توانا سەعید: بێ گوێدان بە هیچ شتێک هەوڵدەدەم هەندێک نوێگەری لە کارەکانمدا بکەم

PM:02:17:22/06/2022

5276 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ توانا سەعید ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی نوێترین کاری هونەریی خۆی کردووە کە سبەی ئێوارە بە ناونیسانی "٠٠٦" بڵاویدەکاتەوە.

توانا لە هەژماری ئینستاگرامەکەی ئاماژەی بە نوێترین بەرهەمی کردووە بە ناوی "٠٠٦"، هەروەک رایگەیاندووە، یەکێکە لەو کارە تایبەتانەی کە نوێگەرییەکی زۆری تێدا کراوە و بەشێوازێکی مۆدێرن کاری لەسەر کراوە.

سەبارەت بە کارەکانی نوسیوویەتی "من دڵنیام لەو کارانەی کە ئەنجامیان دەدەم و دڵنیام هەموو شتێکی تازە کاتی دەوێت بۆ هەزمکردن و قبوڵکردنی، بەڵام من بێ گوێدان بە هیچ شتێک هەوڵدەدەم هەندێک نوێگەری و تازە گەری لە کارەکانی خۆمدا بکەم و دڵنیشام لە کۆتاییدا ئێوە بەدڵتان دەبێت".

توانا سەعید یەکێکە لەو هونەرمەندانەی سەرەتا بە رەخنەگرتن لە کارە چەوتەکانی کۆمەڵگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسرابوو، بەڵام دواتر دەستی بە گۆرانیوتن کردووە، ئەگەرچی زۆرینەی کارەکانی رووبەرووی رەخنە دەبنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بینەرێکی زۆریان دەبێت.

ئ.ل