منداڵی تازە لە دایک بوو خەوی زۆرە، زیاتر لە ۱٦ بۆ ۱۷ کاتژمێر ئەخەوێت لە شەو و ڕۆژێکدا بەڵام کێشەکە
لەوەدایە کە کەمتر لە ۲ بۆ ٤ کاتژمێر بەسەریەکەوە دەخەوێت لە شەودا بێت یان لە ڕۆژ.
بۆچی خەوی منداڵی تازە لە دایک بوو چاوەڕوان نەکراوە؟
سووڕی خەوی منداڵی تازە لە دایک بوو زۆر کورت
ترە بە بەراورد بە تەمەن گەورەتر، هەروەها جۆری خەوەکەشی ( خەوی جوڵەی خێرای چاو)
جیاوازە، چونکە ئەو جۆرە خەوە بۆ گەشەی مێشک لەو تەمەنەدا زۆر گرنگ و پێویستە.
لە تەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتە منداڵەکە جۆری خەوەکەی ئەگۆڕێت
بە جۆرێک لە ڕۆژدا کەمتر ئەخەوێت و خەوی شەوی زیاد دەکات، زۆربەی منداڵ لە تەمەنی
٤ بۆ ٦ مانگی خەوی شەویان بۆ ۸- ۱۲ کاتژمێر زیاد دەکات.
چۆن ئەتوانیت خەوی منداڵەکەت باش بکەیت؟
۱.زۆربەی منداڵ لە تەمەنی
٦-۸ هەفتە لە توانایدا نیە بۆ زیاتر لە ۲ دوو کاتژمێر بەخەبەر بێت، بۆیە ئەگەر هەوڵ
بدەیت بۆ ماوەیەکی زیاتر بەهەڵساوی بیهێڵیتەوە، ئەوا زۆر ماندوو دەبێت و خەوی لێ تێک
دەچێت.
۲.هەوڵبدە کە یارمەتی منداڵەکە
بدەیت کە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا توانای جیاکردنەوەی شەوو ڕۆژی هەبێت، چۆن؟
ئەو جیاکردنەوەیە تا تەمەنی ٤ هەفتە زۆر گرانە
بەڵام لە دوای ئەو تەمەنەوە ئەو کاتانەی کە لە ڕۆژدا بەخەبەرە یاری زۆر لەگەڵ بکەیت
و ماڵەکەت بە ڕووناکی بهێڵەرەوە و پەردەی
پەنجەرەکانی ماڵەوەت لابدە، هەوڵ مەدە دەنگە دەنگی خۆت و ئامێرە کارەباییەکان یان
مۆسیقا کەم بکەیتەوە، بەڵام هەر کە ئێوارە هات ماڵەکەت تاریک بکەو بێ دەنگی و هادیئی
ماڵەکەت بپارێزە و یاری لەگەڵ منداڵەکەت مەکە ( فەرمووش لەکەس مەکە بۆ ماڵەوەت واتە
میوانداری مەکە لەو تەمەنەی منداڵەکەت).
۳.هەوڵ بدە لە منداڵەکەت تێبگەیت، چۆن؟
ئەبێ نیشانەکانی ماندوو بوونی منداڵەکەت بناسیتەوە
وەکو گوشینی چاو، ڕاکێشانی گوێچکە ( بەداخەوە زۆربەی دایک و باوکی کورد وا ئەزانن
کە ئەمە نیشانەی هەوکردنی گوێچکەیە)، زۆرتر خەواڵوو دیار بوو.
ئەگەر تێبینی ئەو نیشانانەت کرد هەوڵبدە یەکسەر
منداڵەکە بخەیتە جێگەی خەوتنەکەیەوە.
٤. هەوڵ
مەدە شێوازێکی تایبەتی بۆ خەوتن وەک لە باوەش گرتن تا ئەخەوێت یان مۆسیقا یان هەر
جۆرێکی تر کە لە داهاتوودا نەتوانیت بیکەیت چونکە کە گەورەش بوو هەمان شێوازی ئەوێت
بۆ خەوتن بۆیە باشترە پێش ئەوەی بخەوێت بیخەیتە جێگای خەوەکەیەوە.