ئامادەکردنی کێکی ترالیچە

PM:01:19:20/07/2022

34640 جار خوێندراوەتەوە

کێکی ترالیچە یاخود پێی دەوترێت کێکی تەڕ جیاوازترە لە جۆرەکانی تری کێک، چونکە ئەم جۆرەیان نەرمییەکی تێدایە، دەتوانرێت بۆ میوان و بۆنەکان و عەسرە چا ئامادە بکرێت:

کەرەستەکانی:

چوار هێلکە

کەوچکێکی چا خوێ

کوپێک شەکری وردە

دوو کیس پیکن پاودەر

کوپو نیوێک ئارد

نیو کوپ نیشاستە

کیسێک ڤانێلا

نیو پیاڵە شیر و ئاو

کەرەستەی سۆسەکەی:

کوپێک شەکر

نیو پیاڵە ئاو

نیوەی خامەیەکی بچوک

کرێم شانتی

ئامادەکردنی کێکەکەی:

سەرەتا سپێنەی هێلکەکان لە زەردێنەکەی جیادەکرێتەوە، سپێنەکەی لەگەڵ خوێ و نیو کوپ شەکر تێکەڵدەکرێت بەجۆرێک وەک کرێمێکی خەستی لێدەربچێت، پیکن پاودەرەکەی تێکەڵدەکرێت و دووبارە تێکدەدرێتەوە.

لە دەفرێکی تردا زەردێنەی هێلکە و ڤانێلا و نیوەکەی تری شەکرەکە و نیو پیاڵە ئاوی تێدەکرێت و تێکەڵدەکرێت، دواتر بە بەکارهێنانی هێڵەک وردە وردە ئارد و نیشاستەکەی بۆ زیاد دەکرێت و تێکدەدرێتەوە، ئەگەر هەویرەکە توند بوو نیو پیاڵە شیری گیراوەی بۆ زیاد دەکرێت.

گیراوەی سپێنەی هێلکەکە تێکەڵ بە هەویرە شلەکە دەکرێت و تێکدەدرێت، دەخرێتە ناو قاڵبی کێکەوە و لەناو فڕن دەکرێت.

ئامادەکردنی سۆسەکەی:

کوپێک شەکر لەناو تاوەیەکدا دەخرێتە سەر ئاگر تاکو رەنگەکەی مەیلەو قاوەیی دەبێت، دواتر نیو پیاڵە ئاو و خامەکەی بۆ زیاد دەکرێت و جوان تێکدەدرێت تاکو خەست دەبێتەوە، لەسەر ئاگر دادەگیرێت بۆ ئەوەی سارد بێتەوە.

کیسە کرێم شانتییەکە کوپێک ئاوی ساردی بۆ زیاد دەکرێت و بە میکسەر تێکدەدرێت، پاشان کێکەکە بە چیلکەی ددان چەند کونێکی تێبکرێت و بە کەوچکی چێشت شیری گیراوەی بەسەردا بکرێت بۆ ئەوەی نەرم بێت.

کرێم شانتییەکە بکرێت بەسەریدا، دواتر گیراوەی شەکرەکە بکرێت بەسەریدا و بەو جۆرە بڕازێنرێتەوە، لەگەڵ چا یان قاوە یان شەربەت پێشکەش بکرێت.

ئ.ل