خانمە ئەکتەری کورد ژیان ئیبراهیم خەیات لە خولی
هەشتەمین فێستیڤاڵی ئۆپن ۆڵد تۆرنتۆ لە کەنەدا بۆ فیلمی "راڕەوێک" بۆ
بردنەوەی خەڵات هەڵبژێردراوە.
لە ١٦ ئەم مانگە داهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "ئۆپن
ۆڵد تۆرۆنتۆ" لە وڵاتی كەنەدا بەڕێوەدەچێت، كە ماوەی ٣٦ ساڵە خەڵاتەكانی دابەشدەكرێن.
ژیان ئیبراهیم کچی هونەرمەندی کۆچکردوو ئیبراهیم خەیات بەهۆی
بەشداریی کردنی لە کورتە فیلمی "راڕەوێک"، وەک باشترین خانمە ئەکتەر لەو
فێستیڤاڵەدا پاڵێوراوە لەگەڵ هەردوو خانمە ئەکتەری کەنەدی ئێمیلی مەسێ و سۆفی
نەیشن لە کێبڕکێدا دەبن.
كورتە فیلمی "راڕەوێك" لە دەرهێنانی هەردی سەمیرە،
ساڵی ڕابردوو لە لەلایەن بەشی فیلمسازی زانكۆی سلێمانی بەرهەمیهێناوە، تا ئێستا زیاتر
لە سێ خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.
چیرۆكی فیلمەكە لە جۆری مێژوویی درامییە، باس لە باوكێك
دەكات، كە دوو كوڕی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە دەستگیركراون، دەبێت باوكەكە بڕیاربدات
كە كام كوڕەیان بكوژرێت.
لە فیلمەكەدا ژیان ئیبراهیم خەیات وەک ئەکتەر بەشدارە، هەر
بە بەشداریكردنی لەو فیلمەدا كە نێردراوە بۆ فێستیڤاڵەكە پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی
باشترین خانمە ئەكتەر.
ژیان ئیبراهیم خەیات، کچی هونەرمەندی کۆچکردوو ئیبراهیم خەیاتە،
لە ساڵی ۱۹٦۳ لە بنەماڵەیەکی
هونەردۆستی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٧ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی لە
سلێمانی تەواو کردووە، دوای تەواوکردنی پەیمانگاش، دەستی بەکاری نواندن کردووە و یەکەم
کاری هونەریشی بە ناوی "شانۆگەری ڕەزامەندیی" بووە، بەشداریی لە چەندین
شانۆ، دراما و کورتە فیلمدا کردووە، لەوانەش زیاتر لە ٣٠ شانۆ و زیاتر لە ٢٠
دراما، وەك "خولە پیزە، ژانی گەل، دراماکانی ڕەشەی پۆلیس، گەردەلوول، خەمی چۆلەکەکان
و زۆر درامای دیکە"، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە، لە پاڵ کاری نواندن،
لە باخچەیەکی ساوایان لە سلێمانی کاری مامۆستایەتی دەكات.
ئ.ل