میریام فارس داوای لێبوردن لە هەوادارەکانی دەکات

PM:02:55:22/11/2022

6292 جار خوێندراوەتەوە

گۆرانیبێژی لوبنانی میریام فارس دوای ئەوەی رایگەیاند ئەو گۆرانییە بۆ مۆندیالی وتووە پێنج ساڵی خایاندووە تاکو ئامادەیی کردووە، لەسەر ئەم قسەیەی داوای لێبوردنی لە هەوادارەکانی کرد.

ئەو هونەرمەندە لە تویتێکدا نوسیوویەتی "گۆرانی (توکو تاکا) کە پێشتر وتبووم ئامادەکردنی وشەکانی پێنج ساڵی خایاندووە، داوای لێبوردن دەکەم بە هەڵە وتوومە بەڵکو پێنج مانگی خایاندووە، نەک پێنج ساڵ".

روونکردنەوەکەی میریام فارس دوای ئەوەهات، دوو رۆژ پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا رایگەیاندبوو ئامادەکردنی تێکستی گۆرانییەکە پێنج ساڵی خایاندبوو، ئەم قسەیە رەخنە و توانجی بەدوادا هات، هەر بۆیە ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە، تێکستە عەرەبییەکەی پێنج مانگی خایاندووە و تێکەڵ بە موزیکی عەرەبی و شەرقی کراوە، وشەکانیش خوشکەکەی نوسیوویەتی.

گۆرانی "توکو تاکا" میریام فارس و نیکی میناج و مالوما بۆ جامی جیهانی قەتەری ٢٠٢٢ وتوویانە، بەڵام تێکستە عەرەبییەکەی و ستایلی ئەو هونەرمەندە لەلایەن هەوادارە عەرەبییەکانەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە و ئاشکرایانکردووە، تەقلیدی گۆرانیبێژی کۆڵۆمبی شاکیرای کردووە کە بۆ مۆندیالی ٢٠١٠ گۆرانییەکەی وتبوو، لە هەمان کاتدا وشە عەرەبییەکان زۆر بە رەقی دەڵێت و نەرمی و ئاستی هونەریی پێوە دیار نییە.

میریام فارس لەساڵی ١٩٨٣ لەدایكبووە لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بەكاری هونەریی كردووە، هاوسەرگیریی لەگەڵ بازرگانێكی ئەمەریكی كردووە، بەناوی "دانی مێتری" دوور لەچاوی كامێرا و میدیاكان، دوو منداڵی هەیە، ئەو هونەرمەندە چەندین گۆرانی و کلیپی هەیە و بەهۆی جوانی و سەما و سەرنجڕاكێشیەوە بە "شاژنی شانۆ" ناسراوە.

ئ.ل