شەش رێگە بۆ هێشتنەوەی تەندروستی جومگەکان

AM:09:01:27/11/2022

3292 جار خوێندراوەتەوە

جومگه‌كان بریتین له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو ئێسك یان زیاتر، كه‌ پارێزگاری لێكردنیان و به‌هێزكردنیان كارێكی گرنگه‌، چونكه‌ هه‌ر داخورانێك له‌ جومگه‌كاندا ئازارێكی زۆر دروستده‌كات و هه‌میشه‌یش ده‌بێت.

بۆ پاراستن و ته‌ندروستی جومگه‌كان د.هه‌ڤین كه‌مال شاه‌ محه‌مه‌د پسپۆڕی ئازارو جومگه‌كان چەند رێگەکەیەکی ئاشکراکردووە بۆ پارێزگاریکردن لێیان، بەم جۆرە:

١. به‌رده‌وامبه‌ له‌ جووڵه‌كردن:

ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌میشه‌ وه‌رزش بكه‌یت، نه‌خێر، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌رده‌وام به‌ به‌جوڵه‌كردنی هه‌موو ماسولكه‌و جومگه‌كان، هه‌رگیز به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ مه‌مێنه‌ره‌وه‌، بۆ نموونه‌ وه‌ستان به‌ پێوه‌ی زۆر یاخود دانیشتنی زۆر، پێویسته‌ هه‌ركاتێك هه‌ستت به‌ ناڕه‌حه‌تی كرد ده‌ستبكه‌یت به‌ جوڵه‌، مانه‌وه‌ به‌ چالاكی یاریده‌ده‌ری جوڵانه‌وه‌ی شله‌ی ساینۆڤیه‌ڵ ده‌دات له‌ناو جومگه‌كاندا، كه‌ ناهێڵێت ئێسكه‌كان به‌ریه‌ك بكه‌ون و یارمه‌تی پته‌وبوونی جومگه‌و ماسولكه‌كان ده‌دات، بۆیه‌ ڕۆشتن بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك رۆژانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ باشترین وه‌رزشه‌كان.

٢.تا ئه‌توانیت ئاو بخۆره‌وه‌:

له‌به‌رئه‌وه‌ی كركراگه‌كان به‌ شله‌ی ساینۆڤیه‌ڵ یاخود لینجی داپۆشراون و له‌ڕاستیدا ٦٠% ی كركراگه‌كان له‌ ئاو پێكهاتوون، له‌به‌رئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی نه‌هێڵین جەستەمان وشكبێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌م ئاو بخورێته‌وه‌ دروستبوونی شله‌ی ساینۆڤیه‌ڵ كه‌مده‌بێته‌وه‌و رێژه‌ی داخوران و به‌ریه‌ككه‌وتن و ئازاری جومگه‌كان زیادئه‌كات، ئاو خواردنه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ به‌تایبه‌تی له‌وانه‌ی نه‌خۆشی رۆماتیزم یاخود ده‌رده‌شاهانه‌ (داء الملوك) یان داخورانی جومگه‌كانیان هه‌یه‌.

٣. ماسولكه‌ بنیاتبنێ:

له‌به‌رئه‌وه‌ی ماسولكه‌كان ئه‌ركی سه‌ر جومگه‌كان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌تا به‌هێزتربن پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر جومگه‌كان كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌، كێشی جەستە زیاتر سووك ده‌كه‌ن له‌سه‌ر جومگه‌كان، بۆیه‌ پێویسته‌ ھه‌وڵ بده‌یت ماسولكه‌كانی ده‌وری جومگه‌ گرنگه‌كانی جەستە به‌هێزبكه‌یت وه‌كو جومگه‌ی ئه‌ژنۆ، جومگه‌ی حه‌وز، كه‌ زۆربه‌ی كێشی جەستە هه‌ڵده‌گرن، هه‌روه‌ها ئه‌و ماسولكانه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی پشت و سكدا هه‌ن به‌هێزكردنیان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئازاری پشت.

٤. پۆستچه‌ر (شێوازی وه‌ستان و هه‌ڵسوكه‌وتمان)

به‌كارهێنانی شێوازی ته‌ندروست له‌كاتی وه‌ستان، دانیشتن، شت هه‌ڵگرتن، خۆدانه‌واندنه‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازارو پاراستنی ماسولكه‌و جومگه‌كان.

٥. خواردن:

گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی جومگه‌كانمان، هه‌ندێك خۆراك یارمه‌تی ته‌ندروستی جومگه‌كان ده‌دات، به‌پێچه‌وانه‌ هه‌ندێك زیان به‌ جومگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و خۆراكانه‌ی هه‌وكردن زیاد ئه‌كه‌ن له‌ جەستەدا وه‌كو شه‌كری دروستكراو، هه‌ندێك شیره‌مه‌نی دروستكراو، ئه‌و خواردنانه‌ی مادده‌ی پارێزه‌ریان (مواد حافضه‌)ی تێدایه‌ وه‌كو خۆراكی قوتو، سه‌وسج، گۆشتی سوور، ئاردی سپی، مه‌عكه‌رۆنی ئازاری جومگه‌ زیاد ئه‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌ دژه‌ هه‌وكردنن وه‌كو میوه‌و مزره‌مه‌نییه‌كان، دانه‌وێڵه‌ ته‌واوه‌كان و به‌هاراته‌كان ئازاری جومگه‌ كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌.

٦.كه‌مكردنه‌وه‌ی ستریس و گرژی باری ده‌روونی:

كاتێك باری ده‌روونی تێكده‌چێت و گرژده‌بێت، هه‌موو جەستە ده‌چێته‌ سته‌جی هه‌وكردن، كه‌ هه‌ندێكجار واده‌كات له‌ جومگه‌كان كه‌ هه‌وكه‌ن و بئاوسێن، هه‌روه‌ها سترێس ده‌بێته‌ هۆی ڕژانی هۆرمۆنی كۆرتیسۆڵ له‌ جەستە كه‌ ئه‌میش ڕێژه‌ی دروستكردنی كۆلاجینی پێویست بۆ جومگه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌و ده‌بێته‌ هۆی زوو داخورانی جومگه‌كان، هه‌روه‌ها گرژی باری ده‌روونی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر لاوازبوونی ماسولكه‌كان.

ر.ئ