بۆ پیاوان.. جزدانی پارەکانتان لە گیرفانی دواوەی پانتۆڵەکانتان دامەنێن

PM:03:52:09/03/2022

34428 جار خوێندراوەتەوە

پیاوان وەک خانمان جانتای شانیان نییە یاخود زۆرینەیان بەکاریناهێنن، هەر بۆیە بۆ هەڵگرتنی جزدانی پارەکانیان پەنا بۆ گیرفانی دواوەی پانتۆڵەکانی پێیان دەبەن، کە ئەم کارەش زیانی هەیە و بە رێگەیەکی دروست دانانرێت.

ماڵپەڕی مینز جۆرناڵی ئەمریکی لەوبارەیەوە نوسیوویەتی، بەشێک لە پیاوان جزدانی پارەکانیان لە دواوەی پانتۆڵەکانیان دادەنێن کە زۆرکات تەنیا پارەی تێدا نییە بەڵکو کارتی بانکی و کارتی پلاستیکی تری تێدایە وەک ناونیشانی فیتەرێک یان پزیشکێک یان هەر کارتێکی پلاستیکی تر بێت، ئەم کارە جگە لەوەی مەترسی دزینی جزدانەکە زیاتر دەکات لە هەمان کاتدا پیاوان روبەڕووی گرفتی تەندروستیان دەکاتەوە.

هەڵگرتنی جزدانی پارە لە دوای پانتۆڵ و دانیشتن لەسەری ئازار لە پشتدا دروست دەکات، هەندێک کات دەکرێت ئازارەکە درێژە بکێشێت و زیان بە بڕبرەی پشت بگەیەنێت، چونکە فشارێکی زۆر دەچێتە سەر ئێسکی ئەو بەشەی جزدانەکەی لێ دانراوە، وزەی دانیشتنەکە بەسەر تەواوی ئێسکەکانی جەستەدا دابەش نابن.

لەلایەکی ترەوە لەکاتی شۆفێریکردندا لەسەر جزدانەکەت دابنیشێت بەبێ ئەوەی لە گیرفانی پانتۆڵەکەت دەریبهێنیت زیان بە شێوازی شۆفێریکردنەکەت و تەندروستیت دەگەیەنیت، بەهۆی جزدانەکەوە فشاری زیاتر دەچێتە سەر ئێسکی رانەکان و سوڕی خوێن خاو دەکاتەوە و لە ئەنجامدا سڕبوونی ران و قاچەکانی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەر جزدانەکە لە گیرفانی دواوەی لای راست دابنرێت زیانەکانی زیاتر دەبن بەتایبەت لەکاتی شۆفێریدا، بەهۆی ئەوەی قاچی راست زیاتر بەکاردێت لەکاتی شۆفێریدا، هەربۆیە پزیشکان هۆشداریی بە پیاوان دەدەن لەو خووە دوربکەونەوە و جزدانی پارەکانیان لە گیرفانی داوەی پانتۆڵەکانیان دانەنێن، چونکە ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا توشی نەخۆشی درێژخایەنبن وەک ئینزیلاق.

Pin em Clinical

ئ.ل