چۆنێتی ئامادەکردنی خواردنی پەردە پڵاو

PM:12:00:05/06/2022

4188 جار خوێندراوەتەوە

پەردە پڵاو یەکێکە لەخواردنە کوردیە بەتامەکان کە کەرەستەیەکی زۆری تێدەکرێت و چێژێکی تایبەتی هەیە، ئەوەی جیای دەکاتەوە لە خواردنەکانیتر بەکارهینانی بەهاراتی جۆراوجۆرە کە تامێکی تایبەت دەبەخشێت بە خواردنەکە ، لێرەدا ئاشناتان دەکەین بە شێوازی دروستکردنی پەردەپڵاو.

پیداویستیەکان

بۆ 5 کەس

2 کوپ برنج

1.5 کیلۆ گۆشت

1.5 کوپ هێلکەی کولاو

4 دانە بادەم و کشمیش

1 کوپ بەزالیای کولاو

1.5 کوپ ئارد

خوێ،بەهارات بەپێی ئارەزوو

حێل کەمێك

ئاو بەپێی پێویست

ڕۆن بەپێی پێویست

1 هێلکەی کاڵ

شێوازی ئامادەکردنی

لە سەرەتادا برنجەکە دەشۆردرێتەوە لێ دەنرێت یان بە ئاو یان بە گۆشتاو یانیش بە ئاوی تەماتە ئیدی فەرق ناکات بە هەر کامێکیان ئامادە بکرێت پێی ئارەزوو و دەشتوانین شەعریشی تێبکەین.

گۆشتەکەش بە ووردی قیمە دەکرێت ئەتوانین کفتەی بچوك بچوکی لێ دروست بکەین لە شێوەی تۆپی بچوکدا ئەشتوانین هەر بە قیمەی خۆی ئامادەی بکەین ئەمەشیان بە پێی ئارەزوی کابانە، پاشان گۆشتەکە لەگەڵ کەمێك خوێ و بەهارات دەکەینە مەنجەڵێکەوە و ڕۆنی تێدەکەین و لەسەر ئاگرێکی پلەی گەرمی مام ناوەند دایدەنێین تا تۆزێك سور دەبێتەوە ئیجا کشمیشەکە لەگەڵ بادەم و تۆزێك خوێ و بەهاراتی تێکەڵ دەکەین جوان هەمویان تێك دەدەین تا بەیەکەوە سور دەبنەوە.

هێلکەکانیش پاك دەکەین و بەساخی لە ناو قاپێك دایدەنێین، دوای ئاردەکە دەبێژینەوە و خوێی تێدەکەین و بە ئاو هێلکە کاڵەکە دەیشێلین تا دەبێتە هەویر.

ئینجا مەنجەڵێك دەهێنین و چەوری دەکەین بە هەندێ ڕۆن دەشتوانین هەندێ ئاردیشی پێوە بکەین، هەویرەکە پان دەکەینەوە لە شیوەی ناندا وە دەبێت زۆر ئەستور نەبێت، ئینجا هەویرەکە دەیکەینە ناو مەنجەڵەکە و دەبێت هەویرەکە لە قەراغی مەنجەڵەکە بێتە دەرەوە،دەشتوانین لە جیاتی ئەمە نانی تیری بەکار بێنین.

دوای ئەم هەنگاوە برنجەکەی ئامادەکرابوو لەگەڵ ئەو قیمەیەی کە ئامادەمان کردبو لەگەڵ هێلکەکان و بەزالیاکە هەمویان دەکەینە ناو مەنجەڵەکەوە و کەمێك حێلیشی پێوە دەکەین و کەوچكێك ڕۆنی بەسەردا دەکەین.

پاشان هەویرەکە یان نانی تیریەکە کە هاتۆتە دەرەوە لە قەراغی مەنجەڵەکە دەنوشترێتەوە بەشێوەیەك هیچ لە ناوەخنەکانی مەنجەڵەکە بە دەرەوە نەمێنێت تا وای لێدێت لە شێوەی قالبێکدا بێت، لە کۆتایدا دەیخەینە فڕنەوە کە دەرەجەیەکی مام ناوەندی هەبێت تا ڕەنگی سور هەڵدەگەڕێت، داوی ئامادەبون لەسەر سینیەك هەڵیدەگەڕێنینەوە بە گەرمی پێشکەش دەکرێت.

ر.ئ