ئەو ژنەی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کچەکەیدا هاوسەرەکەی لێی جیابووەوە هاتە دەنگ

PM:07:59:27/11/2022

37488 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی پیاوێک لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کچەکەیدا، رایدەگەیەنێت دایکی بوک سێ بە سێ تەڵاق دەدات، کاردانەوەی تۆرە کۆەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە، دواجار ژنی ئەو پیاوە هاتە دەنگ و وەڵامی هاوسەریی پێشووی دایەوە.

ماڵپەڕی عەرەبیە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ژنی پێشووی ئەو پیاوە ناوی نەجلا عوسمانە و پیشەی پەرستارییە، سەبارەت بە رەفتاری هاوسەریی پێشووی ئاشکرایکردووە، ئەوەی کردی ئابڕوچوونێکی گەورەبوو بۆ من و بۆ کچەکەم کە لە خۆشترین رۆژی کچەکەمدا و بە بەرچاوی ئامادەبووانەوە ئەو کارەی کردووە.

ئەو ژنە لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا وتوویەتی "من و هاوسەرەکەم بە فەرمی لە مانگی تەمموزی رابردووەوە جیابووینەتەوە، تەنها لە پێناو چاودێریکردنی منداڵەکانم و ئاگاداربوون لە کچەکەم تاکو دەگوازرێتەوە لە ماڵی مێردەکەی پێشووم ماومەتەوە، لە دوای ئاهەنگی کچەکەم ماڵەکەم بەجێدەهێشت".

ئەو ژنە رەفتاری پیاوەکەی بەوە وەسفکردووە "هەوڵیداوە ناشرینم بکات"، خۆشەویستی منداڵەکانی لێوەبگرێتەوە و بە بەرچاوی هاوڕێ و خانەوادە و کەسە نزیکەکانی ئابڕووی بردووە.

لە بەرامبەردا پیاوەکە کە ناوی نەسرە و ئیشی قەسابە هۆکاری ئەو کارەی روونکردووەتەوە و وتوویەتی "ئەو قەیرانە بە جیابوونەوە کۆتایی هات و بە فەرمی بە بەرچاوی هەمووانەوە تەڵاقمدا".

لە پارێزگای دەمیات لە میسر گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە تیایدا پیاوێک لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کچەکەیدا ژنەکەی تەڵاق دەدات.

هەروەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیارە پیاوەکە مایکەکەی بەدەستەوەیە و دەڵێت "هەزار هەزار جار پیرۆزە لە بوک و زاوا، سەبارەت بە دایکی بوک ئەوا سێ بە سێ تەڵاقمدا و خۆی و خانەوادەکەی لە هۆڵەکە بچنە دەرەوە".

ئەم کارەی پیاوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئاماژە بەوەکراوە بەو کارەی بە بەرچاوی ئەو هەموو خەڵکەوە خۆشترین ساتی ژیانی کچەکەی تێکداوە.

ئ.ل