توێژینەوەکان دەریانخستووە کە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بۆ تەمەن
درێژی ، شوشتنی ددانەکانتە لە کاتێکی دیاریکراوی رۆژدا.
توێژەران لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Aging بڵاویکردووەتەوە، نوسیویانە
"لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا کاریگەریی تەندروستی دەم و ددان لەسەر تەندروستی
گشتی و مردن لە کەسانی پێگەیشتوودا سەرنجی راکێشاون".
ئەوان لێکۆڵینەوەیان لەسەر پەیوەندی
نێوان رەفتارەکانی پاکوخاوێنی ددان و مردن بە هەموو هۆکارەکان لە ٥،٦١١کەسی پێگەیشتوو لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٩ دا کرد.
بۆیان دەرکەوت کە شوشتنی ددانەکانت لە شەودا پێش خەوتن هۆکارێکی گرنگە بۆ
تەمەن درێژی، لەوەش زیاتر، ڕۆژانە بەکارهێنانی پەت و سەردانی پزیشکی ددان هۆکارێکیترە
بۆ تەمەن درێژی.
جگە لەوەش نەشۆردنی ددانەکانت لە شەودا مەترسییەکان بە ڕێژەی ٢٠-٣٥٪ زیاد
دەکات.
جگە لەوەش هەرگیز بەکارنەهێنانی پەت مەترسی بە ڕێژەی ٣٠% زیاد دەکات بە بەراورد
بە بەکارهێنانی پەت ڕۆژانە.
نەبینینی پزیشکی ددان لە ١٢ مانگیدا مەترسییەکانی بەڕێژەی ٣٠-٥٠٪ زیاد
کردووە بە بەراورد بە بینینی پزیشکی ددان دوو جار یان زیاتر، هەروەها ڕێژەی مردنیش
لەگەڵ نەمانی ژمارەی ددان زیادی کردووە.
توێژەران لە کۆتاییدا ئاشکرایان کردووە کە رەفتارەرکانی پاراستنی دروستی
ددانەکان و پاکردنەوەی پەیوەندی بە تەمەندرێژییەوە هەیە.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری "Community Dental and Oral Epidemiology" بڵاوکراوەتەوە،
ئەم دۆزینەوانە پشتڕاست دەکاتەوە، توێژینەوەکە سەیری لەدەستدانی ددانەکانی کردووە
و دەرکەوتووە ژمارەی ئەو ددانانەی کە تاکێک هەیەتی پەیوەندییەکی بەرچاوی بە تەمەنی
چاوەڕوانکراوەوە هەیە.
لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا ٢٠ ددان یان
زیاتریان هەیە، ئەگەری ژیانیان زۆر زیاترە لە چاو ئەوانەی کەمتر لە ٢٠ ددانیان هەیە.