زیانەکانی زۆر خواردنی ساردەمەنی بۆ منداڵ

AM:09:15:29/04/2022

3328 جار خوێندراوەتەوە

ساردەمەنییەکان وەک ئایسکرێم و دۆندرمە و جۆرەکانی تر لەو خواردنانەن لە کۆتایی وەرزی بەهار و  بە تایبەت لە هاویندا خواستێکی زۆریان لە سەرە، منداڵ و گەورە ڕەنگە ڕۆژانە بیخۆن، بەڵام زیادەڕەویکردن لە خواردنیدا زیانی تەندروستیی دەبێت.
کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک ئاشکرایکردووە، زۆر خواردنی ساردەمەنی یان ڕۆژانە و بە بڕێکی زۆر بخورێت زیانی هەیە بۆ تەندروستی منداڵ  کە بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت، گرنگترین زیانەکانی ئەمانەن: 
یەکەم:هۆکارە بۆ زۆری کێش و قەڵەوی چونکە بڕێکی زۆر کالۆری تێدایە .
دووەم: بێهزی کۆئەندامی بەرگریی جەستە .
سێیەم: ژەهراویبوون بە بەکتریا و ڤایرۆس کە لە ڕێگەی ساردەمەنی سەردانەپۆشراوەوە دەگوازرێتەوە، لە نیشانەکانی سکچوون، ڕشانەوە، ئازاری سک.
چوارەم: زیادبوونی ئەگەری هەوکردنی قوڕگ و لەوزەتێنەکان .
پێنجەم: زیادبوونی ئەگەری کلۆربوونی ددان و هەوکردنی پووک .
شەشەم: دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاریی بە شیر یان هەرسنەکردنی لاکتۆز لەو کەسانەی خۆیان ئەو کێشە تەندروستییەیان هەیە.
حەوتەم: سەرئێشەی دوای ئاسکریم و ساردەمەنی، ڕەنگە لە هەندێک کەسدا ڕووبدات  . 
هەشتەم: پێویستە ساردەمەنی بە هیچ شێوەیەک نەدرێت بە منداڵی خوار یەک ساڵ .
ئەو پسپۆرە سەبارەت بە جێگرەوەی ساردەمەنی رایگەیاندووە، لەبری ساردەمەنی ئەم خۆراکانە بدرێن بە منداڵ:
یەکەم: شەربەتی میوەی فرێش لە ماڵەوە ئامادە بکرێت و بخرێتە فرێزەرەوە، لە ناو قاڵبی جیاوازدا لەگەڵ کەمێک تامی ڤانێلا یان شکۆلاتەی تێبکرێت و بدرێت بە منداڵ، یان وەک شێوەی ئەزبەرید بخورێت و باشترە شەربەتەکە بەتڵپە و ڕیشاڵی میوەکەوە بخرێتە فرێزەرەوە .
دووەم: میوە قاش بکرێت و بە شێوەی جوان و سەرنجڕاکێش بخرێتە فرێزەرەوە و بە بەستوویی بدرێت بە منداڵ.  
سێیەم: تا درەنگتر ساردەمەنی بدرێت بە منداڵ باشترە، نابێت بە بڕێکی زۆر ببرێتە ماڵەوە  و رۆژانە زیاتر لە دانەیەک بدرێت بە منداڵ.
ئ.ل