ئەمڕۆ ٣٨ ساڵ بەسەر
کۆچی دوایی یەڵماز گونەی ناسراو بە باوکی سینەمای کوردیدا تێدەپەڕێت.
یەڵماز گونەی دەرھێنەر
و نووسەر و ئەکتەرێکی بەناوبانگی زازا و کورد بووە، بە باوکی سینەمای کوردی دەناسرێت
و لەماوەی ژیانیدا چەندین خەڵاتی جیھانی لەو بوارەدا بەدەستھێناوە کە گرنگترینیان
خەڵاتی ڤیستیڤاڵی (کان) بوو لە ١٩٨٢ـدا.
کورتەیەك لەبارەی
ژیانی "یەڵمازی گونەی"ـەوە:
یەڵماز گونەی لە ١ی نیسانی
١٩٣٧ لە گوندێکی یەنیجەی سەر بە پارێزگای ئەدەنە لەدایك بووە و بە رەچەڵەك کوردە، ھەر
لە ئەوێش گەورە بووە، دواتر لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ خوێندنی یاسا و ئابوری تەواوکردووە.
لە تەمەنی ٢١ ساڵییەوە
دەستی كردووە بە كاری سینەما، هەروەها گۆڤارێكی ھونەری دەردەكرد، بەهۆی حەزی
زۆرییەوە بۆ هونەر هەندێكجار چیرۆکیشی دەنووسی، هەر بەھۆی چیرۆکێکیشەوە لە ساڵی ١٩٥٥
سکاڵای لەسەر تۆمارکرا و درا بە دادگا.
لە ساڵی ١٩٥٧ بڕیاری ساڵ
و نیوێك زیندانی و شەش مانگ مەنفای بەسەردا سەپێنرا، بەهۆی ئەوەشەوە نەیتوانیبوو
درێژە بە خوێندنەکەی بدات لە ئیستانبول.
یەڵماز لە ساڵی
١٩٦١ زیندانی کرا و دوای ساڵێك ئازاد بوو،
لە ساڵی ١٩٧١ بەهۆی نوسینی و کارە هونەرییەکانییەوە کەوتە ژێر چاودێریییەوە، لە سڵی
١٩٧٢ بە تۆمەتی یارمەتی دانی شۆڕشگێرەكان
دەستگیر کراو و بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای دوو ساڵ بەر
لێبووردن کەوت و ئازاد کرا، لە هەمان ساڵدا جارێکی دیکە بڕیاری زیندانی بۆماوەی ١٩
ساڵ بۆ دەرکرا.
هەر لە زیندان دا گۆڤارێكی
بەناوی "گونەی" کە تایبەتبوو بە ھونەری و كولتووری بەڕێوەدەبرد، دوای
دەرچوونی ١٣ ژمارە گۆڤارەكەی ڕاگیرا و
دواتر بە ھۆی نووسراوەكانییەوە سکاڵای زۆری لەسەر تۆمارکرا کە دیاررتینیان بریتین
بوون لەمانە: لاواز كردنی ھەستی نەتەوایەتی، ھان دانی گەل بۆ تاوان، گاڵتە كردن بە
دەسەڵات و ئیعتیباری دەوڵەت و چەندانی تر، داوا دەکرا کە بۆماوەی ١٠٠ ساڵ زیندانی
بکرێت
ساڵی ١٩٨١ گونەی ھەڵهات
بۆ دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا لە تورکیا هێشتا زیندانی مابوو و چەندین ساڵ زیندانی
دیکەی بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەم هونەرمەندە خاوەنی
چەندین بەرھەمی ناوازەیە كە گرنگترینیان فیلمی
"ڕێگا"یە کە لە ڤیستیڤاڵی "كان"دا خەڵاتی دارخورمای زێرینی وەرگرتووە.
یەڵماز گیونەی کە بەھۆی
كەسایەتی ھەڵسوكەوتیەوە بە "پاشای ناشرین" ناسرابوو، دوای ساڵانێك ژیان
لە دوورە وڵات بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری پاریس لە فەڕەنسا لە
ساڵی ١٩٨٤دا کۆچی دواییکرد.
بەشێك لە بەرهەمەکانی:
- سەید خان
(١٩٦٨)
- گورگە برسیەكان
(١٩٦٩)
- پیاوێكی ناشیرین
(١٩٦٩)
- هیوا (١٩٧٠)
- هەدەفی زیندوو
(١٩٧٠)
- عوسمان پیادە
(١٩٧٠)
- بابە (١٩٧١)
- عیبرەت (١٩٧١)
- قاچاخەكان
(١٩٧١)
- بێ هیواكان
(١٩٧١
- بكوژەكان
(١٩٧١)
- سبەی دوا ڕۆژە
(١٩٧١)
- ئازار (١٩٧١)
- شیوەن (١٩٧٢)
- هاوڕێ (١٩٧٤)
- ئەندێشە
(١٩٧٤)
- داماوەكان
(١٩٧٥)
- (سورو) (١٩٧٨)
- دوژمن - ئینگلیزی
(١٩٧٩)
- ڕێگا (١٩٨٢)
- دیوار (١٩٨٣ )
