‎شەش نیشانە ئاماژە بن بۆ کێشەی تەندروستی لە دڵدا

PM:11:47:04/07/2022

17196 جار خوێندراوەتەوە

کاتێك دڵ تووشی کێشەی تەندروستی دەبێت کۆمەڵێك نیشانە لە جەستەدا دەردەکەون کە دەبێت بە هەند وەربگیرێن و پشتگوێ نەخرێن.

ماڵپەڕی العربیة لە بابەتێکدا ئاماژەی بە شەش لە گرنگترینی ئەو نیشانانە کردووە کە دەریدەخەن تەندروستی دڵ باش نییە و تووشی کێشەی تەندروستی بووە و دەبێت بەزووترین کات چارەسەر بکرێت، بەم جۆرە:

١. هەناسەتەنگی و هەستکردن بە لاوازبوونی توانای هەناسەدان.

٢. گەورەبوونی قەبارەی قاچەکان و ئاوسانیان، بەهۆی ئەوەی جەستە ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات لە ماددە شلەکان بەمەش لە قاچەکاندا کۆدەبنەوە.

٣. تووشبوون بە کۆکە لەو کاتەی پاڵدەکەویت و لە شەواندا، دەکرێت ئاماژە بێت بۆ بوونی کێشە لە سییەکاندا بەهۆی ئەوەی کێشە لە دڵدا دروستبووە.

٤. هەستکردن بە ماندوێتی دەکرێت بەهۆی ئەوە بێت کە خوێن بەپێی پێویست ناڕوات بۆ ئەندامەکانی جەستە کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بوونی کێشەیەك لە تەندروستی دڵدا.

٥. نەمانی ئارەزووی خواردن دەکرێت بەهۆی بوونی کێشەیەك بێت لە تەندروستی دڵدا، چونکە وادەکات خوێن بەپێی پێویست نەچێت بۆ کۆئەندامی هەرس و ئارەزووی خواردن کەمببێتەوە و هەست بە دڵتێکهەڵاتن بکرێت.

٦. زیادبوونی لێدانی دڵ و توندبوونی ترپەکانی بەجۆرێك هەستیان پێبکرێت ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی دڵ بەرگەی فشاری زۆر ناگرێت و توانای پاڵنانی خوێنی نییە، بۆیە باشتروایە پشتگوێ نەخرێت و سەردانی پزیشك بکرێت.