برنج بە ڕووبەھەنار تامێکی خۆشی ھەیە و بەشێک لە خەڵکی حەز بە خواردنی دەکەن و بە مریشک یان گۆشت لێدەنرێت، لێرەدا چۆنییەتی ئامادەکردنەکەی دەخەینە ڕوو:
پێداویستییەکانی:
دوو پەرداخ برنج
ڕووبەھەنار
خوێ بەپێی پێویست
دوو پەرداخ ئاو
زەیت
کشمیش و بادەم و گۆشتی سورەکراو بۆ ڕازاندنەوەی
لەتکە نۆک بەپێی ئارەزوو
سەلکێک پیاز
مریشک
ئامادەکردنەکەی:
مریشکەکە دەکرێت بە چەند پارچەیەکەوە و خوێ و بەھاراتی مریشکی پێوەدەکرێت و لەناو زەیتدا سوردەکرێتەوە.
سەرەتا برنجەکە کەمێک لەتکەنۆکی تێبکە و بۆماوەی نیو کاتژمێر بیخوسێنە، دواتر بڕێک ڕۆن لەگەڵ پیاز لەناو مەنجەڵێکدا بقرچێتە و دوو پەرداخ ئاو و خوێکەی تێبکە، پاشان ڕووبەھەنارەکە بخەرە ناو ئاو و زەیتەکەوە تا کەمێک دەکوڵێن.
برنجەکەی تێبکە و لەسەر ئاگرێکی مامناوەند جێیبھێڵە تا ئاوەکەی ھەڵدەچنێت، ئاگرەکەی بۆ کز بکە و مریشکە سورەکراوەکان لەسەر برنجەکە بە ڕیز دابنێ و سەری مەنجەڵەکە داپۆشە، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر جێیبھێڵە.
لەکۆتایدا کشمیش و بادەمەکەی بۆ سوربکەرەوە و بیکە بەسەر برنجەکەدا و بە گەرمی لەگەڵ دۆ و سەوزە پێشکەشی بکە.
ئ.ل