نمایشی فیلمی "تەمی بابا" بەردەوام دەبێت

PM:03:30:10/07/2022

11112 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی رابردوودا یەکەم نمایشی فیلمی سینەمایی (تەمی بابا) لە ژانری (دراما ، تاوان ، نهێنی) کرا و بۆ رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبێت.

یەکەم نمایشی فیلمی سینەمایی تەمی بابا رۆژی هەینی، ٨ی تەمووزی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی بەرهەمهێنەران و ئەکتەرانی فیلمەکە، بە دەستپێکردنی مەراسیمێکی تایبەت و رۆیشتنی هەریەکە لە بەرهەمهێنەران و بەشداربووانی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووردا بەڕێوەچوو، بەشێکی زۆری ئەکتەر و سینەماکار هونەرمەند و کەسایەتی ناوداریش ئامادەی نمایشەکە بوون.

فیلمەکە لە لایەن ستافێکی کوردی پڕۆفیشناڵ بەرهەمهاتووە کە بە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان و کوالتی کاریان تێدا کراوە، بیرۆکە و دەرهێنانی (زانیار فەتاح)ە و لەم فیلمەدا ئەستێرە دیارەکانی کوردستان و چەند ئەکتەرێکی بە ئەزموون و نوێ بەشدران وەک (شەماڵی عەبەڕەش، هەڵوێست، هەردی سەلامی، هەژان هێرش، شوان کەریم، کاڵێ ئازاد، کاردۆ عەزیز، ڕزگار باهیر، ئاهورا)، ئەم فیلمە بەرهەمی مێترۆنۆم پڕۆدەکشنە و باهۆز نەسڕەدین بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە.

وابڕیارە نمایشی فیلمەکە لە رۆژانی جەژن و دواتریشدا بەردەوام ببێت بە ئامادەبوونی هەریەکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی لە بەردەم هۆڵی نمایشدا.