پێ دەکات لەگەڵ گرنگی دان بە نەهێشتنی ئەگەر بتوانرێت، چارەسەرکردنی هەر جۆرێک لەو جۆرانەی سەرەوە ئاماژەیان پێ دراوە کە بەپێی کێش و تەمەن و باری تەندروستیی گشتی ئەو کەسە دەگۆڕێت.

ئ.ل