مەریوان سەفادین: کاری من پێویستی بە چەندین جار گوێگرتن هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵی بژیت

PM:05:27:17/09/2022

3820 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ مەریوان سەفادین ئاماژەی بە کارە هونەرییەکانی کردووە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین گۆرانی خۆی بڵاودەکاتەوە، وەک خۆی وتوویەتی "ئەم کارەم بە شاکارێکی جوانی خۆمی دەزانم، چونکە کاری من پێویستی بە چەندین جار گوێگرتن هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بژیت".

مەریوان سەفادین لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ئاشکرایکردووە، بەرهەمە هونەرییەکانی تەواوبوون و چاوەڕێی کاتێکی گونجاو دەکات بۆ بڵاوکردنەوەیان، سەرەتاش دەیەوێت بەرهەمێکی جوان بڵاوبکاتەوە، کە ئاوازی خۆیەتی و هەر یەکە لە شادمیر نامۆ و زیاد ساڵح و محەمەد پاکژ کاری هۆنراوە و میوزیک و ماستەرینگیان بۆ کردووە.

لە درێژەی نوسینەکەیدا دەڵێت "دەزانم هیچ کارێک بێ کەموکورتی نابێت، بەڵام ئەم کارەشم وەک ئەوانی دیکەم بە شاکارێکی جوانی خۆمی دەزانم، کاری من پێویستی بە چەندین جار گوێگرتن هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵی بژیت و بۆ هەمیشە هاوڕێت بێت".

مەریوان سەفادین لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە و ھەتا ساڵی ١٩٨٨ و کاتی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجە لەوێ ژیاوە، لە ساڵی ١٩٩٦ کوردستانی بەرەو ئەورووپا بەجێھێشت بەجۆرێک دوو ساڵ لە ئەڵمانیا و ١٠ ساڵ لە ئایسلەند ژیاوە، پاشان چووەتە سوید، لە ساڵی ١٩٩٣ لە رێگەی بەھجەت یەحیاوە دەستی بە کاری ھونەریی کردووە، شەش بەرھەمی بەشێوەی تاک تۆمار کردووە، مەریوان یەکێک بووە لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد کە چەندین کۆنسێرتی لەگەڵ تیپەکە لە ھەردوو شاری ھەولێر و سلێمانی کردووە، تەنیا دوو ئەلبومی بەناوەکانی دییە لە ٢٠٠٢ و جێژوان لە ٢٠٠٦ بڵاو کردووتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە چەندین گۆرانییشی بە شێوەی تاک بڵاوکردووەتەوە.

ئ.ل