ئایا فیلەری ژێر چاو زیانی هەیە؟

PM:07:59:20/11/2022

5304 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هەڵکسانی تەمەندا ژێر چاو رەش دەبێت و رەونەق و جوانییەکەی جارانی نامێنێت، زۆر کەس نۆ چارەسەری ئەم گرفتە پەنا بۆ دەرزی فیلەر دەبەن، لە هەندێک حاڵەتدا ئەم چارەسەرە جوانکارییە زیانی دەبێت.

دەرزی فیلەر چارەسەرێکی بێنەشتەرگەرییە و بۆ نەمانی رەشی ژێر چاو و قوڵییەکەی بەکاردەهێنرێت، کە شێوەیەکی جوان بە روخسار دەبەخشێت، فیلەر لە ماددەی ترشی هیالۆرۆنیک پێکدێت کە لە باری ئاساییدا جەستە بەرهەمی دەهێنێت، لە زۆرینەی حاڵەتیشدا کەسەکە پێویستی بە دەرزییەک دەبێت.

بەگوێرەی کۆمەڵگەی ئەمریکی بۆ نەشتەرگەریی جوانکاریی دەرزی فیلەر لەو وڵاتەدا نرخەکەی لە نێوان ٨٠٠ بۆ ١٠٠٠ دۆلاردایە و لە زۆرینەی حاڵدا ماوەکەی ٣٠ خولەک دەخایەنێت، کاریگەرییەکەی شەش بۆ ١٨ مانگ دەمێنێتەوە، بەپێی دەستەکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٣.٤ ملیۆن کەس لە ئەمریکا فیلەری ژێرچاویان کردووە.

میشێل فاربەر پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست بە ماڵپەڕی دێرمستۆنی ئەمریکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دوای دەرزی فیلەر ئاشکرایکردووە، لە دوای بەکارهێنانی دەرزی فیلەری ژێر چاو ئەو شوێنە بۆ رۆژێک یان دوو رۆژ سور یان شین دەبێتەوە، لە دوای هەفتەیەک بۆ  دوو هەفتەکە کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت، دوای نزیکەی دوو هەفتە دووبارە سەردانی پزیشک دەکەیتەوە بۆ بینینی ئەنجامەکەی.

سەبارەت بە مەترسی و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرزی فیلەر ئەم روونکردوەی داوە:

یەکەم: بەشیوەی گشتی ماددەیەکی پارێزراوە، بەڵام بۆ هەندێک کەس کاریگەریی نەرێنی هەیە.

دووەم: ئەو کەسانەی کیسی ژێر چاویان هەیە ئەگەری هەیە کیسەکە گەورەتر ببێت و بئاوسێت.

سێیەم: ئەوکەسانەی پێستیان زۆر شلبووە یان ئاوساوی ژێرچاویان هەیە نابێت بیکەن، لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەری هەیە پێویستیان بە نەشتەرگەریی هەبێت ئەگەر دەرزی فیلەری ژێر چاو بەکاربهێنن.

چوارەم: ئەگەر بە نیازی دەرزی فیلەری ژێر چاو بکەیت ئەوا خۆت لە خواردنی دەرمانی ئەسپرین و ڤیتامین ئی بەدوربگرە، بۆ ئەوەی شینبوونەوەت زیاتر نەبێت.

پێنجەم: لە هەندێک حاڵەتدا ئەم رێگەیە شکست دەهێنێت بەتایبەت ئەگەر ماددەکەی کوالیتی نەبێت، ئەوا گرنگە سەردانی پزیشکی باوەڕپێکراو بکەیت.

ئ.ل