جێگر میدیا لەسەر گۆرانییە نوێیەکەی روونکردنەوە دەدات

PM:09:09:04/08/2022

56692 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی رەخنە لە بەرهەمە نوێیەکەی هەردوو هونەرمەند جێگر میدیا و شیلان ئاکچای گیرا، لەو بارەیەوە جێگر روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت هیچ سوکایەتییەکیان بە ئاینی ئیسلام نەکردووە.

جێگر میدیا حسێن لە لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وت "ئەم گۆرانییە گۆرانییەکی رەسەنی هونەرمەند حەسەن زیرەکە کە وەک قوتابخانەیەک ناوزەند دەکرێت لە هونەریی کوردیدا و ئێمەش خۆمان بە خوێندکاری ئەو هونەرمەندە دەزانین، وەکو یادگارییەک و شانازییەک لەگەڵ هونەرمەندێکی بەرێزدا ئەم گۆرانییەمان وتووەتەوە".

وتیشی "گۆرانییەکە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە گاڵتەکردن بە ئاینی ئیسلامی پیرۆز و بە حەجی پیرۆز و بە مەککە، بۆیە هەر کەس و لایەن و پەیجێک بیەوێت ئەم گۆرانییە و من و مێژووی میدیا حسێن ناشرین بکات ئەوە تەنیا بۆ خۆدەرخستن و ناوبانگ پەیدا کردنە".

جێگر رایگەیاند، سوپاسی هەوادارەکانی دەکات و چاوەڕوانی کاری جوانتر بن و لەسەرکەوتن و لوتکەدا بیبینن، روونیکردەوە کە بە تانەی کەس ئاستیان دانابەزێت.، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەم بابەتە تێکستی میدیا حسێن دەڵێت "لە لوتکە تێپەڕیووم سەگ لە باران ئەوەڕێت".

چەند رۆژێکە هەردوو هونەرمەند جێگر میدیا حسێن و شیلان ئاکچا دوێتێکیان بە ناو "فۆلکلۆر" بڵاوکردووەتەوە، هەر زوو بووە جێگەی رەخنەی هەوادارەکانیان کە سوکایەتی بە ئاینی ئیسلام دەکات، تەنانەت ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان رووپاک ئەحمەد لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی " بەداخەوە لە ئـێستادا دەبینین لە پاڵ ھونەردا بێڕێزیەکی یەکجار زۆر بە شەعایر و ئـاینی موسڵمانان دەکرێت کە ئـەمە جێگای قبول نیە، هەر بۆیە وەک ئـەرکی ھەمیشەییمان ئـەمڕۆ پەیوەندیم بە وەزیر کرد و ھەموو ھەوڵێک ئدەدەین بۆ ڕاگرتنی ئـەم گۆرانییە."

ئ.ل