دوارۆژەکانی بابلۆ لە رۆژی جیهانی شانۆدا دەست بە نمایشدەکاتەوە

PM:10:57:26/03/2022

2936 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای راگرتنی شانۆگەری دوارۆژەکانی بابلۆ لەلایەن وەرزارەتی رۆشنبیرییەوە و چۆڵکردنی هۆڵەکە، ستافی شانۆگەرییەکە دووبارە دەستیان بە نمایشکردەوە و ئەمجارە لە هۆڵی تەوار بەردەوام دەبن.

لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دووبارە دەستپێکردنەوە بە شانۆگەرییەکە ستافی شانۆگەرییەکە دەڵێن، " ئێوە ئێمەتان لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا دەوەستاند، بەڵام وا لە ٢٧/٣دا و لە هەمان ڕۆژی جیهانیی شانۆدا، دەست پێ دەکەینەوە. گوتتان ''ئەمانە بازرگانن''، بەس داهاتی سبەینێمان پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەین".

دەقی راگەیەندراوەکەش بەم جۆرەیە:

ڕۆژانێکی سەختمان بەڕێ کرد، لە نێوان چەندڕیانی ''وەستان''، ''بەردەوامیدان'' یان ''ڕۆیشتن''دا بووین و قورس بوو دوای ٢٢/٣ و بە ڕوونی بزانین کامەیان بکەین. دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەمان و گێڕانەوەی چیرۆکی ڕاگرتنی نمایشەکەمان، بۆچوون و لێکدانەوەکان زۆر بوون، بەشێکی بۆ ئێمە شانازی و بەشێکی غەدرێکی تر بوون لە ستافەکەمان، بەڵام ئەوەی وای کرد نەفەسمان درێژتر بێت و زیاتر و زیاتر هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە بدەین و نەهێڵین نمایشی سلێمانیمان ئاوا بە ساردی و دڵشکاوی کۆتایی پێ بێت، ئەو پاڵپشتی و هاوپشتییەی خەڵك و بینەر بوو بۆ ''دوا ڕۆژەکانی بابلۆ''؛ پێش هەر شتێک سوپاسی زۆر بۆ ئێوە، دەستپێکردنەوەمان بە جوانیناسیتان پێشکەشە.

لە ٢٣/٢ هەتا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٢٦/٣، ئێمە لە هەوڵ و گفتوگۆکانمان لە پێناو بەردەوامیدان بە نمایشەکەمان بەردەوام بووین، ویستمان بوو ئەو هۆڵەی چەندێکە تێیدا دەژین و گوێمان لە چەپڵەی بینەر دەبێت، هەر وا ئاسان جێی نەهێڵین و بە لێکتێگەیشتن بگەینە چارەسەرێک. بەڵام بە داخەوە، وەک سەرەتا گوتمان، ''سەرلێشواوی'' و ''نەبوونی بڕیاردەری یەکلاکەرەوە'' لەم شارەدا، دوای چەندین هێنانوبردن و بەڵێندانی بێ بنەما، گرفتەکە چارە نەکرا و بگرە قووڵتری کرد.

ئێمە بە هەموو هەڵبژاردەکان ڕازی بووین:

- پێکەوە نمایشکردن لە ٢٧/٣دا.

- نمایشکردنی شانۆییەکەی دیکە لە هۆڵێکی تر بە چارەسەرکردنی هەموو گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانیەوە لە لایەن ئێمەوە.

- وەستانی ئێمە لە ٢٧/٣دا و دەستپێکردنەوەمان لە ڕۆژی دواتردا.

- تەنانەت لابردنی دیکۆرەکەمان و وەستانمان لە ٢٣/٣ و دوای دانانەوەی دیکۆر، دەستپێکردنەوەمان لە ١/٤دا.

هەموو ئەمانە لە پێناو ''هونەری شانۆ''دا بوون و هیچی تر، بۆ ئەوە بوون کەسمان نەوەستین و پێکەوە بەردەوام بین، بەڵام نازانین بۆ ''هەموویان ڕەت کرانەوە'' و تەنانەت کراینە ''بازرگان'' و درایەنە ''دادگا'' و ''تەڵاقمان لەسەر خورا'' کە ''نابێت هیچی تر ئەو هۆڵە و هیچ هۆڵێکی تری وەزارەتی ڕۆشنبیرییان پێ بدرێتەوە''.

وەستان؟ هەرگیز. دیکۆرەکەمانمان تێک دا و زیانێکی زۆرمان کرد، بەڵام بە خاتری هاوپشتی و چاوەڕوانیی بینەر و زیاتر ''سەرلێنەشێوان'' و ''بێنازنەبوون''ی ئەم شارە، ئەو زیانەمان قبووڵ کرد و لە سەرەتای سەرەتاوە، بە پاڵپشتیی میترۆنۆم پرۆدەکشن دیکۆرەکەمان لە هۆڵی تەوار، کە ''هیچ پەیوەندییەکی بە وەزارەتی ڕۆشنبیری''یەوە نییە، بونیاد نایەوە.

نمایشەکەمان پڕۆژەی هاوبەشی نێوان ئێمە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیر و هونەری سلێمانی-بەشی هونەری شانۆ بوو، بەدەر لەوەی بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵنەستان و ئێمە ئەو هاوبەشییە هەڵدەوەشێنینەوە، سوپاسی زۆری هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە لەبری ئەوان بەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە هەستان و پێشنیاری نمایشیان لە شوێنی تر بۆ کردین، لەپای ئەوە پێتان دەڵێین: سوپاس، ئێمە خۆمان وەک بەرهەمهێنەری پڕۆژەی شانۆیی ''دوا ڕۆژەکانی بابلۆ''، لە ڕۆژی یەکەمەوە سەختیی ئەم ڕێگەیەمان پێ زانیوە و هەموو حیساباتێکمان بۆ کردووە، خۆمان ئەو هۆڵە دیاری دەکەین کە بۆ نمایشەکەمان گونجاوە و هەر خۆیشمان لە کاتی پلاندان بۆ پڕۆژەکە و تەنانەت پێش دەستپێکردنی پڕۆڤە، نیازی بردنی نمایشمان بۆ کەرکووک، دهۆک، هەولێر و ئەڵمانیا هەبووە. سوپاس بۆ هەڵوێست و پێزانینتان، جێی نرخاندنە؛ شتێکتان کرد کە هاوبەشەکانمان شەرم بکەن.

ئێوە ئێمەتان لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا دەوەستاند، بەڵام وا لە ٢٧/٣دا و لە هەمان ڕۆژی جیهانیی شانۆدا، دەست پێ دەکەینەوە. گوتتان ''ئەمانە بازرگانن''، بەس داهاتی سبەینێمان پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەین. حەزتان دەکرد ئێمەومانان بەگژ یەکدا بکەن و هێلکەکە لە سەری خۆماندا بشکێنن، کەچی ئەوەتا سبەی هۆڵەکەمان پڕ دەبێت. سبەینێ لە هۆڵی تەوار، سەربەخۆ و بێ هەڵگرتنی منەتی هیچ لایەکتان، بەردەوامی بەم پڕۆژەیەمان دەدەین و بە ئێوەی وزە و هێز، بە بینەرانی ئازیزمان شاد دەبینەوە. سوپاس بۆ هاوپشتی و پاڵپشتیی هەموان، سوپاس بۆ هاوڕێیەتیی میترۆنۆم پرۆدەکشن، سوپاس بۆ بەرپرسانی هۆڵی تەوار، بۆ لێتێگەیشتن و ''گواستنەوەی چەند بۆنەیەکی هۆڵەکەیان لە پێناو نمایشەکەماندا''، دەست دەخەینە سەر سنگمان و دەڵێین: بە دڵێکی شکاوەوە، بۆ خاتری ئەم شارە و لە پێناو هونەردا، لەبەر ئەو شانۆیەی ساڵانێکی زۆرە شانۆکارە هونەرمەند و بەهەڵوێستەکانی ئەم وڵاتە بونیادیان ناوە و بە باڵایەکی بەرزەوە خستوویانەتە مێژووەوە، بەردەوام دەبین؛ چونکە ئێوە عەکسی قەمەرن، لەم حەوزە لیخنەدا.

سۆ مارکێتینگ

بەرهەمهێنەری پڕۆژەی شانۆیی ''دوا ڕۆژەکانی بابلۆ''