لە شاری سلێمانی دوای
سێ ساڵ لە پێکهێنانی هاوسەرگیریان ژن و پیاوێک بۆیان دەردەکەوێت خوشک و برای شیرین
دادگای سلێمانی بڕیاریداوە ژن و پیاوەکە لەیەکتری جیابکاتەوە.
دوو هاوسەرەکە، دوای ئەوەی
لە رێگەی کەسێکی نزیکیانەوە پێیان رادەگەیەندرێت کە خوشک و برای شیرین، سەرەتا کێشەکەیان
بردۆتە لای سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، تاوەکو دڵنیابن لەوەی لە رووی ئاینەوە رێگە
پێدراون، پێکەوە ژیان بەسەربەرن یاخود نا.
دواتر مامۆستا ئاینیەکە
وەڵامیان دەداتەوە کە لەروانگەی ئاینەوە خوشک و بران و چیتر ناتوانن وەک دوو هاوسەر
پێکەوە بن.
هاوکات، مامۆستا ئاینییەکە
ئەوە دەخاتەڕوو کەمنداڵ لەنێوانیاندایە و لەرووی شەرعەوە منداڵەکان هیچ کێشەیەکیان
نییە، چونکە پێشتر نەیانزانیووە خوشک وبران.
محەمەد عەبدوڵا پێنجوێنی
سەرۆکی لیژنەی فەتوا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو هاوسەرانە کەخوشک
و بران، پێویست بەتەڵاق ناکات، چونکە ئەوان خوشک و بران، ئەو منداڵانەشی لەنێوانیاندایە
بەخێوکردنی دەکەوێتە ئەستۆیان.
دوای بڕیاری مامۆستا
ئاینییەکە بڕیار دەدەن، لەرووی ئاینی و یاساییەوە لەیەکدی جیاببنەوە و روو لەدادگا
دەکەن، ئێستا دۆسێکەیان لەدادگایە و یاساناسێک لەدادگای سلێمانی بەئێن ئاڕتی راگەیاند،
یاساکان لە شەرعی ئاینی ئیسلامەوە وەرگیراوە و لەیاسای باری کەسێتیدا بەروونی
هاتووە ئەوانەی شەرع بەحەرام دایناوە، یاساش رەتیدەکاتەوە، بەپێی یاساکەش هاوسەرگیری
ئەو دوو هاوسەرە کەخوشک و برای شیرین هەڵدەوەشێتەوە.
سەرکەوت عەبدولقادر توێژەری
کۆمەڵایەتی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی شەرعی و یاسای و کۆمەڵایەتییە
ئەو دووکەسەی هاوسەرگیری دەکەن دەبێت لەچوارچێوەی ئەو سێ بنەمایەدا هاوسەرگیریەکە
ئەنجام بەبێ بونی یەکێک لەو بنەمایانە هاوسەرگیریەکە نادوست دەبێت و دەبێت هەڵبوەشێتەوە.
خوشک و برای شیری کاتێک
دروست دەبێت کە دایکێک شیر بە منداڵی کەسێکی دیکە دەدات، ئەو منداڵەو سەرجەم منداڵەکانی
خۆی دەبنە خوشکو برای یەکترو بە یەکتر حەرام دەبن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری،
لەماوەی سێ ساڵی رابردووشدا تەنها لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەمە ١٠یەم ژن و مێردن
کە بەو هۆیەوە لەیەکتر جیابونەتەوە.
زوهرە عەلی - سلێمانی