قاوە یەکێکە لە خواردنەوە باوەکان و هەندێک کەس بۆ نەمانی هەستی خەواڵوی
بەیانیان دەیخۆنەوە، یان لە کاتی کارەکانیان دەیخۆنەوە، زۆربەی رۆژووانیش لە مانگی
رەمەزاندا لە نێوان نانی ئێوارە و پارشێو دەیخۆنەوە، بەڵام ئەم خواردنەوەیە بۆ
هەموو کەسێک گونجاو نییە و زیانی هەیە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی Eat
this not eat thisی بەریتانی قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی مەترسی توشبوون
بە شێرپەنجەی پرۆستات کەمدەکاتەوە و ئەگەری لاوازبوونی ئاستی بیستنیش کەمدەکاتەوە،
خواردنەوەی قاوەی تاڵ و رەش یارمەتیدەرە لە دابەزینی کێشی جەستە، بەڵام ئەم خواردنەوەیە
وەک خواردنەوەکانی تر لایەنی نەرێنی هەیە و هەندێک کەس بیخۆنەوە زیانی تەندروستیان
پێدەگەیەنێت، هەر بۆیە ئەم کەسانە دەبێت واز لە خواردنەوەی قاوە بهێنن:
یەکەم: ئەوانەی نەخۆشی قۆڵۆن و گرژی ریخۆڵەیان هەیە، چونکە ئەو خواردنەوانەی
کافاینیان تێدایە رێژەی قەبزی زیاد دەکەن.
دووەم: ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، چونکە ئەگەری هەیە قاوە ببێتە هۆی
تێکچوونی لێدانی دڵیان و زیانیان پێبگەیەنێت.
سێیەم: ئەو ژنانەی دووگیانن ، بەگوێرەی کۆلێژی پزیشکی ئەمریکی ژنانی
دووگیان بۆ کەمبوونەوەی ئەگەرەکانی لەبارچوون پێویستە بڕی خواردنەوەی قاوە
کەمبکەنەوە یان هەر نەیخۆنەوە.
چوارەم: ئەو ژنانەی شیردەدەن بە منداڵەکەیان، چونکە مەترسی وشکبوونەوەی
جەستەیان لێدەکرێت و زیاتر هەست بە شەکەتی و ماندوێتی دەکەن.
پێنجەم: ئەو کەسانەی بەدەست خەوزڕانەوە دەناڵێنن.
شەشەم: ئەو کەسانەی گرفتی دەروونیان هەیە وەک خەمۆکی و نیگەرانی.
حەوتەم: منداڵانی خوار تەمەن ١٢
ساڵ نابێت قاوە بخۆنەوە، کاریگەریی لەسەر لێدانی دڵیان دەبێت.
هەشتەم: ئەو کەسانەی گەشکە یان فێیان هەیە، چونکە لێدانی دڵیان زیاد دەکات
و حاڵەتەکەیان خراپتر دەکات.
نۆیەم: ئەو کەسانەی برینی گەدە و دڵەکزێ یان گرفتەکانی گەدەیان هەیە.
ئ.ل