گەورەترین پێشانگای شێوەکاری بۆ ئیسماعیل خەیات لە ئیمارات کرایەوە

PM:01:43:08/10/2022

4056 جار خوێندراوەتەوە

پیشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بە کارە ھونەرییەکانی ئیسماعیل خەیات ھونەرمەندی گەورەی کورد لە مۆزەخانەی شاری شاریقەی ئیمارات کرایەوە.

مۆزەخانەی شاری شاریقە یەکێکە لە مۆزەخانە جیھانییەکان و ساڵانە بۆ ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگ شێوەکارێکی جیھانی ھەڵدەبژێرێت و پێشانگای بۆ دەکاتەوە، بۆ ئەمساڵیش وەکو یەکەم ھونەرمەندی کورد ئیسماعیل خەیات ھەڵبژێردرا.

پێشانگاکە بە ئامادەبوونی نوێنەری حاكمی شاریقه "شیخ سالم بن عبدالرحمن القاسمی" و کونسوڵی عیراق ئامەد عەبدولحەمید و مەنال عەتایە بەڕێوەبەری گشتی هەموو مۆزەخانەكانی شاریقه کرایەوە.

پیشانگاکە ١٥٠ بەرھەمی لەخۆگرتووە و لە ١٤ ھۆڵی مۆزەخانەکە نمایشکراون و جگە لەمەش مۆزەخانەکە کتێبێکی ٢٠٠ لاپەڕەییان لەبارەی ژیان و بەرھەمی خەیات چاپکردووە.

ئیسماعیل خەیات بەھۆی باری تەندروستییەوە نەیتوانی ئامادەبێت، لەبری ئەو ھونەرمەند گەزیزە عومەری ھاوسەری و ھەیاس خەیاتی کوڕی ئامادەبوون.

گەزیزە عومەر خانمە هونەرمەند لەوبارەیەوە رایگەیاند: به ناوی خێزانی هونەرمەند ئیسماعیل خەیاتەوه سوپاس و پێزانینی تەواومان هەیە بۆ بەڕێوبەرایەتی مۆزەخانەی شاریقە بۆ ئەو هەموو ڕێز و ستایش و گرنگیی پێدانەی بەخشیانە پێگەی هونەری كوردی له ڕێگەی داهێنانەكانی هونەرمەند ئیسماعیل خەیاتەوە.
May be an image of 1 person, standing and indoor
May be an image of 4 people and people standing
May be an image of 5 people, people standing and indoor
May be art of 3 people, people standing and indoor