یەکێك لە پاڵەوانەکانی زنجیرەی هاری پۆتەر کۆچیی دواییکرد

PM:10:52:14/10/2022

3712 جار خوێندراوەتەوە

ئەکتەری سکۆتلەندی رۆبی کۆڵترەین کە رۆڵی "هاگرید"ی لە زنجیرەی فیلمەکانی هاری پۆتەردا بینی لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "سکای نیوز"، بەڕێوەبەری کارەکانی کۆڵترەین ، بلێندا رایتی تەمەن ٤٠ ساڵ باسی لە وردەکاری مردنەکەی نەکرد و تەنها وتی، "خێزانی کۆڵترین سوپاسی گروپی پزیشکی نەخۆشخانەی فۆرس فالییان کردووە لە لاربێت بەهۆی ئەوەی چارەسەریان بۆ دەکرد".

هەروەها وتوویەتی، کۆڵترەین وەك کەسایەتی "هاگرید" لە یادەوەری خەڵكدا بۆ چەندین دەیەی داهاتوو دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشاوە، ماوەی ٢٠ ساڵە ئەو هونەرمەندە هەموو هەفتەیەك چەندین نامەی لە هەوادارەکانیانەوە پێدەگەشت و بە ئەکتەری دڵڕفێن و زیرەك ناودەبرا.

هەروەها جی کی رۆلینگی نوسەری "هاری پۆتەر" لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەك لەگەڵ کۆڵترەین وتوویەتی، "دوای رۆبی هیچ کەسێکی دیکەی وەك ئەو ناناسمەوە، ئەو بەهرەیەکی سەرسوڕهێنەر و دەگمەن بوو".

کۆڵترەین بەڕۆڵی کۆمیدی ناسرابوو، بەشداری لە چەندین دراما و فیلمدا کردبوو، کە دیارترینیان هاری پۆتەربوو، لەماوەی ژیانی هونەریشیدا کە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە دەستی پێکردوە پاڵێوراو بووە بۆ وەرگرتنی چەندین خەڵات.

وفاة الممثل الأسكتلندي روبي كولترين