ئامادەکردنی یاپراخی سڵق بە پەراسوو

PM:02:48:11/10/2022

3480 جار خوێندراوەتەوە

یاپراخ خواردنێکی ڕۆژهەڵاتیە بە گشتی، یاپراخی سڵق یەکێکە لە جۆرە باوەکانی خواردن کە بۆ بۆنە و سەیران زیاتر ئامادە دەکرێت، لێرەدا ئاماژە بە چۆنێتی ئامادەکردنەکەی دەکەین:
پێداویستییەکان:
دوو دەسک سڵق
سێ پەرداخ برنج
سێ پەرداخ ئاو
دەسکێک کەرەوز
سێ سەلک پیاز
دوو باینجان
 دوو کولەکە
نیو کیلۆ پەراسوو
پەتاتە و گێزەر بەپێی پێویست
سێ کەوچک دۆشاوی تەماتە
دوو بیبەری شیرین
دوو تەماتە
بەهاراتی یاپراخ
پاقلە یان لۆبیا بەپێی ئارەزوو
ئاوی نیولیمۆ
ئامادەکردنەکەی:
پاقلە یان لۆبیاکە دەکوڵێنیت و زەردی دەکەیت، دواتر لە بنی ئەو مەنجەڵەی بۆ یاپراخەکە دانراوە دایدەنێین، دواتر لاسکی سڵقەکەی دەکەینە سەر.
پەراسوی ئاژەڵەکە سوردەکەینەوە و دواتر کەمێک ئاو و خوێی تێدەکەین تاکو دەکوڵێت.
گەڵای سڵقەکە ئامادە دەکەین و دەیشۆینەوە لەگەڵ سەرجەم پێداویستیەکانی دیکە، دواتر تەماتە و کولەکە و باینجانەکە ناوەکەی هەڵدەکۆڵین لەگەڵ پیاز و بیبەرەکە و سوری دەکەینەوە، پێکهاتەکانی ناواخنەکەی بەجیا سوردەکەینەوە، دواتر کەرەستەکانی تر بە جیا سوردەکرێنەوە جگە لە تەماتەکە.
برنجەکە بشۆرەوە و لە دەفرێکی گەورەدا دایبنێ خوێ وئاوی لیمۆ و بەهارات و دۆشاوی تەماتەکەی بکە بەسەردا و تێکی بدە، پاشان ناوی هەموو پێکهاتەکان کە سورکراوەتەوە لەگەڵ تەماتەکە بکە بەسەریدا و تێکەڵی بکە.
گەڵاکان لەگەڵ تێکردنی برنجەکە بپێچەرەوە، دوای چینێک لە گەڵاکە پەراسووەکەی تێبکە، چینەکەی تری کولەکە و باینجان و تەماتە و بیبەرەکەی تێبکە، چینی کۆتایی سڵق بێت، ئەو لاسکەی گەڵاکان کە ماوە بیکەرە سەرەکەی.
لە کۆتاییدا ئاوەکە بکەرە ناو مەنجەڵەکەوە و قاپێکی پان بخەرە ناوی بۆئەوەی یاپراخەکان هەڵنەوەشێت، پاشان سەری مەنجەڵەکە داپۆشە، دوای نیو کاتژمێر ڕۆنی تێبکە و دووبارە سەری داپۆشەرەوە و ئاگرەکەی کز بکە، دوای کوڵاندنی لەگەڵ سەوزە و نان و دۆ پێشکەشی بکە.