سوودە تەندروستیەکانی زیرە

PM:09:37:15/08/2022

16896 جار خوێندراوەتەوە

زیرە یەکێکە لەو تۆوانەی کە چەندین سوودی گرنگی هەیە بەهۆی دەوڵەمەندی بە ماددە خۆراکییە گرنگەکان.

د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بە گرنگترین سوودەکانی خواردنی زیرە کردووە کە دیارترینیان ئەمانەن:

١ . بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش: بە هۆی بوونی بڕێکی زۆر لە ماددەی ئاسن و ڤیتامینه‌کانی Aو C، ماددە دژە ئۆکسانەکان یارمەتی خۆپاراستن دەدات لە پەتا وەرزیەکان و ئەنفلۆنزا.

٢ . کاراکردنی کۆئەندامی هەرس: یارمەتی نەهێشتنی دڵه‌کزێ و ئازاری گەددە و ناوسک و کەمکردنەوەی غازات و باشتر هەرسکردنی خۆراک دەدات .

٣ . ڕێگریکردن لە کەمیی ماددەی ئاسن و کەمخوێنی بە هۆی کەمی ئاسن و چارەسەرکردنی .

٤ . یارمەتی دابەزاندنی ئاستی شەکری خوێن دەدات بە هۆی زۆرتر ڕژاندنی هۆرمۆنی ئەنسۆلین.

٥ . بەهێزکردنی تەندروستی کۆئەندامی هەناسە: چونکە ئاوسانی قوڕگ و گیرفانە هەواییەکان کەم دەکاتەوە و کۆئەندامی هەناسە پاک دەکاتەوە لە بەڵغەمی کۆبۆوەی ناو سیەکان جگە لەوەی دژە ڤایرۆس و بەکتریایە.

٦ . یارمەتی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خراپ و چەورییە سیانیەکان دەدات.

٧ . یارمەتی خۆپاراستن دەدات لە کۆمەڵێک نەخۆشی وەک هەندێك جۆری شێرپەنجە، بێهێزی ماسولکەکانی دڵ، تەسک بوونەوەی بۆریەکانی خوێن به‌هۆی بوونی فلاڤینۆیدەکان و ئەلکەلوێد و فینۆلەکان کە دژە ئۆکسانێکی بەهێزن.

٨ . بەسوودە بۆ پێست و کەمکردنەوەی زیپکە و چرچ و لۆچی و زوو پیر بوونی پێست .

٩ . یارمەتی زیاتر کردنی شیری دایک دەدات .

١٠ . یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات بە ڕێژەیەکی کەم چونکە ڕێژەی سووتانی چەوری بەرز دەکاتەوە و لە کاتی ڕێجیم کردن سوودی هەیە .