ئایا دەزانیت شیردان بە منداڵەکەت ئەم گرفتانە دووری دەخاتەوە؟

PM:07:02:16/11/2022

2792 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە پۆستێکیدا ئاماژە بە سوودە گرنگەکانی شیردان بەمنداڵ دەکاتەوە و ئامۆژگاری دایکان دەکات کە لە شوێنێکی ئارامدا شیر بدەن بە منداڵەکانیان.

"دکتۆر نگین جەعفەر" پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، باس لە گرنگی پێدانی شیر دەکات لەلایەن دایکانەوە بۆ منداڵەکانیان و لەم کێشە و نەخۆشییانە دووریان دەخاتەوە، بەم جۆرە

١. هەوکردنی گوێچکەکانی.

٢. هەوکردنی سیەکانی.

٣. سکچوون و هەوکردنی ڕیخۆڵەکانی.

٤. کەمکردنەوەی ئەگەری قەڵەوبوونی کاتێک گەورە بوو.

٥. هەندێک لە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە بۆ نموونە شێرپەنجەی خوێن و لومفەکان

٦. مردنی لە ناکاوی منداڵی ساوا.

وەک ئاشکرایکردووە، شیردان جەستەی دایک دەپارێزێت لە کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە:

١. شێرپەنجەی مەمک.

٢. شێرپەنجەی هێلکەدان.

٣. کەم کردنەوەی ئەگەری توشبوون بە شەکرە.

شیردان پەیوەندی نێوان تۆ و منداڵەکەت پتەوتر دەکات و ئارامیەکی فراوان بە منداڵەکەت دەبەخشێ.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، لە کاتی شیردان بە منداڵەکەت کۆشش بکە لە شوێنێکی ئارامدا دابنیشیت، تەلەفۆن و تەلەفیزیۆن بکوژێنەوە، مۆسیقایەکی هێمن پێ بکە، سەیری چاوەکانی منداڵەکەت بکە و قسەی بۆ بکە، کۆشش بکە پەیوەندیەکی رۆحی و جەستەیی دروست بکەیت، ئەمە هەم بۆ تۆ باشە و هەم منداڵەکەت ئارام و ئاسودە دەکات.

دوای شیردان باوک دەتوانێت منداڵەکەی باوەش بکات، قسەی لەگەڵ بکات، دایبیەکەی بۆ بگۆڕێت، بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندی رۆحی و جەستەیی دەتوانێت بلوسی خۆی و منداڵەکە دابکەنێت و منداڵەکە بخاتە سەر سنگی، ئەم هەست کردنە بە گەرمی پێست و لێدانی دڵێکی ئارام منداڵکە ئارام و ئاسودە دەکات، بەڵامئاگادار بە خەوت لێ نەکەوێت و منداڵەکە بخنکێ لەسەر سنگت.
ر.ئ