چاره‌سه‌ری لاوازی و که‌می کێش

AM:08:36:15/08/2021

6956 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرێکی زانستی خۆراک سەبارەت بە چارەسەرەکانی لاوازی کێش ئاشکرایکردووە، بەشێک لە خەڵکی کێشه‌ی لاوازی و که‌می کێشیان هه‌یه‌ و به‌رده‌وام دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، زۆربه‌یان بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌ندێک ده‌رمان به‌کارده‌هێنن و کێشیان زیاد ده‌کات، بەڵام دوای وازهێنان لە دەرمانەکان دووباره‌ کێشیان داده‌به‌زێته‌وه‌.

کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەی پزیشک و پسپۆڕی زانستی خۆراک لەو بارەیەوە کۆمەڵێک ئامۆژگاری خستووەتە ڕوو کە گرفتی کەمی کێش چارەسەر دەکەن، ئەوانیش:

یەکەم: دیاریکردنی کێشی نموونه‌یی به‌ گوێره‌ی باڵا و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز.

دووەم: ئه‌نجامدانی فه‌حسی پێکهاتووی له‌ش ( BMA ) بۆ زانینی ڕێژه‌ی ماسولکه‌ و چه‌وری و ئێسقان و ئاو له‌ جه‌سته‌دا.

سێیەم: وه‌رگرتنی زانیاریی ته‌واو ده‌رباره‌ی نه‌خۆش و مێژووی حاڵه‌ته‌که‌ و نیشانه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌کانی.

چوارەم: پشکنینی ئه‌و که‌سه‌ له‌ لایه‌ن پزیشکه‌وه،‌ بۆ ده‌ستنیشانکردنی هۆکاری لاوازی و زانینی ئه‌و شیکارانه‌ی پێویستن و دواتر دانانی ده‌رمان و به‌رنامه‌ی خۆراکی گونجاو.

پێنجەم: ئه‌نجامدانی شیکاری تاقیگه‌ و تیشک و سۆنار و هه‌ناوبینین به‌ گوێره‌ی پێویست.

شەشەم: چاره‌سه‌ری هۆکاری لاوازی ئه‌گه‌ر بتوانرێت

حەوتەم: به‌کارهێنانی ده‌رمانی زیادکردنی ئارەزووی خواردن و ته‌واوکه‌ره‌ خۆراکی و ڤیتامینه‌کان به‌ تایبه‌ت ڤیتامین بی کۆمپلێکس و زینک بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی به‌ گوێره‌ی پێویست به‌ڵام له‌ ژێر پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراکه‌وه‌، له‌گه‌ڵ پڕۆگرامی خۆراکی ته‌ندروست و گونجاو.

هەشتەم: پێویسته‌ ده‌رمان بۆ ماوه‌یه‌کی کورت و دیارکراو به‌کاربهێنرێت به‌ڵام ڕێنماییه‌کان هه‌میشه‌یین.

نۆیەم: ده‌رمانی زیادکردنی ئارەزووی خواردن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگه‌ پێدراو نییە له‌پڕ بوه‌ستێنرێن به‌ڵکو گرنگه‌ به‌ ته‌دریج که‌مبکرێنه‌وه‌.

دەیەم: هیچ ده‌رمانێک نییه‌ به‌ گه‌ره‌نتی ( % ۱۰۰ ) کێش زیاد بکات له‌ زانستی پزیشکی دا.

بۆ بوونی کێشی نمونەیی کامەران رەسوڵ ئەم ڕێنماییانەی ئاشکراکردووە:

یەکەم: زوو هه‌ستان لە خەو، خواردنی نانی به‌یانی پێش کاتژمێر هه‌شتی به‌یانی، شه‌وان پێویسته‌ پێش کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەک بخەویت بەتایبەت لە ڕۆژە پشووەکاندا.

دووەم: له‌ پێش نان خواردن به‌ نیو کاتژمێر و کاتی خواردن ئاو و ماستاو و شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه‌ گازیه‌کان و دۆ مه‌خۆره‌وه‌.

سێیەم: ئه‌نجامدانی وه‌رزش به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام : ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی ١٥ خولەک یان زیاتر.

چوارەم: نه‌خواردنی ترش ، لیمۆندۆزی ، ترشیات ، بیبه‌ری توند ، میوه‌ی ترش بۆ ماوه‌ی دوو مانگ.

پێنجەم: رِۆژانه‌ هەشت په‌رداخ ئاو بخۆره‌وه‌ له‌ نێوان ژه‌مه‌کان به‌ڵام نیو کاتژمێر دوای ژه‌مه‌کان پێویسته‌ ئاو بخورێته‌وه‌ ۰

شەشەم: ڕۆژانه‌ سێ جار یان زیاتر میوه‌ی هه‌مه‌جۆر بخۆ، میوه‌ی تازە و وشکراو باشتره‌.

حەوتەم: خواردنی سارده‌مه‌نی و خواردنه‌وه‌ گازییه‌کان ڕێگه‌ پێدراوه‌ له‌ نێوان ژه‌مه‌کاندا.

هەشتەم: پێویسته‌ چا و قاوه‌ که‌م بخورێنه‌وه‌ و یەک کاتژمێر دوای ژەمەکان بخورێنەوە.

نۆیەم: ئه‌و که‌سانه‌ی ئارەزووی خواردنیان نییه‌ پێویسته‌ بێ سه‌رپه‌رشتی پزیشکی پسپۆڕ ده‌رمانی زیادکردنی ئارەزووی خواردن به‌کارنه‌هێنن.

دەیەم: ڕۆژانه‌ یه‌ک کاتژمێر یان زیاتر بچۆره‌ به‌ر هه‌تاو له‌ نێوان کاتژمێر نۆی به‌یانی بۆ سێی عه‌سر .